بۆچی ئێمە خاوەن سیستەم نین؟

20/08/2018

ئەحمەدی مەلا

ئەوەی لای ئێمە هەیە، سیستەم نییە، بەڵكو "ستراكتور" هەن، مزگەوت "ستراكتورێكە" لە ناوەوەی ئەم ستراكتورە سیستەم هەیە، نموونە، ئەركە ئاینییەكان، پێنج ئەركەكە، ژمارەی كڕنۆشەكان، دەسنوێژ پێش نوێژكردن، گوتاری هەینی هتد. خێل ستروكتوترێكە، لە ناوەوەی ئەم ستراكتورە سیستەم هەیە. 

سوڵحی عەشایریی، هەڵبژاردنی ریش سپی، نەریت و دەستوورە نەنووسراوەكان.خێزان ستراكتورێكی دیكەیە، هەروەها قوتابخانەش ستراكتورێكە، لە ناوەوەی ئەم بونیادە سیستەم هەیە، ژمارەی وانەكان، دابەشبوونی مادەكان و نمرە بەدەستهێنان و دەوامی بەیانیان و دوای نیوەڕوان. بەڵام ئەم ستراكتورانە، وەكو دورگەی دوور لەیەكن. لە سەرووی ئەمانەوە سیستەمێكی گشتگیر نییە. 

دروستكردنی سیستەم پەیوەستە بە پرۆسەی ئەقڵانییەوە كە دواتر لەگەڵ مۆدێرنیتێ یەك دەگرێتەوە و دواجار دەبێتە بنەما بۆ بەڕێوەبردنی دیموكراسیی و هتد تاكو ئێستا هیچ حیزبێك نەیتوانیوە خوێندنەوەیەكی ورد بكات و پرۆگرامێكی تێروتەسەلی لەم رووەوە هەبێت. 

وەك بینیمان، مامۆستایانی قوتابخانە مانیان گرت، هیچی لێ شین نەبوو، چونكە قوتابخانە دابڕاوە لە كۆمەڵگە..سبەی ئەگەر هەموو زانكۆكان دەرگاكانیان دابخەن، هیچ روو نادات..

سبەی كەس نەچی بۆ مزگەوت، هیچ روو نادات..جوتیار زەوی نەكێڵێ، هیچ روو نادات...ئێمە سیستەممان نییە، چونكە دامودەزگایەكی باڵامان نییە كە سەرنجی كۆمەڵگە بدات، لە جوولەكانی تێبگات و دواجاریش ئاراستەی بكات، دەستنیشانی كێشەكان بكات و چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە.حیزب هەموو ئەركەكانی كورتكردۆتەوە بۆ چەند شتێكی سادە و ساكار كە ئیدامەدانە بە بوونی خۆی وەكو حیزب كە بانگەشە بۆ ئەوە دەكات كە بوونی ئەو وابەستەیە بە بوونی كوردەوە. چۆن لەگەڵ بەغدا رێك بكەوێ..

چۆن دڵی شیعە رازی بكات، چۆن لەگەڵ سوننە بكەوێتە دانوساندنەوە...چۆن داوای یەك ریزیی بكات، چۆن و چۆن..سیستەم واتە بوونی یەك پاكێچ، ئەمەش پەیوەستە بە پرۆسەی ئەقڵاندنەوە كە لە لای ئێمە نییە.

ئەحمەدی مەلا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە