سەرکردە و سەرکردایەتی ڕاستەقینە

22/08/2018

لوقمان حاجی قادر

بە گشتی دەگوترێت کە هونەری سەرکردایەتی بریتییە لە چوونە نا دڵ و دەروونی خەڵک و زانینی پێداویستییەکانیان و دواتریش بەدەنگەوەهاتنیان ، سەرکردەکەش بە جیاوازی و جۆراوجۆری چەشنەکانییەوە ، ئەو کەسەیە کە دەتوانێت ڕەفتار و هەڵوسوکەوتی خەڵک بەرەو ئامانجێکی دیاریکراو ئاراستە بکات ، ئەڵبەتە ڕەوایی و ناڕەوایی ئامانجەکەش بە گوێرەی سرووشتی کەسەکان و هزر و بیرکردنەوەیان گۆڕانی بەسەردادێت ، بەڵام بەڵگەنەویستەکە ئەوەیە کە دەبێت سەرکردایەتی ڕاستەقینە ئامانجەکەی لەگەل بەرژەوەندی گشتیدا کۆک و تەبا و لەگەڵ ڕوحی ئەم سەردەمەی ئێستاشماندا هاوتەریب و گونجاو بێت. 

هەرچی پڕۆسەی سەرکردایەتیکردنیشە لە سێ پێکهێنەری بنچینەییەوە سەرچاوە دەگرێت کە بریتین لە (سەرکردە ، شوێنکەوتووان ،  بارودۆخی دەوروبەر) ، بە کارلێکردرنی هەرسێکیشیان سیما و ئەدگارەکانی پرۆسەکە ، جا چاک بێت یان خراپ ، شێوە کۆتاییەکەی خۆی وەردەگرێت.

 خودی کەسایەتی سەرکردە و ئەدگار و خەسلەتەکانیش ڕۆڵێکی گەورە و گرنگ دەگێڕن لە پڕۆسەی سەرکردایەتیکردندا ، بۆیە سەرکردەی ڕاستەقینە دەبێت تا ئاستێکی باش هەڵگریان بیت و لەوانەش : خاوەن کەسایەتییەکی بەهێز بێت وخەسلەتەکانی کارزیمایی تیدابێت ، خاوەنی متمانەداری بێت لای شوێنکەوتووان و جەماورە ، بابەتی و ئاقڵمەند و لۆژیکی  بێت ، داکەوتبینیی ( الواقعیە ) بەسەریدا زاڵ بێت نەوەک ئەفسانە خەون و خەیاڵ ، خاوەن دیدگایەکی ڕوون و ئاشکرابیت بۆ ئایندە ، لێبووردە و هێمن و لەسەرخۆ خۆنەویست بێت ، دامەزراو جێگیر و سەقامگیر بیت و پێتپێتی و ڕاڕاو دووڵ نەبێت ، وورد و بە دیقەت و خاوەن حەوسەلە و سەلیقە بێت ، بە گیانی تیمی کار بکات و هەمیشە ڕاویژ بە کەسانی دەوروبەری خۆی بکات ، تاکڕەو نەبێت لە پڕۆسەی بڕیارسازیدا و سوود لە ئەقل و ئەزموونی دەوروبەری وەربگرێت ، ڕێکخەر و پلانداڕێژەر و کارەکی (عملی) بێت ، بە باشی ژینگەی دەروونی و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی دەوروبەری خۆی بخوێنێتەوە ، ئاستێکی ڕۆشنبیری باشی هەبێت و خاوەن توانستی تیۆری و ئەزموونی کردەیی بێت ، توانستی پێشبینی ئایندەی هەبێت و هەمیشە خاوەن پلانی جێگرەوەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕووداوە لەناکاوەکان ، توانستی بڕیاردانی هەبێت لە کاتە ناوەخت و تەنگەتاوەکان ، گەشبین و خاوەن ئومێد و پشوودریژبێت...هتد.

لە هەمووشی گرنگتر بۆ سەرکردەیەکی ڕاستەقینە ئەوەیە کە خاوەنی لێوەشاوەیی و بەهرەمەندی بێت لە بواری جڵەوگیرکردنی دامەزراوەکەیدا و بتوانێت زۆر بە باشی کەرەستە ماددی و مرۆییەکانی بەردەستی لە بەرژەوەندی دامەزراوەکەی بقۆزێتەوە  ، ئەمەشی بۆ مەیسەر نابێت ئەگەر نەتوانی ڕێز لە توانست و لێوەشاوەیی فیگەرەکانی دەوروبەری خۆی بگرێت بەو پێیەی بەڕێوەبردنی دامەزراوەیەک جا لە هەر ئاستێکدابێت ، پێویستی بە کاری بە کۆمەڵ و ئەقڵی بە کۆمەڵ هەیە و کتومتیش وەک یارییە بە کۆمەڵەکان وایە و سەرجەم یاریزانەکان و ستافی ڕاهێنەران و تەندروستی و کارگێڕی بەیەکەوە پڕۆسەکە بەڕێوە دەبەن ، چونکە لە هەر دامەزراوەیەکدا تەنها یەک کارێزما نییە و چەندەها کارێزمای دیکە بە دەوری کارێزمای یەکەمەوە لە هاتوچۆدان و هەر یەکێکیشیان خاوەن کاریگەری و هەژموونی خۆیەتی و نابێت و ناکرێت فەرامۆش بکرێن و لاتەریک و پەراوێز بخرێن ، بەڵکو دەبێت شوێنیی شیاوی خۆیان لە دامەزراوەکەدا بگرن و کار و ئەرک و توانستەکانیشیان بنرخێندرێن ، خۆ ئەگەر کارێزمای یەکەمی دامەزراوەکە لەم کارەدا سەرکەوتوو نەبێت ، ئەوا تەواوی دامەزراوەکەی دەکەوێتە مەترسییەوە و لە لێواری داڕمان و هەرەسهێنان نزیکی دەکاتەوە یان بە تەواوی بەرە و لاوازبوون و سستی دەبات ، بەوپێەی هەر یەکێک لەو کاریزمایانە کاتێک هەست بە رێزداری و نرخاندنی تواناکانی خۆیان ناکەن و فەرامۆش و لاتەریک دەکرێن ، توانستی ئەوەیان هەیە گەمەکە تێک بدەن و دامەزراوەکە لێک هەڵوەشێنن یان بەلایەنی کەمەوە دامەزراوەکە بەجێ بێڵن ، بەمەش توانستە مرۆییە گرنگەکەی بەڕێوەبردنی دامەزراوەکە دەکەوێتە مەترسییەوە و ووردە ووردە کەسە نەشیاوە نالێوەشاوەکان شوێنی کەسە لێوەشاوەکان دەگرنەوە و بەمەش یەک لە ڕەگەزە گرنگەکانی سەرکردایەتی کە سەری هەڕەمەکەیە تووشی ئیفلیجی و پشێوی و بێ سەرەوبەرەیی دەبێت.

میژووش پێمان دەڵیت کە هەمیشە سەرکردە وەک تاک ڕۆڵی گەورە و کاریگەری بینیووە لە وەرچەرخانە گەورە مێژوویەکاندا و لە زۆر قۆناغی جۆراوجۆردا شوێنکەوتووەکانیان گەیاندۆتە کەناری ئارام ، ئەڵبەتە پیچەوانەکەشی هەر ڕاستە بۆ ئەوانەی پابەندی هونەری سەرکردایەتی ڕاستەقینە نەبوون و شوێنکەووتوەکانی خۆیان بەرەو کارەسات و ماڵوێرانی بردووە ، نموونەی ئەو سەرکردانەش بە هەردوو جۆرەکەیەوە لە مێژوودا دیار و بەرچاون ، هەر یەک لەوانیش کە توانیویانە وەرچەرخانی گەورە مێژووی بێننەکایە و و قەڵەمبازی مەزن بهاوێژن ، ئەوانە بوون کە لە ڕاییکردنی کاروباری ناوخۆی دامەزراوەکەیاندا تۆکمە و ڕێکخراوبوون و بە باشییش جڵەوگیرییان کردووە ، هیچ دامەزراوەیەکیش ناتوانی سەرکەوتن و دەستکەوتی دەرەکی بەدەستبێنێت ئەگەر پێشتر لە ناوخۆیدا ڕێکخراو و جڵەوگیر نەکرابێت ، ئەمەش ڕۆڵە گەورە و گرنگەکەی سەرکردەیە و چەندە بە لێوەشاوەییەوە ڕایی بکات ئەوەندە سەرکەوتوو و خاوەن دەستکەوتە بۆ خۆی دامەزراوەکەی.

 

لوقمان حاجی قادر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی