جەژن و ڕووبەری گشتی

21/08/2018

پەیرەو ئەنوەر


لەڕاستیدا دەکرێت ئێمە جەژن وەک ڕووداو بە پڕۆسەی مەسرەفگەرایی و کرێخۆری ببەستینەوە. فەرهەنگی مەسرەفگەرایی دونیای ئێمە فەرهەنگێکی دەستەگەرایی و بەکۆمەڵە! دەستەگەرایی بەمانای ئەوەی ئێمە هەموومان بە کۆمەڵ و بەیەکەوە پەیوەندی بە ڕووبەری گشتییەوە دەکەین! هەموومان بەیەکەوە دەچین بۆ سەیران، بازاڕ، ئیسکان، سەهۆڵەکە، مۆڵە مۆدێرنەکان و چایخانە و ئیسراحەتخانەکان! بەڵام لەناو ئەو ڕووبەرە گشتییانەدا دابەشبوون و پارچە پارچەبوونێکی گەورەیە ئامادەیی هەیە! پێدەچێت بەشێکی ئەم دابەشبوونە پەیوەندی بە دونیای سەرمایەداریی و بازاڕەوە هەبێت.

بازاڕ لێرە وەک بونیادێکی لیبڕاڵ ڕۆڵ دەبینێت لە پڕۆسەی پارچە پارچەبوونەکە! لە ئیسکان وەک ڕووبەرێکی گشتی نرخی چایەک تەنها (٥٠٠) دیناری عیراقییە بەڵام لە کۆستەریکا کافێ ئەم نرخە دەگاتە دە ئەوەندە! ڕووبەری گشتی لە دونیای ئێمەدا بەتەواوی ڕووبەرێکی مردووە! هیچ هەندەسەیەکی کۆمەڵایەتی و ئابووری بونیاد و بکەرەکانی نێو ڕووبەرەکە بەیەکەوە نابەستێتەوە. ڕاستە ئێمە بە کۆمەڵ دەجوڵێین و پەیوەندی بە ڕووبەری گشتییەوە دەکەین بەڵام لەڕاستیدا هیچ پەیوەندییەک لەناو ئەو ڕووبەرەدا بەیەکترمان نابەستێتەوە و بەیەکەوەمان نالکێنێت و لەیەکترمان نزیک ناکاتەوە.

جەژن وەک کردەیەکی بەتاڵ 
وەهادەبینرێت کە جەژن لەدونیا ئێمەدا وەک سەرمایەکی ئاینی دەربکەوێت و ببینرێت! لێرە گوتارێکی ئاینیی ئامادەیە کە جەژن بەرهەمدێنێت و دەیجوڵێنێت و بەردەوامی پێ دەدات! بەڵام بکەرەکانی لەناو ئەم پڕۆسەدایە ناژین! جەژن وەک بونیاد ئامادەیە! ریتۆریکە ئاینییەکە ئامادەیە! چونکە جەژن وەک کردە لەگەڵ مزگەوت لە پەیوەندیدایە بەیەکەوە کاردەکەن، بەڵام کاراکتەرەکانی ناو جەژن بەردەوام لەیەکتر دووردەکەونەوە! ئەو سەردانیکردن و تەوقە و ماچکردنەی جەژن پڕۆسەیەکی تەواو بێ ڕۆح و بەتاڵە و زیاتر بۆ نەهێشتنی لۆمەی کۆمەڵایەتی و گلەیی کۆمەڵایەتییە نەک پڕۆسەیەک بێت جەژن وەک ڕووداوێکی تەواو سیۆلۆژییانە بەرهەمی بێنێت و دابەشی بکاتەوە. لێرەوە جەژن لە دیمەنێکی سینەمایی دەچێت، دوو کاتژمێری سەرەتاکەی دەیەوێت بجوڵێت و دواتر دەمرێت. جوڵەکانی بەر لەجەژنیش جوڵەیەکن مەسەلەی مەسرەفگەرایی و بازاڕ بەرهەمیاندێنێت و حیکایەتێکە تاک بە بازاڕ دەبەستێتەوە و هیچ بەهایەکی ئاینیانەی پێ نابەخشێت؛ لێرەوە جەژن لەبڕی ئەوەی لەدایک بێت، پێش وەختە دەمرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی