داعشی كەركوك

27/08/2018

لەتیف فاتیح فەرەج

لە سنوری قەزای حەویجەو ناحێكانی جگە لە جادەكان و ناوەندی شارو شارۆكەكان هیچ كوێی تر بە دەست هێزە عێراقیەكانەوە نیە ، رۆژانە داعش هاو چۆدەكەن و دێن و دەچن و خەڵكی ناوچەكە دەبینن ، بێ‌ ئەوەی هیچ بێتە ڕێگەیان ، داعشەكان ئێستا وەك جاران توندو تیژی هەڕەمەكی ناكەن ، واتە بۆ ئەوان هەموو خەڵك ئامانج نیە ، كەل و پەل بە دۆلاردەكڕن و پێدەچێت جگە لە دۆلار پارەی تریان نەبێت ،ئەوانە نەك هەر لە سنوری حەویجە ، بگرە لە سنوری خورماتوو داقوق و دوبزیش هەن ، بەڵام بە هەمان رێژەو بەو ئاشكراییە نا.

داعشەكانی كەركوك ناوچەیەكی فراوانیان بە دەستەوە یە بۆ هاوچۆ ، هەروەها هیچ لەمپەرێك نیە بۆ ئەوەی دزە بكەنە ناوچە كورد نشینەكان ، جگە لەوەی رەنگە خۆیان نەیانەوێت ، ناوچە كوردنشینەكانی نەوجول تاسنوری قادركەرەم ناوچەیەكی فراوان و بەربەرە ڵان ،نەحكومەتی عێراقی وەك پێویست خۆی كردوە بە خاوەنیان ، نەحكومەتی هەرێمی كوردستان لە خەمیاندایە ، هێشتنەوەی داعش لەو سنورە و بە و شێوەیە گومان و قسەی زۆر هەڵدەگرێت ، ئەوان لە هەندێ‌ شوێن بە جلی سەربازی و ناسنامەی حەشدو سەربازیەوە دێن و دەچن لەوەش بێمنەتن كە دەبینرێن یان نا ، زۆر كەم كەسیش بوێری ئەوەی هەیە هەواڵیان لێبدات ، تا رادەیەكی زۆر لە هەموو گوندەكانی سنوری حەویجە لایەنگرو هەواڵدەر خۆیان هەیەو لە هەندێ‌ گوند ئەوانەی داعش گرتونی یان كوشتونی بە رێنمایی و راپۆرتی كە سانی هەمان گوند بووە ، تەنانەت یەكێك لە دۆستە عەرەبەكانی من كەماوەیەكی زۆرە داعش بردویەتی و ئێستا هەواڵی ئەوەهەیە گوایە ماوەو لە سنوری سوریا لە زیندانی داعشدایە ، لەلایەن نزیكترین كەسی خۆیەوە راپۆرتی لەسەر درابوو . 

داعشەكانی كەركوك گەرچی ئێستا زۆر هەڕەشەنین بۆسەر كوردو وادەردەكەوێت كە ئەوان هەر دژی شیعە بن و بەس ، بەڵام لە داهاتودا هەر ئەوان دەبنە مەترسیەكی گەورە بۆ سەر كوردی كەركوك و دەورو بەری ، بە بڕوای من ئەگەر ئەم داعشانە هەر بەو جۆرە لەو سنورە بمێنن ، زۆر پێدەچێت لە ئایندەدا حكومەتی عێراقی یان دام و دەزگاكانی ناوچەكە لە گەڵیان رێكبكەون ، یان بە هەر شێوەیەكی دیكە ، ئەوە بۆچوونەو هیچی تر .

لەتیف فاتیح فەرەج

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە