كورد لە نێوان بەرداشی مالیكی و عەبادی

21/08/2018

كه‌مال ره‌ئوف

كۆبوونەوەكانی نێوان كورد و سوننە، بۆ ئەوەیە بتوان پێكەوە سود لە كێشەكانی ناو ماڵی شیعە وەربگرن، وەك چۆن پێشتر شیعە سودمەند بوو لە كێشەی ناو ماڵی سوننەو كورد، ئەوانیش ئێستا تاقە پرۆژەیەكیان هەیە كە ئەوەیە لەوەزیاتر نەكەونە ژێر گوشاری هێزەكانی شیعەوە. ئەوەی تائێستا لەبازاری سیاسی و پێكهێنانی حكومەت یەكلا بووەتەوە، دروستبوونی دوو مەعسكەری دابەش بووە، بەسەر دوو بەرەدا كە سەری گوریسەكە لەهەردوو لا بەدەست شیعەوەیە، سەرێكیان خۆی بەنزیكی ئەمریكاو سەرەكەی تر خۆی بەنزیكی ئێران ئەزاێت. لەم دۆخەدا كە ئێران پاراستنی ئەمنی قەومی خۆی بەستۆتەوە بە وەزعی ناوخۆی عێراق و گوشارەكانی لەبەرامبەر سەركەوتنی بەرەكەی خۆیی روو لە زیاد بوونە، ئامادە سازی ئەكات  لەدەرەوەی سنوری خۆیی بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێك كە بەهۆی گرژیی و ئاڵۆزیەكانی لەگەڵ ئەمریكاو سعودیە بۆی هاتۆتە پێشەوە، بۆیە تارادەیەكی زۆر ئەستمە بروا بەوە بكرێت كە بەرەی كوردو سوننە دەتوانن تاسەر پێكەوە بمێننەوەو تەمەنی هاوپەیمانێتیەكەیان درێژ بێت، لەوەش زیاتر ئەگەر ئێران گوشارەكانی خەستتر بكاتەوە، رەنگە لەئەگەری مانەوەی پارتی لەگەڵ سوننە و لادانی بەلای بەرەی ئەمریكی، ئەوا جیابوونەوە لەنێو ماڵی كوردیشدا دروست بكات، بەتایبەتی پارتی و یەكێتی چیتر نەتوانن لە بەغداد پێكەوەبن.

پارتی مەبەستیەتی تاسەر سەریگوریسی كوردی بەدەستەوە بێت، زۆری كورسیەكانی و پشێویی ناو ماڵی یەكێتی و لاوازی لایەنەكانی تریش، ئەو حەزو ویستەیان بۆ دەستەبەر كردوە، بەڵام ئەگەر كار گەیشتە سەر ئەوەی یەكێتی لەنێوان ئێران پارتی یەكێكیان هەڵبژێرێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە دواجار زۆرینەی یەكێتی ئێران هەڵدەبژێرێت نەك پارتی، وەك ئەوەی لە شانزەی ئۆكتۆبەر روویدا. 

پارتی وەك هێزێكی تۆكمە و ئامادەسازتر لە هێزەكانی تر، بەرچاوی رونترەو لەم هەنگاوەیدا و دەیەوێت، ئەوەی لە ریفراندۆمەكەدا لەدەستداوە بەدەستی بهێَنێتەوە، ئێستا پارتی پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئێران رێكخستۆتەوە، دەیەوێت پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئەمریكاو شیعەو سوننەش بەرێتە ئاستێكی باشتر، بەڵام گرفتی ئەم دبلۆماسیەتەی پارتی لەوەدایە، ئێران و ئەمریكا چیتر سیاسەتی نەشیش بسوتێت نەكەباب یان لەپارتی ناوێت، جدی بوونی كێشەكانی نێوان ئێران - ئەمریكا لەوەزیاترە بتوانرێت لەیەك كاتدا هەردوولایان پێكەوە رازی بكرێت، بۆیە پارتی لەئێستاوە ئاراستەی كاركردنی ئەوەیە، ئەگەر زۆر تەنگەتاو كرا، دەیەوێت جگە لە هەندێك هێزی سوننە، یەكێتی بەچوار لایەنە نارازیەكەشەوە بەدوای خۆیدا پەلكیش بكات، خۆ ئەگەر كار گەیشتە سەر ئەوەی بەناچاری لەنێوان بەرەی ئەمریكاو ئێران یەكێكیان هەڵبژێرێت، ئەوكاتە هەر بریارێك بدات مەترسی و گوشارەكانی لەسەر كەم دەبێتەوە و دەتوانێت وەك هێزێكی فرە رەنگ، هاوسەنگی راگرێت.

هەرچەندە پێشتر بۆ كورد بەرەی عەبادی و مالیكی بەهەموو تاڵێ‌ و ترشیەكانیانەوە تەجروبە كراون، بەڵام پێناچێت بەدیوە ئیجابیەكەشیدا ئەوان  لەفەزای ئێستای عێراقدا بتوانن هیچ ئیمتیازێكیان بۆ كورد هەبێت، جگە لەپێدانی چەند پۆستێكی بێ‌ رۆڵی زەلیل بۆ ئەندامانی پارتە سیاسییەكان. بەپێچەوانەوە ئەو دوو بەرەیە هەر لایەكیان شانسی گرتنە دەستی دەسەڵاتیان هەبێت، جا كوردی لەگەڵ بێت یان نا، بەپێچەوانەی بەڵێنەكانی ئێستایان، بۆ رازیكردنی شەقامی عەرەبی ئەركیان هەڵپاچینی ئەو دەستكەوتانە دەبێت كە تائێستا دەستیان پێگەیشتوە، نەك پێدانی ئیمتیاز بەهێز گەلێك كە لەرابردوودا لەهەرێم و ناوچەكانی مادەی 140شكستی گەورەیان تۆماركردوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی