لایەنە ناڕازییەكان چۆن خۆیان كوشت!

12/08/2018

كه‌مال ره‌ئوف

 بەدەر لەلۆمەو رەخنەو رەتكردنەوەی كاری ساختەكاری پارتی‌و یەكێتی لەهەڵبژاردنەكان، گرنگە كەموكورتی لایەنە ناڕازییەكانیش لەبەرچاو بگیرێت و ئەو هەڵانەش باس بكرێت، كە خۆیان لێ بەرپرسیار بوون، چونكە ئەوەی لەهەڵبژاردنی 12/ 5 رویدا گەر بەشێكی رەخنەكان بەرەو رووی لایەنە نارازیەكان نەكرێتەوە، بەتایبەت گۆران، هاوپەیمانی، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو، ئەوا رەخنەكان جگە لەپاساو هێنانەوە هیچی تر نابێت.

سەرباری ئەو هەموو كاری ساختەكارییانەی ئەنجامدران، هێشتا كۆی دەنگی ئەو چوار لایەنە پێكەوە  لەهەرێم دەكاتە هێزی دووەم‌و لەگەڵ پارتی ئەوەندەی جیاواز نییە. 

بۆ نموونە، لەهەرێم ئەو چوار لایەنە پێكەوە كۆی دەنگەكانیان دەكاتە، 512351 دەنگ، لەكاتێكدا كۆی دەنگانی یەكێتی 364638 دەنگە، واتە 147713 دەنگی لە یەكێتی زیاترە، پارتی، كە هێزی یەكەمە لەگەڵ چوار لایەنەكە 212376 دەنگی زیاترە، بەڵام دابەش بوونی لایەنەكان و فەوتاندنی دەنگەكانیان واكەوتووەتەوە، كە نەوەی نوێ بە 63760 دەنگەوە لەسلێمانی 2 كورسی بەربكەوێت لەكاتێكدا چوار لایەنەكە، بە 283289 دەنگەوە بتوانن تەنیا 6 كورسی بەدەست بهێنن، ئەمە لەكاتێكدا چوار لایەنەكە 219529 دەنگیان لە نەوەی نوێ زیاترە. 

خۆ ئەگەر چوار لایەنە نارازییەكە پێكەوە بونایەو دەنگیان نەفەوتایە، دەبوو لەباتی 6 كورسی 9 كورسیان بۆ خۆیان مسۆگەر بكردایە. 

لەهەولێر چوار لایەنەكە كۆی گشتی دەنگەكانیان 152659 دەنگە، بەڵام سێ‌ كورسیان مسۆگەر كردوە، بەڵام نەوەی نوێ بە 70833 دەنگ دوو كورسی بەركەوتووە، واتە دەبوو چوار لایەنەكە زیاتر لە 4 كورسیان بەربكەوێت. 

لەدهۆكیش هەمان حاڵ دووبارە بووەتەوە، بۆ نموونە، هەرچوار لایەنەكە 76631 دەنگی هەیە، بەڵام یەك كورسیان بەركەوتووە، گەر پێكەوە بونایە دەبووە دوو كورسی، واتە كۆی ئەو كورسیانەی لە هەر سێ‌ پاریزگاكە لەدەستیانداوە بەهەڵەی خۆیان دەكاتە 6 كورسی. 

ئەمە وێرای ئەگەر بەیەكەوە بوونایەو یەك لیستیان هەبووان ئومێدی زیاترو بەشدارییەكی زیاتری خەڵك لەهەڵبژاردن دەكراو رادەی كاری ساختەكاریش بەو شێوەیە نەدەبوو، كە ئێستا چارەسەركردنی بووەتە خەونی حوشتر. 

ماوەتەوە سەر ئەوەی بڵێن گەر دەسەڵات غەدری شەش كورسی لێكردبێتن بۆ خۆشیان هۆكاری لەدەستدانی زیاتر بوون، بۆیە هەقوایە بەشێك لە رەخنەكان پێش دەسەڵات بەرەو رووی ئەو هۆكارانە بكەنەوە، كە تەنیا خۆیان هۆكار بوون و نەیان توانی دۆخەكە وەك خۆی بناسنەوە.

كەمال رەئوف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی