بایکۆتکردنی هەڵبژاردن ئەركی هەرە پێویستی جەماوەری چەوساوەیە

12/08/2018

محەممەد کیانی


لە کەمبۆدیا ئۆپۆزیسیۆن بایکۆتی دەنگدانیان کرد لەم هەڵبژاردنە گشتیەی ماوەیەك لەمەوبەر بەڕێوەچوو بە هۆی گومانیان لە هەولی تەزویرکردنی بەربڵاو لەلایەن حوکمەتی سەرۆک وەزیران هون سین، وە هەروها بە هۆی فشار خستنە سەر ئۆپۆزیسیۆن و میدیا و ریکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەلایەن دەسەڵاتداران. 

`ئۆپۆزیسیۆنی' هەرێم دوێنی تەزویریان لێکرا لە هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی عێراق، لە کاتی دەنگدان و لە کاتی دووبارە ئەژمارکردنەوەی دەنگەکان بەدەست. قەولیان دابوو قبوڵنەکەن دەنگەکانمان بفەوتێ. دەبێ جەماوەر قسەی هەبێت و هەڵوێست بنوێنێ کە ئەو حیزبانەی بەناو ئۆپۆزیسیۆنن بێ جورئەت و بێ روئیابن. لەگەڵ دەرکەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق بە کاك عمری سید علیم وت پێش خەڵك بکەون و بچنە سەر شەقام تا ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەو تەزویرەی کرایە ئەنجامی هەبێت و ناڕەزایەتەکەش دەبێ بەردەوام بێت و دانەمرکێتەوە تا پڕۆسەکە راست دەکرێتەوە. لە جێگەکەی خۆیان نەجولان بۆیە بەدەست ئەژمارکردنەوەی دەنگەکان ئەو ئەنجامەی هەبوو کە ئێستا دەیبینی و جیاوازی نییە لەگەڵ ئەنجامە بەراییەکە. جەماوەر نابێ قەت کۆیلەی حیزب و کەس بن، دەبێ وابەستەی پرنسیپ و ئامانج و بەرژەوەندی گشتی بن. بەیانیش بە هەمان پێوەر دەسەڵاتی حیزبی جووت بنەماڵەی دکتاتۆری خۆسەپێنەر تەزویر لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستانیشدا دەکەن و حیزبەکانی تر پاش مشتومێڕکی بێتام بۆ گەوجاندنی رای گشتی دەرەنجامی تەزویرەکە قبوڵ دەکەن لەبری چەند سەفقەیەکی ژێربەژێر. حیزبەکان هەر هەمویان ئامادەن بێ سێودوو بچنە هەڵبژاردنی داهاتوو. ئەندامەکانیشیان لە دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێم بێدەنگانە سەیری دۆخەکە دەکەن بێ ئەوەی هەڵوێستیان هەبێت و توانای پێشگریان هەبێت لە ئەنجامدانی تەزویر. 

گەل نابێ چیترباوەڕی بەو حیزبانەی خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆن دادەنێن هەبێت. ئەو حیزبانەی دەزانن تەزویر لە پرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنەکاندا دەکرێ و بەشداری تێدا دەکەن هەر بویەش بەقەدەر حیزبە تەزویرچیەکانی دەسەڵات تاوانبارن. هەر ئەوەش نا ، ماویەک لەمەوبەر بوونە بریکاری تێپەڕاندنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم لە پەڕلەمان بە گوێرەی ویست و دڵی حیزبی دەسەڵاتداری تەزویرچی و گەندەڵ. هەروها دەنگدانیان بە یاسای تیڕۆڕ بەشداریکردنێکی نائەخلاقییە لە مسادەرەکردنی ئازادیە گشتیەکان و ئازادی بیروڕا و لەقالبدان و کۆنترۆلکردنی کۆمەڵگە و بەکۆیلەکردنی تاکەکانی بە گوێرەی ویست و بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانی دکتاتۆر،  وە هەروها دژ بەو ماف و ئازادیانەی دەستەبەرکراوە بۆ جەماوەر لە دەستوری عێراقیدا.

بۆیە دەبێ جەماوەری بە ئاگا و مافخوراو و چەوساوە و بێ خاوەن و بێ بەرگریکاری هەرێمی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی کوردستان بکەن. نابێ جەماوەر بە دەنگی خۆی دەسەڵاتی گەندەڵی دز و مافیای جوت بنەمالە و حیزبە گەندەخۆرەکانی وابەستەیان، کە خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆن نیشان دەدەن، بسەپێنێت بەسەر خۆیدا. نابێ جەماوەر بە دەنگی خۆی شەرعیەتی  دزی و تاڵانکردنی سامان و قوت و داهاتووی خۆی و منداڵەکانی بداتە ئەو دەسەڵاتە بێشەرم و بێمۆڕالەی ناسڵەمێتەوە لە بەکارهێنانی هەمو ئامرازێکی سەرکوتکردن و بێدەنگکردنی هاوڵاتیان لە ئاست کردارە قێزەونەکانیان و سەپاندی حوکمی کلیپتۆکراسی بنەمالە دزەکان. چۆن نابێ جەماوەری گەلی کوردستان ئیرادەی خۆی بداتە دەست دەسەڵاتی دکتاتۆر، نابێ دەنگیش بداتە حیزبگەلێك ناتوانن بەرگریکار و نوێنەری سەرسەخت و پێشەنگی ئازا و ئازادی بن لە محنەتەکانیدا. جەماوەر نابێ بە دەنگی خۆی مۆلەتی مامەڵکردن بە بەرژەوەندیە گشتیەکانیەوە بداتە دەست بەرپرسانی ئەو حیزبانەی بە رووکەشی خۆیان لە خانەی جەماوەر ئەژماردەکەن و هەڵپەی بەدەستهێنانی بەرژەوەندەیە تایبەتەکانیانن بە سازشکردن لەگەڵ دەسەڵاتی گەندەڵ و دکتاتۆر. جەماوەر دەبێ هەستیارانە وشلگێڕانە بەشداری لە دەنگان نەکات تا ئۆپۆزیسیۆنێکی راستەقینەی خەمخوری جەماوەر و دژە گەندەڵ و ئازادییخواز و دیموکڕاتخواز و خزمەتگوزار و عەدالەتخواز سەرهەڵدەدات.

محەمەد کیانی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی