ئایا ئیتالیا داهاتووی کوردستانە؟

22/08/2018

سەردار عەزیز

چەند ڕۆژی ڕابوردوو لە شاری جێنەوا پردی مۆراندی داڕما. ئەم پردە کە بە بروکلینی (پردی ناسراوەی شاری نیویورک) ئیتالیا ناسراوبوو دەمێک بوو مایەی ڕەخنە و گازندەبوو. لەو ڕۆژەوە میدیاکانی دونیا ڕاپۆرتی جۆراوجۆر دەربارەی دۆخی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی ئیتالیا دەنوسن. هەمیشە روداوێکی وەها ساتەوختی دەرکەوتنی شاراوەکانە. لە هەمانکاتدا ئیدیتۆریاڵی ڕۆژنامەی گاردیان بە پارابیڵی ئیتالیای دەبینێت. پارابێل چیرۆکێکە کە هەڵگری سیمبول و ئاماژەناسی گەورەترە.
ئەوەی من مەبەستمە لێرەدا ئەوەیە کە:

یەکەم، ئەمپردە لە شەستەکان لە سەردەمی گەشەی عەقارات و خانوبەرە لە ئیتالیا، سەردەمی پاش جەنگی جیهانی دووەم، بونیادنراوە. بە مانایەکی تر لە سەردەمی گەشەدا دروستکراوە.
دووەم، لەم ڕۆژگارەدا ئیتالیەکان لە تای بونیادناندابوون هێندە بایەخ بە ووردەکاری و مادە و کەرەستەی بیناسازی نەدراوە، گرنگ دروستکردن بووە،
سێیەم، ئیتالیا بە وڵاتی مافیا ناسراوە، ئێستا ڕوونە کە مافیا بە هەموو جۆرەکانی، چ مافیای سیسیلیا، چ مافیای کالابریا، چ مافیای ناپۆلی هەموو دەستیان هەبوو لە دروستکردن و هەبوونی کۆمپانیای بیناسازی . ئەم مافیایانە گوێیان بە جۆری کەرەستە نەداوە بەڵکو کەرەستەی هەرزان و خراپی زۆریان بەکارهێناوە لە پێناو بە دەستهێنانی سودی زۆر.
چوار، چەند ساڵی ڕابوردوو کوردستان بەم قۆناغەدا تێپەڕی، ئەمڕۆ ئیتالیا دادەڕمێت، ئایا کوردستان لە چەند دەیەی داهاتوودا هەمان چارەنوسی دەبێت، لە کاتێکدا ئاشکرایە کە مافیا و خێرا دەوڵەمەندی زۆر دەستیان هەبوو لە کەرتی عەقاراتدا، کە ئەمرۆ کاری سیاسی پێئەکەن.

 

سەردار عەزیز

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی