عەلی قەرەداخی و زەكی شەنگالی

16/08/2018

لەتیف فاتیح فەرەج

دكتۆر عەلی قەرەداخی ، یەكێكە لە كەسایەتیە ناسراوەكانی جیهانی ئیسلام و لە هەندێ‌ بواردا خزمەتی بە كۆمەڵی كوردەواری كردووە ، لێ‌ هەموو جارێكیش ئەو لە شوێنێكی تر دەبینین كە خۆزگەمان دەخواست لەوێ‌ نەبا ، قسە لەسەر ئەوەیە دكتۆر لە گەڵ دەسەڵاتە نەك خەڵك ، دوعا بۆ توركیاو ئاكەپەو ئەردۆغان دەكات ، نەك گەلی كورد لە باكوری كوردستان و لە عەفرین ، رێكخراوەكەی لە رێی دەوڵەمەندەكانی دەوحەو هاوكاری هەژارانی كوردستان دەنێرێ‌ ، لێ‌ ئەو لێرە بۆ خزمەتی حزبێك ئەوە بە كار دێنێت ، حزبێك كە لە دەسەڵاتایەو پشكی زۆری لە نادادی و ستەم بەردەكەوێت ، پێشتر بەو جۆرە نەبوو .

دكتۆر قەرەداخی تا ئێستا بە فەڕمی داوای لە توركیا نەكردووە ،دەست لە ستەمكاری بەرانبەر كورد هەڵبگرێت ، داوای نەكردووە ئاپۆ ئازاد بكرێت ، داوای نەكردووە توركەكان بەس قەندیل بۆردومان بكەن و خانەو لانەی كورد تێكبدەن ، لێ‌ داوای لە خودا كردووە ، توركیاو ئاكەپە بپارێزێت ، كێشە ئەوەیە من بە داخم بۆ ئەوەی دكتۆ چۆن ناوی دەچێتە دیرۆكەوە ، من ئەوە ناشارمەوە كە رێزی لێ‌ دەنەم و حەز دەكەم وەك كەسایەتیەكی ناسراوی ئیسلامی جیهانی و وەك كوردێك بە دەوشاوەی لە مێژوودا بێت، نەك بە جۆرێكی تر .

دكتۆر بۆ ئازاری ئێزدیەكان بەیاننامەیەكی دەرنەكرد ، جارێك نەچووە شەنگال و چیای شەنگال و ئازاری نەتەوەكەی خۆی بە چاوی خۆی نەبینی ، نەیزانی بۆ دەبێت زەكی شەنگالی لە شەنگال بێت و بۆ دەبێت فڕۆكەی توركی لە شەنگال زەكی شەنگالی و هاوڕێكانی بكاتە ئامانج ، ئەو هەرگیز نەیویست لەو بابەتە بكۆڵێتەوە ، لێ‌ بەردەوام دوعای سەركەوتن بۆ ئەردۆغان و حزبەكەی دەكات ، لە كاتێكا ئەردۆغان و حزبەكەی دوژمنی سەرسەختی نەتەوەكەی ئەون و ئەگەر سبەینێ‌ ئەردۆغان گەرەكی بێت لە ناوجەرگەی قەرەداخ دكتۆر دەكاتە ئامانج.

لەو رۆژەوە قەیران لە نێوان توركیاو ئەمەریكا دروست بووە ، دكتۆر ماخۆلانێتی چۆن توركیا لەو گرفتە دەربێنێت ، بۆ ئەوە هەموو رێگەیەكی گرتوەتە بەرو لە دەوحەو دارو بەرد هەڵپە دەكات ، لێ‌ یەكجار تەنها یەكجار بە توركیای نەوت ئەو هەموو نادادیەی عەفرین رابگرە ، لە كاتێكا لە عەفرین سوكایەتی بە ژن و كچی كورد دەكرێت ، كێ‌ دەڵێت ئەو ژن و كچانە بە دۆنادۆن خوشك و كەسی دكتۆر نین .

ئاخۆ ئەو هەڵپەو تەنگە تاویە بۆ بەردانی قەشەیەك و دەركردنی توركیا لەو گێژاوە ، بۆ بەردانی سەلاحەدین دەمیر تاش یان عەبدوڵا ئۆچ ئالان و دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی با باشتر نەبوو ، تۆ بڵێی خودا پشكێك لە خوێنی رژاوی زەكی شەنگالی و هاوڕێكانی نەخاتە ئەستۆی دكتۆر عەلی قەرەداخی .

لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی