دەبێ کێ گۆمەکە بشڵەقێنێ؟

08/08/2018

مەجید ساڵح

(1)
دواین پێناسە بۆ "میللەت"ئەوەیە کە کۆمەڵە خەڵکێکن خواستێکی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە.
بە مانایەکی دیکە هەستی میللی و ناسیۆنالیستی لەسەر بناغەی هەستیکردن بە ناسنامەی هاوبەش و خواستی هاوبەش دروست دەبێ، ئەگەر کۆمەڵگایەک هەستی هاوبەشی تێدا نەبێ، ئەوا لەو کۆمەڵگایەدا میللەت و هەستی نەتەوەیی هێشتا دروست نەبووە..
خواستی هاوبەش و ناسنامەی هاوبەش لە چەند ئاستێکدا دەردەکەوێ هاوشاری، هاوهەرێمی، هاووڵاتی، هاوئیمپراتۆری..
پێکهێنەرەکانی ناسنامەی هاوبەش بریتین لە خێزان، زمان، ئاین، زادگا و نیشتمان، کار، تەمەن، رەگەز، ئایدۆلۆژی، نەتەوە، مەژاد و مێژوو و لە کۆتایشدا هەستی هاوبەش و میللی.
(2)
پرسیارەکە ئەوەیە کێ میللەت دروست دەکات؟ 

هەستی میللی و ناسنامەی هاوبەش و خواستی هاوبەش چۆن لە عەشیرەت و خێڵەوە فراوانتر دەکرێ و دەگوێزرێتەوە بۆ نەتەوە؟
لە سەرەتای سەدەی بیستەم لە کوردستان کۆمەڵێک منەووەر و سیاسەتمەداری کورد لە باکوری کوردستان و سلێمانیەوە لە رێگەی رۆژنامە و گۆڤار و دروستکردنی رێکخراوی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە ئەو پرۆسەیەیان دەست پێکرد، بەڵام ئایا گەیشتن بە ئامانج و توانیان کورد لە "بەداوەت و خێڵ"ەوە بکەن بە میللەت و ناسنامە و خواست وهەستی هاوبەشیان تێدا دروست بکەن؟
پرسیارێکی قورسە و وڵامەکەی ئاسانە.. 
بەڕای من ئەوان تا نیوەی رێگە هێنایان، بەڵام لە دوای دووەمین جەنگی جیهانی نەوەی دووەمی منەووەرەکان، کە بوون بە "رۆشنبیر"ەکان لە ژێر کاریگەری ئایدۆلۆژیادا پرۆسەکەیان پەک خست و تا ئێستاش نەکەوتووەتەوە سەر پێی خۆی..
(3)
ئێستا لە کوردستان بە تایبەتی لە باشوری کوردستان گەڕاوینەتەوە بۆ خاڵی سەرەتا و عەقڵی خێڵ و ئایدۆکۆژیای پڕوپوچ تێکەڵەیەکی دروستکردوە لە "خێڵ - ئایدۆلۆژی"، ئایدۆلۆژییەک لە بەرگی مۆدێرنە و ناوئاخنی خێڵگەرایی کۆمەڵگای کوردی ئیفلیج و پەراکەندە و پرش و بڵاوکردوەتەوە و هیچ خواست و هەستێکی هاوبەشی تێدا نەهێشتوەتەوە.. حزبچێتی و بنەمەماڵەچێتی و بەرژەوەندیچێتی بوونەتە پێوەر و "ئۆخەی ئۆخەی هەرکە بۆ خۆی" بووەتە ئامانج و ستراتیژ..
کە ئەم لۆژیکە زاڵ بوو، ئیتر حکومەت و پەرلەمان و داودەزگای دەوڵەتداری و ئەکادیمی و دادوەری فلسێکی قەڵپ ناهێنێ و نەک هەر بە روکەش دەمێننەوە؛ بەڵکو خەڵکیش متمانەیان پێیان نامێنێ و بەچاوی سوک تەماشای دەکەن.
لە دۆخێکی وادا رۆشنبیر و سیاسەتمەدارە راستەقینەکانی کورد لە باشور دەبێ قڕوقپی لێبکەن و خەڵک بەرەو بێ هیوایی ئاراستە بکەن؟ یان ئەوەیە راستورەوان بینە مەیدان و گۆمەکە بشڵەقێنن؟
بەڕای من ئەم گۆمە ڵیڵ و مەنگەی باشور کاتی شڵەقانی هاتووە..

مەجید ساڵح

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی