لە سوێندخۆرەکان سڵبکەنەوە

14/08/2018

عەزیز رەئوف

" بەخوای گەورە سوێند دەخۆم" ئەمە پێشەکی قسەی زۆرێک لە سەرکردە و پارلەمانتار و وەزیر و بەرپرسانی ناوچەکەیە کە پێش دەسبەکاربوونیان دەستیان چەند پەنجەیەک دوور لە قورعانێک دادەنێن و سوێند بە خودا و خاکی پیرۆزی کوردستان دەخۆن. کەچی ئەوانەی لە دوای ڕاپەڕینەوە سوێندیان خوارد سڵیان لە هیچ نەکردەوە لە گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی وڵات و تەنانەت خیانەتکردن لە خاک و گەل و نیشتیمان.

مارتن مالیا جارێک وتی:( لە پشتی تاوانە گەورەکانەوە ئایدیا گەورەکان هەن). ئەم دێڕە ئەگەر وەربگێڕین بۆ کوردی دەتوانین بڵێین لە (پشتی ئەوانەی سوێندیان بە قورعان خواردووە درۆی گەورە و گەندەڵی گەورە هەن).

سەرۆکی هەرێم کە پۆستەکە وەردەگرێ سوێند دەخوا و ڕاست ناکات، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سوێند دەخوات و ڕاست ناکات، پارلەمانتاران و وەزیرەکان سوێند دەخۆن و کەچی ئیش بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەکەن، حزبە تازەکان بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵک بۆلای خۆیان ڕاکێشن سوێند دەخۆن و دڵنیاین لەوانی تر باشتر نابن. سەر گۆڕەکەی نەوشیروان مستەفا یەک قورعانی سەوزی لێیە و کەچی هەوادارانی پشت دەکەنە سیاسەتی ڕێکخەرەکەیان.. سەدام لە حەج هاتەوە و کوردی ئەنفال کرد، ئاردۆگان قورعانێکی سەوزی بەدەستەوە و کورد لە باکور و ڕۆژئاوا قڕ دەکات. 

هەموو شوێنێک قورعان و هەموو شوێنێک درۆی گەورە، هەموو شوێنێک ناوی خودا لەسەر لێوان و درۆی گەورە لەنێو دڵان. دەست لەسەر قورعانێکی سەوز و دڵ پڕ لە پلان و پشتکردنە بەڵێن و مژدەکان. 

تۆ ئەگەر سیاسیەکی مەزن بیت سوێندی ناوێ. غاندی و ماندێلا سوێندیان بە قورعان نەخوارد و مەزنیش بوون. مارتن لۆسەر کینگ پشتی کردە سوێند و ڕاستگۆش بوو، گیڤارا بڕوای بە ئاینیش نەبوو بە خوێنی خۆی بەڵێنەکانی بردە سەر. 

سوێند بە قورعان دەخۆن تا باوەڕتان پێ بکرێت، ئەی جولەکە و مەسیحی و ئیزدی و کاکەیی و سێکولارەکان چۆن باوەڕت پێ بکەن کە ڕاستۆی لەگەل بەڵێنەکانت؟ ئەی بۆ غەیرە موسوڵمانەکان چ ڕێگەیەکتان هەیە بۆ قەناعەتپێکردن؟

تۆ ئەگەر سیاسیەکی مەزنی سوێنیش نەخۆی باوەڕت پێ دەکەین. بەڵام ئەگەر دەتەوێ بە سوێند وەک ئەوانی تر خەڵکی هەژار بەلاڕێدا بەری، بڕوام بەوە نیە قورعان کەس گەڕ و گول بکا، بەڵام دەزانم وەک سەرکردەکانی ڕابردوو قورعان و خودا و سوێند فریات ناکەوێت و متمانەت بۆ ناگێڕێتەوە.

لە ئێستادا بەر لە هەر کەس دەبێت لە سوێندخۆرەکان سڵبکەینەوە.

عەزیز ڕەئووف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی