كەركوك لە كوێی ئەو هەموو پرۆژانە دەبێت؟

27/08/2018

هیوا سەید سەلیم

ئەگەرچی ماویەكی زۆر بەسەر هەلبژاردنی 12 ئایار ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تێدەپەڕێت،  بەڵام چەند رۆژێكە جموحۆڵەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی تازەی حكومەتی عێراق گەرمتر دەبن، ئەمەش دوای ئەوە هات كە سەرۆك كۆمار وادەی یەكەمین دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی دیاریكرد.
 لە هەولێرەوە شاندی پارتی و یەكێتی روو لە بەغدا دەكات، لەوێشەوە شاند لە دوای شاند بەرەو هەولێر دێت، لە لایەكی تر هەر لە هەرێمی كوردستان چوار لایەنی ناڕەزایی هاوپەیمانیەتێك بۆ كاركردن لە بەغدا درووست دەكەن،  نەوەی نوێش ڕایدەگەیەنێت لەگەڵ دوو هێزەكەی یەكەم ناچێتە ناو هیچ هاوپەیمانیەتێك، واتا كورد تا ئێستا بەسێ تیمی جیا دەچێتە ناو یاریەكە، تیمی پارتی و یەكێتی و تیمی دووەم هاوپەیمانی ناڕازیەكان و سیەم تیمیش كە خاوەنی چوار كورسی نەوەی نوێیە.
ئەوەی جێگای تێبینیە هەموو ئەو شاندانەی دەچنە بەغدا وە لە بەغداشەوە دێنە  هەرێمی كوردستان باس لە پرۆژەی خۆیان دەكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتی تازە كە هەنگاوی یەكەمیش بە درووستكردنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی تێدەپەڕێت.
بەڵام بە هۆی نەبوونی شەفافیەت لە كۆبوونەوەی لایەنەكان لە لایەك و نەخستنەڕووی پرۆژەی لایەنەكان بۆ ڕای گشتی و میدیاكان لە لایەكی تر، وامان لێدەكات بپرسین كە ئایا كەركوك لە كوێی ئەو پرۆژانە دەبن؟
كەركوك كە بۆتە هێمای ناوچە كێشە لەسەرەكانی تری كوردستان، لە چەند ساڵی دوای رووخانی رژێمی سەدام،  وە  لە تەواوی كابینە یەك لە دوای یەكەكانی دوای پرۆسەی ئازادی عێراقدا،  پرسی گەورەی  ناكۆكی نێوان هەرێم و بەغدا بووە،.
پرسێك كە لە چوارچێوەی دەستووری عێراق دەرچەی چارەسەری یاسایانەی بۆ نووسراوە لەچوارچێوەی ماددەی (140) دەستور.

بەڵام لە ڕابردوودا  كارنەكردن  بەو ماددەیە، نەك ئایندەی ئەو ناوچانەی بە هەڵواسراوی هێشتۆتەوە،  بگرە پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم و بەغدای گەیاندە شوێنێك كە ئەو پرسە بە ئاقارێكی مەترسیدار دابردرا،  كە تا ئێستاشی لەگەڵ دابێت كەركوك قوربانیە گەورەكەیە.

لە ئێستادا كە نەیارەكانی دوێنی هەرێم و بەغدا ، ئەوانەی كە ماوەیەكە ئامادەنبوون لەسەر یەك مێز بەیەكەوە دابنیشن بۆ چارەسەری دەستوریانەی پرسێكی وەك پرسی كەركوك،  ئەمرۆ زوو زوو بەیەكەوە دەبینرێن و پلان بۆ ئایندەی حوكمڕانی عێراق دادەنێن.

بۆیە دەپرسین ئایا چارەسەری  پرسی كەركوك لە ئەجێندای كام لایەن دایە؟  كامە پرۆژە بە ڕاشكاوی پێداگری لەسەر چارەسەری پرسی كەركوك كردووە؟

ئاشكرایە كە دەرنجامەكانی هەڵبژاردنی 12حوزەیرانی ئەنجومەنی نوێنەرانی وا كەوتۆتەوە كە تا ئێستا هیچ یەك لە لیست و هاوپەیمانیەكان نەیانتوانیوە بەبێ كورد كوتلەی گەورەی پەرلەمانی پێكبێنن، هەر بۆیەشە هەموو لایەكیان بە گەرمی لە دەرگای ماڵی كورد دەدەن.

ئەمەیان دەرفەتێكە كە ئەگەر ئەوانی تریش كەركوك لە ئەجیندایان نەبێت،  كورد بۆخۆی بە هەموو لیستەكانی كەركوك بكاتە پێشمەرجی هەر دانوستانێكی لەگەڵ پێكهاتەكانی تر، واتا كەركوك لەسەرووی هەر دەستكەوت و  بەرژەونەدیەكی حزبی سەیر بكرێت،  كە لەرابردوو وانەكراوە، بگرە پ كەركوك كراوتە قوربانی پۆست و ئیمتیاز.
دواجار دەڵێین هەر لایەنێكی كوردستانی كە  دەلێت:  من سازش لەسەر پرسی كەركوك ناكەم،  پێویستە پرۆژەی خۆی بۆ ڕای گشتی بخاتەڕوو، تا بۆ جارێكیش بێت كەركوك نەكرێتە قوربانی پرۆژەی زۆر و دانیشتنی پشتی پەردەی نێوان لایەنە سیاسیەكان. 


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی