نوێترین پیلانی توركیا بۆ كەركوك

26/08/2018

ئارام هادی

لەنوێترین پیلانی دەوڵەتی توركیادا بۆ سەپاندنی هەژمونی خۆی بەسەر شاری كەركوكدا پڕچەككردنی بەرەی توركمانی شارەكە و سەردانی باڵیۆزی توركیا بو لەیەكەم ڕۆژی جەژنی قورباندا و لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند كە "كەركوك شاری باو و باپیرانیانە"ئەم دەستەواژەیە زۆر خەتەرە توركیا ئامانجی پاراستنی توركمانی شارەكە نیە و دەیەوێت بەهۆی ئەم لێدوانەوە ئاڵۆزی لەنێوان پێكهاتەكانی شارەكە دروست بكات و دواتر بەبیانوی پاراستنی توركمانەكانەوە هێزی سەربازی ڕەوانەی شارەكە بكات، وەك چۆن بەبیانوی پەكەكەوە هێزی لە دەڤەری دهۆك و هەوڵێر بڵاوە پێكردوە.

هاتنی باڵیۆزی توركیا لەعیراق بۆ شاری كەركوك و سەردانی خورماتو بەنهێنی و دوور لە چاوی كامێرا و تەنانەت ئەندامانی قەزای خورماتوش ئاگاداری سەردانەكەی باڵیۆز نەبون و لەبینای قەزای شارەكە لەگەڵ قائم قامیەت كە توركمانێكی شیعەیە كۆبۆتەوە بە بڕوای من دەوڵەتی عیراق بەتایبەت خودی عەبادی ئاگاداری ئەجێندای سەردانەكەی باڵیۆزبوە و ئەمانە زنجیرە پێشهاتێكی نوێن كە لەدوای سەردانی عبادی بۆ توركیا ڕوودەدەن و لە شەهیدكردنی مام زەكی شەنگالیەوە دەستی پێكرد و دواتر ئەم شەكرشكاندنەی لێكەوتەوە و بەمەش تەواو نابێت.

لەكاتێكدا بە بەڵگەسەلمێنراوە كە كەركوك لەڕووی مێژوویی و جوگرافیەوە شاری كوردانە و فرەپێكهاتەیە و سەرباری توندی ململانێی هێزە ناوخۆیی و ناوچەییەكان لەوشارەدا تا ئێستا پێكدادانی پێكهاتەكانی لێ نەكەوتۆتەوە، دەوڵەتی توركیا لەڕابردوو چەندین پیلانی لەدژی شارەكە داڕشت خۆشبەختانە هەمووی شكستی هێنا هەرزوو توركیا نیازی بوو لە ڕێگەی داعشەوە شارەكە وێران بكات و كۆنترۆڵی بكات دواتر سەد تیرۆرستی ناردە شارەكەوە و پڕۆژەی گاڵتەجاڕی ڕیفراندۆمی بەسەر سەركردایەتی كورد دا سەپاند كە دواجار ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری بەدواداهات ئەمەش بەدڵی توركیا نەبوو، ئێستاش ئامانجی خزمەتكردن و پاراستنی توركمانی شارەكە نیە هێندەی دەیەوێت پێكهاتەكان بدا بەیەكدا و سود لە بۆشایی ئەمنی وەربگرێت بۆ هاتنەناوەوەی سوپاكەی بۆ كەركوك.

دەبێت سەركردایەتی كورد پێكهاتەكانی ناو كەركوك بە خودی توركمانیشەوە دژی هەوڵی نانەوەی ئاژاوەكانی توركیا بوەستنەوە و ڕێگە لە چاوچنۆكیەكانی توركیا بگرن كه تەنها مەبەستی داگیركردنی شارەكەیە نەك پاراستنی توركمانەكان، خاڵی جەوهەری تا ئێستا ئەوەیە دەوڵەتی توركیا چی پیلانێكی لەدژی كەركوكیەكان داڕشت بێت سەری نەگرتوە و وەك كەفی سەرئاو شكستی هێناوە، هیوادارم كورد و عەرەبی ڕەسەن و توركمانەكانی شارەكە پێش هەركەس و لایەنێكیتر شكست بە پیلانی توركیا بهێنن دواتر حكومەتی عیراق لەڕێگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكانییەوە شكست بە پیلانەكە بهێنێت و زۆر پێویستیشە كورد زۆر بە وریایانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پیلانەی توركیا بكات و وەك هەمیشە كاربكات بۆ شكست پێهێنانی.

ئارام هادی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی