دونیا وەك خۆی.. ئۆباما و بڕیار، ئۆباما و كورد

02/08/2018

سەردار عەزیز

لەم نوسینەدا باس لە دوو بوار دەكەم بە كورتی كە لە كتێبەكەی بن رۆدۆسدا باسیان كراوە: ئەوانیش میكانیزمی بڕیاردان لای ئۆباما و هەروەها ئۆباما و كورد. بن رۆدۆس بە ووردی باس لە میكانیزمی بڕیار دەكات، بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بەڵام بە شێوەیەكی زۆر كورت و خێرا باس لە كورد دەكات.

بڕیاردان لای ئۆباما، ڕەنگە وەك زۆرێك لە سەركردەكانی تری ئەمریكابێت، بەڵام ئۆباما، وەك هەر سەركردەیەكی تر تایبەتمەندی و ستایڵی خۆی هەبوو. وەها دەردەكەوێت كە دوو بنەمای كاریگەر هەن لە میكانیزمی بڕیاردا. دیارە سەرەتا دەبێت ئەوە ڕوون بكەینەوە كە بڕیار، مەبەست لێی ئەوەنیە كە دەبێت چی بكرێت، بەڵكو زیاتر مەبەست لێی چۆنێتی ئەنجامدانە. لە هەموو پرۆسەیەكی بڕیارداندا زانیاری هەیە، پاشان ڕا، ئینجا بڕیار. لە ئیدارەی ئەمریكیدا دوو سەرچاوەی زانیاری هەیە: یەكەمیان سی ئای ئەیە، ئەویتریشیان ناشنال سیكویریتی كاونسڵە (ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ ئاسایش). 

دیارە بەردەوام سی ئای ئەی زانیاری ئامادەكراو دەدات، بەڵام كاتێك بڕیار دەدرێت كە كار لە سەر بوارێك بكرێت ئەوا سی ئای ئەی نەك هەر زانیاری دەدات بەڵكو لە ڕێگای كەسەكانیەوە ڕاوێژ و ڕایان دەبێت. سی ئای ئەی بە ئاستی جیاواز توێژەر و چاودێر و سیخوڕ و داتا كۆكەرەو و داتا شیكار و چاودێر و لێكۆڵەرەوەی هەیە. 

كاتێك زانیاری لە سی ئای ئەوە دێت وەك زانیاری نایەت، بەڵكو وەك ئینتلیجێنس دێت. ئینتلیجینس بریتیە لە زانیاری كە بە ئاسانی زانراونیە. كاتێك ئینتلیجینس بەردەستە ئەوا بە سەر چەند كەسێكدا دابەش دەكرێت لە نێویاندا بن-بوە. ئەم زانیاریانە دەبنە بنەمای ئەوەی كە چۆن بڕیار بدرێت. 

ئۆباما بەردەوام لە گەڵ بن رۆدۆسدا لە ڕاوێژدابوە، بەڵام بۆ هەر بڕیارێك هەمیشە دوو جۆر لە خەڵكانی تر ئامادەییان هەبوە، یەكەمیان خەڵكانی نزیك لە ئۆباماوە، دووەمیان خەڵكانی تایبەتمەند بەو بوارە. خەڵكانی نزیك لە ئۆباماوە هەندێكیان ناسراون وەك سوزان ڕایس، هەروەها سەمانتا پاوەر. سەمانتا بە ڕەچەڵەك ئایرلەندیە، ڕۆژانی پاش بانگەشەی یەكەمی ئۆباما ئێمە لە زانكۆی كۆرك لە ئایرلەندا یەكترمان بینی. 

ئۆباما لە سەرەتادا هەمیشە بە تایبەت و زۆرجار بە ناڕاستەوخۆ قسەی لە گەڵ ئەم كەسانەدا كردوە، پاشان هەمیشە زۆربەی ئەم كەسانەی لە یەكێك لە شوێنەكانی خۆی لە كۆشكی سپیدا كۆكردوەتەوە. ئۆباما میتۆدێكی هەبوە، خەڵكە ئامادەبوەكان هەموو یەك لە دوای یەك ڕای خۆیان لە سەر كێشەكان دەڵێن و ئۆباما گوێدەگرێت و زۆرجار پرسیار دەكات. بن ڕۆدۆس باس لەوە ئەكات كە چۆن هەمیشە خێرا زانیویەتی كە ئۆباما خۆی چۆن بڕیاری داوە و لە سەر بنەمای تێگەیشتنەكەی پرسیاری كردوە. لە گەڵ ئەمانەدا هەروەها لە میانەی پرۆسەی بڕیاردا گروپی فشار و لایەنەكانی تر هەن وەك میدیا و لۆببی. گروپی فشار بەردەوام ئەو كەسانە بوووون كە ئەكسێسیان هەبووە بۆ بازنەی ناوەوەی سەرۆك و هەریەكەیان خاوەن دید و بەرژەوەندی خۆیەتی. 

وەك بن رۆدۆس باسی ئەكات، لە سەرەتای هەر بڕیارێكدا گروپی فشار خێرا بە ئیمەیڵ و تەلەفون و سەردان هەوڵیان داوە كە كاریگەرییان هەبێت لە سەر بڕیاردان و بڕیار نەدان لە هەر كێشەیەكدا. دیارە ئەم كەسانە خەڵكی تایبەتن كە ناسراو و نزیكن لە ئیدارەوە. ئەوانەی كە ئەم توانا و دەرفەتەیان نەبوە، ئەوا هەوڵیانداوە لە ڕێگای میدیا و لۆببیەوە فشار بكەن. ئەوەی بۆ من جێگەی پرسیار بوو كە وەزارەتی دەرەوە و باڵوێز و كونسوڵخانەكان بوو كە ڕۆڵێكی ئێجگار كەمیان بینیوە لە پرۆسەی بڕیاردا. هەموو ئەمانە لە ڕێگای دوو كەسەوە بەڕێوەبراوە، جۆن سۆلیڤان وەزیری دەرەوە. سۆلیڤان كەسێكی ئێجگار كاریگەربوە لە وەزارەتی دەرەوە، كەسی سەرەكی بوە لە دانوستانە نهێنیەكەی ئەمریكا و ئێراندا لە مەسقەت. بەم پێیە سێ كەس كاریگەر بوون لە بڕیاردا، ئۆباما، بن رۆدۆس، لە گەڵ سۆزان ڕایس، پاش ئەمان جێگری سەرۆك، ئینجا كەسانی نزیك لە ئۆباماوە، پاشان شارەزایانی باوەڕپێكراو، هەموو لە سەر بنەمای زانیارییەكانی سی ئای ئەی.

ئۆباما و كورد. كتێبەكە كەم باسی كورد دەكات بەڵام بە ناڕاستەوخۆیی بە ووردی باس لە پەیوەندی ئۆباما و كورد دەكات. كە لە چەند خاڵێكدا كورتی دەكەینەوە:

یەكەم، ئۆباما خواستی ئەوەبوە كە شەڕی درێژخایەن یان شەڕی گەمژانە كۆتایی پێبهێنێت. تەنها ئەو شەڕانە بكات كە ڕاستەوخۆ مەترسی بوون لە سەر ئاسایش و بەرژەوەندی ئەمریكا. ئۆباما تیرۆری بە مەترسی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئەمریكا نەئەزانی. ئەو قسەی ناسراوە كە دەڵێت، خەڵكێكی زۆتر لە خلیسكان لە حەمامدا دەمرن لەوەی بە تیرۆر. ئەم دیدە هۆكار بوو بۆ ئەوەی ئەمریكا پەنا بۆ شەڕی ناڕاستەوخۆ ببات كە كورد تیایدا بوو بە هێزی لۆكاڵ.

دووەم، ئۆباما باوەڕی وەهابوو عێراق و سوریا هێندە كاریگەرییان نابێت لە چارەنوسی سەدەی بیست و یەكدا، بۆیە وزەی ئەمریكا دەبێت لە جێگایەكدا خەرج بكرێت كە بڕیار لە چارەنوسی سەدەی بیست و یەك دەدات، كە ئەویش ڕۆژهەڵاتی ئاسیایە بە تایبەت چین، بۆیە فۆكەسی سەرەكی لە سەر ڕۆژهەڵات بوو. بەم پێیە هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدابوو كە چۆن شەڕ دەست پێنەكات و پارە خەرج نەكات و كەس بە كوشت نەدات. ئەمەش كاریگەری هەبوو لە سەر كورد.

سێیەم، ئۆباما بڕوای وەهابوو ئەمریكا دەتوانێت زیاتر بە دەست بهێنێت لە بەكارنەهێنانی هێزەوە، بەڵكو سودبینین لە هەیبەتی هێز، ئەمەش لە كێشەی كیمیاوی سوریادا دەردەكەوێت. 

چوارهەم، پرسی ئێزیدیەكان ڕۆدۆس دڵتەنگ دەكات، چونكە ئەو یەكێك لە سەرچاوەكانی بە سیاسی بوونی كتێبەكەی سەمەنتا پاوەرە كە باس لە جیونۆسایدەكانی سەردەمی ئەمریكا دەكات. بەڵام نابێتە هۆكاری وەرچەرخانی سیاسەتی ئەمریكی. ئۆباما داعش بە مەترسی ڕاستەوخۆ نازانێت بۆ سەر ئەمریكا بۆیە پەنا بۆ تەكنەلۆجیا و ڕاوێژكار و هێزی لۆكاڵ دەبات. 

پێنجەم، گەرچی پەیوەندیەكی نزیك لە نێوان بایدن و بارزانیدا هەیە، هەروەها بایدن لە ئەوانەیە كە بروای وەهایە سیاسەتی دەرەوە هەمووی لە سەر پەیوەندی شەخسیە بەڵام ئۆباما و ڕۆدۆس شەڕی عێراق بە شەڕێكی پێویست و گرنگ نازانن، بۆیە هەمیشە وەك پرسێك مامەڵەی لە گەڵدا دەكرێت كە چۆن كۆتایی پێبهێنرێت. 

شەشەم، عێراق هەمیشە یەكێك لە گرنگیەكانی ئەوەبووە كە بۆ هاوسەنگی هێز بوە لە گەڵ دراوسێكانیدا، بەڵام ئۆباما پلانی وەها بوو هەر لە سەرەتاوە كە ئاشتی بكات لە گەڵ ئێراندا. بۆیە لە ئیدارەی ئۆبامادا عێراق هێندە گرنگی جیوپۆلەتیكی نەبوو.

سەردار عەزیز

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی