نەكوڕەكەی مام جەلال هەڕەشەی لێكردم نە ڕاوێژكارەكەی سەرۆكیش هات بۆ كوشتنم

05/08/2018

كاوە شێخ عەبدوڵڵا

ئەم دوو چیرۆكەم بۆ ئەوە نییە كە خۆمی پێوە هەڵكێشم، بەڵكو بۆ ئەوەمە بڵێم كوڕ و نزیكانی مەسولەكان كە زیاد لە حەد گەورە دەكرێن و پەرژینێكی قایم بە دەوریان دروست دەبێ. زۆربەی زۆری بەرهەمی ئێمەی ڕەشەخەڵكە.

ــــــ 1 ـــــــ
ساڵی 2015 دەوامم لە هەولێر بوو، ڕۆژێك لەناكاو شوێنی كارەكەم شپرزە و شێواوییەكی تێكەوت، هەمووان كەوتنە هاتوچوونێكی نائاسایی و دواتر پیاوێكی نەناس كە هاوڕێ و هاوكارەكانی من دەوریان تەنی بوو هاتە ژوورەوە. سڵاوی نەكرد، بەردەرگای ئۆفیسەكەمان پڕبوو لە سەیارەی گرانبەها و سەربازی عەینەك ڕەش!

گەیشتە ئاستی من و منیان پێناساند: ئەڤە ژی خەلقی سلێمانییە... ئەوان بێجگە لە پیاوە نەناسەكە دەستیان كرد بە پێكەنین.. منیش هەستامە سەرپێ و بەخێرهاتنێكم كرد و دانیشتمەوە.

هەر ئەونەی پیاوە نەناسەكە ڕۆشت، هەڤاڵانی هاوكارم هاتنە لام و كەوتنە سەركۆنەم: برا نەدەكرا تۆ ئەونە سارد و كەم خولق بوویتایە... چۆن دەبێ بەو شێوەیە تەوقەت بكردایە و دانیشتیتایەتەوەو نەدەبوو و دەبوو وا دەسیپێكرد !

منیش پرسیم بۆچی چی بووە؟ ئەوە كێ بوو ئەو پیاوە؟

ئەی نازانی ئەوە كێ بوو؟

ــ نەوەڵڵا... كێ بوو؟

ــ ڕاۆێژكاری جەنابی سەرۆك بوو بۆ كاروباری توركیا و هەر ئەویش وەرگێڕی جەنابی سەرۆكە لەكاتی سەردانەكانی بۆ توركیا.

ــ ئێ... جا لەوە زیاتر چی بكەم؟

ــ وا نییە... تۆ ساردبووی.. خێرا دانیشتیتەوە وەكو ئەوەی میوانێكی ئاسایی بێت، دەبوو هەر بە پێوە بوویتایە و زیاتر گەرموگوڕ بوایەی!
ئیتر تا دوو ڕۆژ ئەو ساردوسڕییەم، بوو بوو بە ڕۆژەڤ و كۆتایی نەدەهات.

وتم كاكە نەك ڕاوێژكار... جەنابی سەرۆك خۆیشی بوایە لەوە زیاترم نەدەكرد و هیچ پێویستی بەو شڵەژان و خۆ قەلەقلكردنە نەدەكرد و بیبڕنەوە.

ــــــ 2 ـــــ
ئێوارەیەك لە ئەمنەسوورەكە لەگەڵ كاك ستران عەبدوڵڵا دانیشتبووین قسەمان دەكرد، پاڤێڵی كوڕە گەورەی مام جەلال هات بۆ لای كاك ستران و منیش لەبەری هەستامەوەو تەوقەیەكمان كرد و چاك و خۆشییەكی سادە. ئیتر من لە شوێنی خۆم دانیشتمەوە و ئەوان بە پێوە قسەی خۆیان دەكرد.

ئەو دانیشتنەوەیەی من وایكردبوو لە چەند هاوڕێیەكم كە بە مۆبایل و كامێرای ئاسایی وێنەم بگرن و بۆم بنێرنەوەو دەستخۆشیی ئەوەم لێ بكەن كە لە جێی خۆم دانیشتوومەتەوە لە كاتێكا خەڵك لەولاوە سەرەیان گرتووە تا تەوقەیەك لەگەڵ كوڕە گەورەی مام جەلال بكەن و وێنەیەكی لەگەڵدا بگرن. كەچی من زۆر بە ئاسایی دانیشتووم!

هەردوو دیوەكەی ئەوەی من كردبووم زۆر زۆر ئاسایی بوون، هیچ قارەمانێتیی و نیشانەی ئازایی و كۆڵنەدەریی تێدا نییە، كەچی نەریتی گەورەكردن و دروستكردنی پەرژینێكی قایم بە دەوری مەسول و كوڕە مەسول و نزیكەكانیان بەڕادەیەك ڕۆچووەتە ناو خەڵكی ئێمە، مامەڵەیەكی ئاسایی لەگەڵ ئەواندا دەبێتە شتە نائاساییەكە!

مەسول و كوڕە مەسول و نزیكەكانی ئەوان، هەموو ئینسانی ئاسایین لە هەڵسوكەوتدا، بەڵام كاردانەوەی ڕەشەخەڵك كارێكی وا دەكات، ئەوان هەست بكەن خەڵكی هەسارەیەكی ترن. بۆیە لەگەڵ ڕۆژگاردا دەگەنە ئەو باوەڕەی كە دەبێ فیعلەن جیا بكرێنەوە و بە قافڵەی دوورودرێژی سەیارەو پاسەوانی ترسناك دەورە بدرێن.

كە ئەم نەریتە سەریگرت بۆ سیاسییەكان، ئیتر لەشكرێك لە ماستاوچیی سەر هەڵدەدەن. مەلای ماستاوچیی، ڕۆژنامەنووسی ماستاوچیی، ناوەندی ڕۆشنبیریی ماستاوچیی لە دواییدا بزووتنەوەیەك یان حزبێكی پڕ لە ماستاوچیی تەسبیت دەبێ و هەموو شتێ لە جێی خۆی دەچەقێ.

ئێستا میللەتی ئێمە لەناو زۆنگاوی ماستاوكردندا هەم بۆگەنیكردووە، هەم نغرۆ بووە. بۆ دروستكردنی ماستاوچیش كەمترین زەبروزەنگ بەكارهێنراوە... بە پێچەوانەی سەدام حسێن و حزبی بەعسەوە... بەڵام چونكە چووەتە ناو خوێنمانەوە، لە ختوخۆڕایی بە خۆ بچووككردنەوە لەبەردەم ئەو تایپە لە مەسولین، تازەترین كوڕ و نەوەی سیاسییە سادە و بێ ڕیاكانیش خەریكە دەكرێن بەژێر پەرژینی خەڵكەوە.

من دڵنیام لەسەر مامەڵەی ئاسایی لەگەڵ كوڕە گەورەی سەرۆك فڵان و ڕاوێژكاری فڵان سەرۆكەوە، كەس نەدەكوژرێ نە هەڕەشەی لیدەكرێ. بەڵام ئەگەر پێچەوانەی ئەمەت كرد، هەڕەشەیەكی گەورە دەخەیتە بەردەم میللەتەكەت... بۆیە خۆت بە كەم مەزانە و ڕێزی هەموو ئەوانە بگرە كە پێویستە رێزیان بگیرێت بەڵام زیادەڕۆیی تێدا نەبێ، چونكە تێكەڵ دەبێ لەگەڵ ماستاوە كارەساتدا.

كاوە شیخ عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی