دیدی نەوەی نوێ بۆ هاوپەیمانی

25/08/2018

فەرمان ڕەشاد


چەند جارێکە گوێم لێدەبێ سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێ ناچینە هاوپەیمانیەکی عێڕاقی یەکێتی و پارتی تێدابێ! تێکەڵ نەکردنی وەرەقەی خۆت لەگەڵ یەکێتی وپارتی بەلەبەرچاوگرتنی ڕابردووی ئەو دوو لایەنە لەوقۆناغە هەڵوێستێکە ئیجابیە، بەڵام پرسیارە جدیەکە ئەوەیە ئایا هەر هاوپەیمانیەتیەک یەکێتی و پارتی تێدابێ خراپە و ئەوەی ئەوانیشی تێدانەبێ باشە دیدێکی لۆژیکیە؟

 

ئێمە دەزانین وەک چۆن خەڵک لێرە یەکێتی و پارتی بەگەندەڵی و پیاوی دەوڵەتان تۆمەتبار دەکەن، لەناوەڕاست و جنوبی عێڕاقیش بەهەمان شێوە ئەو هێزە شیعی و سوننیانە خەڵک خۆپیشاندانی دژیان کردوون و، بارەگایان سوتاندون و بەپیاوی وڵاتان تۆمەتبار کراون، بۆیە ئەگەر عەیبە بێ لەناو هاوپەیمانیەتیەک بی پارتی ویەکێتی تێدابی شانازیش نیە لەگەڵ ئەو لایەنە عێراقیانەش بی.

ئەی چارەسەر

دەبێ هەر هێزێک دنیابینی لەوە فراوانتر بێ لەسەر بنچینەی کاردانەوە سیاسەت بکات، بەتایبەت ئەگەر بۆ ئیتیهلاکی محەلی و ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک نەبێ بەوەی ئەگەر یەکێتی و پارتی بلێن ڕەش من دەڵێم سپی ئەوەش بە پێوەری سیاسەتی سەرکەوتو بزانی و پێت وابی ئەوە پێوەری ڕاستگۆیی تۆیە.

ئەگەر یەکێتی و پارتی بکەیە پێوەر بۆ هەڵوێستەکانت، مانای وایە خاوەنی هیچ دنیا بینیەکی درێژخایەن نی و ستراتیژیەتی خۆت لەسەر کاردانەوە بنیاتناوە، ئەو هاوپەیمانیانەی بەغدا هەریەکە و دیدی جیای هەیە، یەکێتی و پارتیش بچنە هەر هاوپەیمانیەک مانای وانیە ئەوی تر باشترە.

تۆ دەبێ بە روئیای خۆت بچیە بەغدا، یەکێتی و پارتی داوای وەزارەتی نەوت دەکەن بۆ شاردنەوەی مەلەفەکانیان تۆ داوای شتێکی باش بکە سودی بۆ خەڵک هەبێ، ئەوان ژێر بەژێر ڕێکدەکەون تۆ ڕێکەوتنی شەفاف بکە، جیاواز بون لە فۆرم و ستراتیژیەتی مامەڵەیە نەک کاردانەوە، دەبێ باشترین هاوپەیمانی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیان دەستنیشان بکەی بەبێ ئەوەی سەیری یەکێتی و پارتی بکەی چ هەڵبژێرن تۆ دژەکەی ئیختیار بکەی، بۆ ئەوەی بیکەیە بەڵگەی سەرکەوتن و دژایەتی یەکێی و پارتی، ڕاستە ئەوە بەشێوەی کاتی لای خەڵکی ناڕازی بازاڕی خۆتی پێ گەرم دەکەی بەڵام لە دوور مەودا هیچی لێ شین نابێ.

دەبێ ئەوەش بلێین نەوەی نوێ بە چوار کورسی ناتوانێ هەنگاوی گەورە و کاریگەری گەورە دانێ لەسەر سەنگی هاوپەیمانیەتەکان، بەڵام ئەوەی گرنگە خستنە ڕووی ئەو بابەتە بۆ لایەنەکانی تریش ڕاستە کە بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی