سیاسەتی پانتایی (جوگرافیا): پەیوەندی کورد و ئەمریکا

25/08/2018

سەردار عەزیز

ئایا چی وەها دەکات چەکدارێکی کورد لە بن خەت (سوریا) دۆستی ئەمریکا بێت، هەمان چەکدار بپەڕێتەوە سەر خەت (کوردستانی باکور، تورکیا) یان بێتە کوردستانی باشور ببێتە دوژمنی ئەمریکا، بە ڕادەیەک ئەمریکا هاوکاری کوشتنی بکات؟

ئەم دیاردەیە چەند پرسێکی ئاڵۆز دەوروژێنێت کە ئاسان نیە بۆ کورد لێی تێبگات:

یەکەم، پرسی پانتایی (سپەیس) هەمان مرۆڤ لە پانتایی جیاوازدا، بۆ ئەمریکا هەمان مرۆڤ نیە. کەواتە کرۆکی پرسەکە پانتاییە، نەک ئایدەلۆژیا، یان دۆستایەتی.

دووەم، کاتێک پانتایی یان جوگرافیا، کرۆکی پرسەکەیە، ئایا ئەو پانتاییە، جوگرافی ڕووتە، یان جوگرافی ئۆبجێکتیڤە، یان جوگرافی سەبجێکتیڤە. ئەمە بە مانای ئەوە دێت ئایا ئەو جوگرافیایە نەگۆڕە یان گۆڕاوە. بە دڵنیاییەوە، جوگرافیا هەرگیز وەک خۆی نیە، بەڵكو لە میانەی پەیوەندی و ململانێدا دێتە ئاراوە، کەواتە ئەم جوگرافیایە بەردەوام گۆڕاوە، بە پێی سروشتی ململانێکان. 
سێیەم، کەواتە هیچ نەگۆڕێک نیە لە پەیوەندی نیوان ئەمریکا و هێزەکانی تر، بە تایبەتی کورد. 
چوارهەم، کاتێک کەسێک لە جێگایەکدا بە سودە و لە جێگایەکی تر مەترسی ئەوا پەیوەندیەکە لە سەر بنەمای سود یان ئامرازی بونیادنراوە.

بەم پێیە، ئەم پەیوەندیە هەرگیز نابێتە پەیوەندی: نە سەقامگیر دەبێت، نە فرە ڕەهەند دەبێت، نە دانپیاننانی تیادایە، نە هاوتایی. کرۆکی ئەم پەیوەندیە هێزە. هێز هەمیشە مۆلەق و ناسەقامگیر و گۆڕاوە. تەنها دەقێک پێویست بێت بۆ تێگەیشتن لەم دۆخە، هی پیاوێکی ئیتالیە، ناوی نیکۆلا میکیاڤیللیە.

سەردار عەزیز

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی