کێشەکانی ئەمریکا و تورکیا ، ئەنجەرلیک وەک دەستپێک

15/08/2018

هێرش عبدالرەحمان

ئەمریکا لەستراتیژا سیفاتی جاڵجاڵۆکەی ھەیە ، سەرەتا " تەون "ەکە دروست دەکات ، بەس پەلەی نیە کەی نێچیرەکە دەکەوێتە ئەو تەونەوە .پێش ئەوەی گۆڕانکاری لەئێران بکرێت ، ئەبێت تورکیا گۆڕابێت ، ڕێگای گۆڕانکاری لەئێران بەتورکیادا تێپەڕدەبێت ، پلانی A تورکیایە و پلانی B ئێران ، ھەمووشی کەوتۆتە سەر سازشی تورکیا و ، ملدان بۆ داواکارییەکانی ئەمریکا .

ڕێگەگرتن لەبەکارھێانی بنکەی " ئەنجەرلیک " لەلایەن ئەمریکاوە ، بۆ لێدانی سەدام ، سەرەتای دوورکەوتنەوەی ئەو دوو وڵاتە بوو .

لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق ، ئەمریکا گروپێک کۆنتراکتەری تورکی دەستگیرکرد ، تورەکەی کردە سەریان ، لەڕێگای ئیبراھیم خەلیلەوە دیپۆرتی کردنەوە .

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا ، تورکیا لەڕێگای گروپێک پارێزەرەوە جارێکی تر ھەوڵی دەستگیرکردنی کۆمەڵێک ئەفسەری ئەمریکی ، لەبنکەی ئەنجەرلیکدا ، بەتۆمەتی پشتگیری تیرۆر ، هەروەها داوا دەکەن ئەمریکا کەلوپەلە سەربازیەکانی بگوازێتەوە .

سەرەتای پرۆسەی ڕوخانی سەدامەوە ، ئەمریکا بەردەوام ڕێگەی داوە تورکیا سەرکێشی بکات لە عێراق و ناوچەکە ، بەس ئیتر گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی کەئەوەی ڕێگرە لەبەردەم لەپلان و ستراتیژی ئەمریکا لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە ، تورکیایە .

کێشەکانی تورکیا و ئەمریکا ، بریتین لە :

٭ دروستکردنی کێشە ، بۆ پلان و ستراتیژی ئەمریکا لەناوچەکە .

٭ گەمارۆکانی سەر ئێران ، کەنیوەی نەوتی ئێران لەڕێگای تورکیاوە دەروات و ، کاریگەری گەورەی لەسەر ئابوری تورکیا دەبێت .

٭ گومانی ئەردۆغان لەبێدەنگی ئەمریکا ، بەرامبەر ئینقلابەکەی ٢٠١٦ .

٭ نزیکبوونەوەی تورکیا لە ڕوسیا .

٭ تەسلیمکردنەوەی گولەن .

٭ کێشەی ئیسرائیل و فەڵەستین .

٭ پشتگیری کورد لەسوریا ، لەلایەن ئەمریکاوە .

٭ دەستگیرکردنی قەشەکە .

٭ لێکۆڵینەوە لەجموجۆڵی بانکی تورکی ، لەلایەن ئەمریکاوە ، تاوانبارکردنیان بەپێشێلی ھاوکاری ئێران ، گوێنەدان بەگەمارۆکان .

مەرجی ترامپ ئەوەیە ، تاقەشەکە ئازاد نەکرێت ، ئەمریکا کارت لەدوای کارت بەکاریدەهێنێت ، کەزەحمەتە تورکیا بەرەگەیان بگرێت .

تورکیا لەناوخۆدا لەڕووی سیاسەوە پەرتەوازەیەو کێشەیەکی زۆری ھەیە ، پارەیەکی زۆر قەرزدارە ، کە بۆ وەبەرھێنان وەریگرتووە ، بەم شێوەیە گرژیەکان بەردەوام بێت ، ناتوانێت بەئاسانی ئەو قەرزانە بداتەوە ، وا سەرقاڵ دەکرێت ئیتر ناتوانێت بەردەوامی بە جموجوڵەکانی بدات ، لەسوریا و عێراقدا دواتر ئێستا دوژمنەکانی تورکیا لە دۆستەکانی زۆرترن میسر ، سعودیە، یونان، ئیسرائیل، بەشێک لەوڵاتانی ئەوروپا. کە ھەموویان ھاوپەیمانی بەھێزی ئەمریکان.

تازە زەحمەتە پەیوەندی ئەمریکا و تورکیا بگەرێتەوە دۆخی جاران ، کێشەکان زۆرن ، ئاسان چارەسەرنابن ، بەڵام دوو ڕێگای ھەیە ، یەکەم ، تورکیا ئابورییەکەی لاگرنگە و داواکاریەکانی ئەمریکا جێبەجێدەکات و ، نابێتە کێشە بۆ بەردەم ستراتیژی ئەمریکا لە ناوچەکە . دووەم ، یان ئابوری خۆی لاگرنگ نیە و قۆچ گیردەکات لەقۆچی ئەمریکا ، ئەوەش بەزیانی خۆی تەواو دەبێتو ، خۆزگە بەسوریا دەخوازێت .

دواجار دەبێت تورکیا خۆی ساغبکاتەوە ، یان بەرەی ڕوسیا ، یان ئەمریکا ، پاڵدان بەبەرەی ڕوسیاوە ، واتا چارەسەرنەکردنی تەواوی ئەو جیاوازیانەی سەرەوە و ، وێرانکردنی تەواوی ئابوری تورکیا و ، کۆتایی ئەردۆغان .

هێرش عەبدولرەحمان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی