هەڵبژاردنی پەرلەمان دوا بخرێت باشترە

13/08/2018

بەهادین نوری

تا ئێستا، ٤٥ ڕۆژ پێش کاتی دیاری کراو بۆ هەڵبژاردن ، هەر مشتومڕە لەسەر دواخستنی و دوانە خستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم . خۆ ئەمەش هیچ کێشەیەکی تێدا نیە و ئاساییە لەناو یەک حیزب یان یەک لیستیشدا بۆ چوونی جیا جیا هەبێ . بەڵام ئەوەی سەرنج ڕاکێشە ئەوەیە کە برادەرانی پارتی زێتر لە هەموو حیزبەکان خروقاتیان کردووە بەرانبەر پرسی هەڵبژاردن و پەرلەمان ، دوساڵ تەمەنی ئەم پەرلەمانە درێژکرایەوە بە ڕێکەوتنی پارتی و یەکێتی . دوساڵ لە کار خرا بە بڕیاری مەسعود بەرزانی . لەم دواییەدا هەر خۆیان هەڵبژاردنیان دواخست . وا ئەم جارە قوبوڵی ناکەن بۆ دومانگ دوابخرێ هەتا لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکرێ . ئەمە بۆ چی ؟ هیچ نهێنیەکی لە پشتەوەیە جگە لەبەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی ؟ دوا نەخستنی هەڵبژاردن مانای وایە لە ماوەی ٧ مانگدا ٣ جار هاوڵاتیان بانگدە کرێن بۆسەر سندوقی دەنگدان . ئەمەش شتێکی نابەجێیە . خەڵکەکە بێ ئەمەش هیچ حەماسێکیان نیە بچن بۆ دەنگدان . جا ئەوە ڕوون نیە کە لە ٧ مانگدا ٣ جار زۆرەو ژمارەیەکی کەم دەچن بۆ دەنگدان ؟ 
هەڵبژاردن لەم وڵاتەدا، چ کوردستان و چ عێراق، هەمیشە بە تەزویرەوە بە ڕێوە چووە . ئەگەر ٣٠ ئەیلول بێ ، وەگەر مانگی دوازدە بێ ، تەزویرەکە هەر دەبێ ، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە کە لە مانگی دوازدەدا بواری تەزویر نەختێ کەمبکرێتەوە. لەبەر ئەوە دواخستنی باشترە ، بەو هیوایە کەسانی زێتر بە رەو سندووقەکان بچن بۆ دەنگدان . 
ئەو حیزب و لیستانەی لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنن بۆ ماوەی دومانگ دەتوانن کۆببنەوەو یاداشت و بەیانی هاوبەش پێشکەش بکەن و تەنسیق لە نێوان خۆیاندا بکەن لەسەر داوای دواخستن .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی