خودا لەسوڵتان محمود گەورەترە

15/08/2018

لوقمان حاجی قادر

 مرۆڤ دەبێت وەك خۆی تەماشای كاروانی ژیان بكات ، نەك وەك ئەوەی خۆی دەیەوێت ، ژیان و گەردوونیش بنەما و یاسا و ڕێسای بابەتی خۆیان هەیە كە پێی بەڕێوە دەچن ، لە دەرەوەی ئەو بنەمایانەش هیچ هاوكێشەیەك ئەنجامەكەی ڕاست و دروست دەرناچێت.

سروشتی ڕووتی مرۆڤیش وایە كە هەمیشە هیوای بە ئایندەیەكی گەشترە لە ئێستا ، تەنانەت لەو كاتە زۆر زەبوون لاوازە و تروسكایەك ئومێدیش بەدی ناكات ، هێشتاش هەر بە ئومێدەوە لە ژیان دەڕوانێت و ئامادە نییە دەستبەرداری ژیان و خۆشییەكانی بێت. ئەوانەش كە پێچەوانەی ئەم ڕەووتە هەنگاو دەنێن و ژیانیان پێ لە مردن باشتر و خۆشترە ، گیرۆدەی ناهاوسەنگی و هەڵەبوون لە  بنەما و میكانیزمی بیركردنەوە و لێكدانەوەیان بۆ خودی ژیان و كایە جۆراوجۆرەكانی و یاساو ڕێساكانی ، لێرەوە پێچەوانەی سرووشتە ڕەسەنەكەی خۆیان ڕەفتا دەكەن و لە ئاكامیشدا خۆیان و دەوروبەریشیان تووشی كارەسات و ماڵویرانی دەكەن.

كاتێك مرۆڤ ئەو بنەما ڕەسەنانە دەدۆزێتەوە كە چۆنییەتی تێروانین و بیركردنەوە و لێكدانەوەی بابەتییانەی بۆ ژیان و ئامانجەكانی لەسەر بنیات دەنێت ، ئێدی هەرگیز بێ هیوا نابێت و خۆی ڕادەستی قەدەر ناكات و لە قۆناغی لاڵانەوە و پاڕانەوە و نوزانەوەوە دەچێتە قۆناغی بیركردنەوە و خۆڕیكخستن و پلاندانان و گۆڕەپانی كاركردنەوە ، بەمەش دەكەوێتەسەر شاڕێگە ڕاستەقینەكەی خۆی و درەنگ و زوو بە ئامانجە ڕەواكانی دەگات.

كاتێك بابەتییانە و زانستییانە و داكەوتانە تەماشای ژیان دەكەین ، خۆمان لەو خەون و خەیاڵانە ڕزگار دەكەین كە پشت بە چارەسەری لەقوتونراوی ئەفسوناوی دەبەستن بۆ ڕزگاربوون و دۆزینەوەی دەرچە بۆ تەنگژە جۆراوجۆرەكان ، بەمەش پرسەكان ووردەكەینەوە و  سەر بە  كون و كەلەبەرەكاندا دەكەین و دیمەنەكە وەك خۆی دەبینین و دیدگایەكیشمان لا گەڵاڵە دەبێت بۆ چارەسەركردنیان.
گۆڕان و گۆرانكاریش یاسا و ڕێسا بنەرەتییە بنچینەییەكەی ژیان و گەردوونن ، هیچ كاتێكیش ژیان لە خاڵێكدا قەتیش نامێنێت و هەمیشە وەك ئاو كون و كەلەبەر و دەرچەیەك بۆ دەربازبوون دەدۆزێتەوە ، ئەم پڕۆسەی گۆڕانكارییەش بەرەبەرە چەكەرە و باڵا دەكات و هەمیشەش لە ئان و ساتی خۆیدا كە بنەماكانی پێدەگەن دەردەكەوێ و سەرهەڵدەدات.

ڕەووتی ژیان و مێژووش گەواهی بۆ ئەو پڕۆسەی گۆڕانكارییە دەدەن و ئەگەر كەمێكیش ڕۆبچینە قوڵایی مێژووی مرۆڤایەتییەوە ئەو ڕاستییەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە كە هەمیشە ڕزگاربوون و دەربازبوون لە هەناوی دۆخە سەخت و دژوارەكاندا خۆیان حەشارداوە و تا ئاستی خراپەكاریش بەرزتربێتەوە ئەگەری گلان و هەڵدێرانی زیاترە ، نمونەش دۆخە سەخت و دژوارەكانی سەدەكانی ناوەڕاستە لە ئەوروپا و باوردۆخی ناهەمواری پێش هەردوو شۆڕشی فەڕەنسی و  ڕووسییە ...هتد. 

سەرجەم بزاوت و دەسەڵاتە كۆنەپارێز و كورتبینەكان لە كۆمەڵگا دواكەوتووەكاندا دژ بە ئاراستەی ئەو بنەما بابەتییانەن كە لەسەروە باسمان كردن هەنگاو هەڵدەگرن و هەمیشە برەو بە فەرهەنگی خەیاڵپڵاوی و كۆنەپارێزی و ترسان لە ئایندەی نادیار و گۆڕانكاریی ڕاستەقینە لە هزر و بیركردنەوەی خەڵكدا دەدەن ، هەمیشە كار لەسەر ئەوە دەكەن كە ئێستای ڕوون و ئاشكرا بە هەموو خراپەكانییەوە باشترە لە ئایندەیەكی نادیار ، هەموو ئەمانەش لە پێناو خنكاندنی هیوا و ئاواتی خەڵك و كوشتنی گیانی بەرەنگاربوونەوەی ستەم و نەزانی و بێدادییە.

لێڕەوە ئەركی هەنووكەیی و پیرۆزی كەسانی ڕۆشنهزرە كە بەر بەو ئاراستە بیركردنەوە نەرێنییە وێرانكەرە بگرن كە بزاوت و دەسەڵات و تاكە كۆنەپارێزەكانی ناو كۆمەلگا خۆراكی پێ دەدەن و گەورەی دەكەن تا هیواو ئومێد بە ئایندەیەكی باشتر لە دڵ و دەروونی تاك و دامەزراوەكاندا بكوژن ، ئەركی ئەوانە كە سەرمەشقی گەشبینی و ژیاندۆستی بن و جادووی چەواشەكاری خراپەكاران بەتاڵكەنەوە و تاك و كۆمەڵگای قوربانی لە داو و تۆڕی بی ئومێدی و ڕەشبینی مردوودۆستەكان ڕزگاركەن.

لوقمان حاجی قادر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە