با گه‌شبین بین

28/08/2018

کامەران وریا قانع


سه‌ره‌تا جیهان به‌ گشتی به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كی هێمنتر و ته‌ندروستر و ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌روات،به‌ڵام بۆ زانین و هه‌ست پێكردنی ئه‌م راستیانه‌ پێویسته‌ بیره‌وه‌ری خراپ كۆنترۆڵی بیركردنه‌وه‌مان نه‌كات، با سه‌رنجێك له‌م داتایانه‌ی جیهان  بده‌ین كه‌ به‌راوردی نێوان سه‌رده‌مه‌ جیا جیاكانی مرۆڤه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مرۆدا .
سه‌ره‌تا  له‌ ئاستی جیهان
له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م تێكرای كاركردنی هه‌ر مرۆڤێك نزیكه‌ی 60 كاتژمێژ بوه‌ له‌ هه‌فته‌یه‌ك ئه‌مرۆ نزیكه‌ی 40 كاتژمێره‌، په‌نجا ساڵ له‌مه‌و پێش ئافره‌ت نزیكه‌ی هه‌فتانه‌ 60 كاتژمێری سه‌رف ده‌ركرد به‌ كاری ناو ماڵ ئه‌مرۆ نزیكه‌ی 15 كاتژمێژه‌، له‌ سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌ نزیكه‌ی 15 له‌ سه‌د له‌ ئه‌وروپیه‌كان و ئه‌مریكیه‌كان  توانای نووسین و خوێندنه‌وه‌یان هه‌بوو ( ره‌نگه‌ كورد زۆر له‌و رێژه‌یه‌ كه‌متر بێت) به‌ڵام ئه‌مرۆ نزیكه‌ی سه‌دا 90 خه‌ڵكی جیهان  ئه‌وانه‌ی له‌ ژێر ته‌مه‌نی 25 توانای خوێندنه‌وه‌و نووسینیان هه‌یه‌ ، مرۆڤ له‌ سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیست تێكرای ته‌مه‌نی 50 ساڵ بوو، به‌ڵام ئه‌مرۆ نزیكه‌ی 70 ساڵه‌، سی ساڵ پێش ئێستا تێكرای ئه‌و مرۆڤانه‌ی له‌ هه‌ژاریه‌كی كوشنده‌ ده‌ژیان رێژه‌كه‌ی   37 له‌ سه‌دا بو ئه‌مرۆ بوه‌ به‌ 10 له‌ سه‌دا،  دوو سه‌د ساڵ پێش ئێستا سه‌دا 90 مرۆڤایه‌تی رووبه‌رووی برسیه‌تی كوشنده‌ بوونه‌ته‌وه‌،، به‌ڵام ئه‌مرۆ ته‌نها سه‌دا 10یه‌ رێژه‌كه‌. له‌ مێژوودا به‌رده‌وام ئیمیراتۆره‌كان له‌ناو شه‌ڕه‌كان ده‌ژیان له‌گه‌ڵ یه‌كتری، به‌ڵام ئه‌مرۆ ئه‌و شه‌رانه‌ نه‌ماون، دوامین جار كه‌دوو هێز گه‌وره‌ شه‌ریان كردبێت 65 ساڵ پێش ئێستا بوه‌ له‌ نێوان چین و ئه‌مریكا.ئه‌مرۆ شه‌ره‌كان كه‌متر ترسناكتر و كوشنده‌ تر و مرۆڤه‌كان كه‌متر ده‌مرن له‌ شه‌ره‌كان. په‌نجا ساڵ پێش ئه‌مرۆ رێژه‌ی شه‌ره‌كان له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان 22 بوو له‌ سه‌د ئه‌مرۆ بوه‌ به‌ 1.2. ئه‌مرۆ سیسته‌می دیموكراتی له‌ دوو ده‌ی پێشتر باشتره‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان ، مرۆڤایه‌تی قه‌ت ئه‌م دیموكراسیه‌ی ئێستا هه‌یه‌ به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌. دوو له‌سه‌ر سێ خه‌ڵك ئه‌مرۆ له‌ سایه‌ی دیموكراسی ژیان به‌سه‌ر ئه‌به‌ن. ئه‌مرۆ ولاتانی ئه‌وروپای رۆژئاوا یه‌ك له‌سه‌ر سی پێنج 1/35  ده‌رفه‌تیان هه‌یه‌ ببنه‌وه‌ هێزی داگیر كه‌ر وه‌ك له‌سه‌ره‌تاكی سه‌ده‌ی رابردوو.
دۆخی مرۆڤی كورد له‌ ئاستی كوردستانی باشور
 ئه‌زموونی په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردن و تازه‌ هاتوونه‌ته‌ ناو كۆمه‌ڵگای كوردیه‌،هه‌روه‌ها بوونی هه‌زاران رێكخراوی سه‌ربه‌خۆ یاخود تایبه‌ت به‌ بواری جیا جیا وه‌كو ژینگه‌،،كه‌مئه‌ندامان، ،كرێنشینان، منداڵ پارێزی..هتد. من كێشه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نیه‌ ئه‌مانه‌ به‌ حزبی كراون به‌ڵام وه‌كو ده‌زگا پێش په‌نجا ساڵ نه‌بوون.
له‌ رووی ئابوری و ته‌ندروستی و ئاوادان كردنه‌وه‌. گومانی تیا نیه‌ بارو دۆخی ئابوری تاكی كورد و خێزانی كورد له‌ ئێستادا به‌راورد به‌ په‌نجا ساڵ  یاخود سه‌ره‌تای راپه‌رین  باشتره‌، هه‌ر له‌ ژماره‌ی ئۆتۆمبێله‌وه‌  بگره‌، جاران له‌ شاره‌ گه‌وره‌كانی كوردستان ته‌نها خێزانه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان و به‌رپرسانی ده‌وڵه‌وت خاوه‌ن ئۆتۆمبێل بوون ، به‌ڵام ئه‌مرۆ زۆربه‌ی خێزانی كوردی خاوه‌ن ئۆتۆمبێلن، زۆر بوونی ژماره‌ی شه‌قامه‌كان وگه‌ڕه‌كان 
 و پاڕكه‌كان تازه‌كان بگره‌،جاران شاره‌ گه‌وره‌كانی كوردستان به‌ 10 ده‌قه‌  به‌ ئۆتۆمبێل هه‌مووت به‌سه‌ر ئه‌كرده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مرۆ ته‌نها گه‌یشتن به‌ شوێنی كارت زۆر زیاتری ئه‌وێت له‌و ماوه‌یه‌.له‌ رووی ئاودان كردنه‌وه‌ په‌نجا ساڵ پێش ئێستا ژماره‌ی خه‌سته‌خانه‌كان و بنكه‌ی ته‌ندروستی و  قوتابخانه‌كان و مزگه‌وته‌كان و چایخانه‌كان و خورادنگاكان و ده‌رمانخانه‌كان و  شوێنه‌كانی كات به‌سه‌ر بردن زۆر كه‌متر بوون له‌وانه‌ی ئێستا ( به‌ داخه‌وه‌ ئامارێكی دروستم لا نیه‌، به‌ڵام یه‌كێك له‌ داواكارییه‌كانی ئه‌ندام په‌رله‌مان له‌ سیه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو له‌ لایه‌ن مێژوو نووس ئه‌مین زه‌كی به‌گ بۆ حكومه‌تی عێراقی ره‌زامه‌ندی نیشان بدات ده‌رمانخانه‌یه‌ك له‌ سلیمانی بكاته‌وه‌) هه‌روه‌ها له‌ بیرمه‌ له‌ سه‌ره‌تای راپه‌رین خه‌ڵك بۆ گرتنی ئه‌شعه‌ی ملوه‌ن ده‌بوایه‌ بچونایه‌ شاره‌ گه‌وره‌كانی عێراق وه‌كو موسڵ و به‌غدا، وه‌ به‌ گشتی ته‌مه‌نی مرۆڤی كورد پێش په‌نجا ساڵ به‌ تێكرای وه‌ری بگریت كه‌متر بوه‌ له‌ ته‌مه‌نی مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه‌، وه‌ له‌ ناوچوونی نه‌خۆشیه‌كانی سیل و مه‌لاریا و سوریژه‌و كه‌ رێژه‌یه‌كی زۆری مرۆڤی كوردی ئه‌كوشت ئه‌مرۆ ئه‌م نه‌خۆشیانه‌ كه‌مبونه‌ته‌وه‌، له‌ رووی به‌ره‌هه‌م هێنانی وه‌زه‌ ئه‌مرۆ كوردستان نزیكه‌ی 3000 میگا وات كاره‌با به‌رهه‌م ده‌هێنێت به‌راورد به‌30 ساڵ كه‌ته‌نها نزیكه‌ی 400 میگا وات بوو به‌ هه‌ردوو به‌ندوای دوكان و ده‌ربه‌ندیخانه‌وه‌( به‌ گوێره‌ی هه‌ندێك زانیاری ئه‌م كاره‌بایه‌ به‌شی 24 كاتژمێر به‌ به‌رده‌وامی هه‌موو كوردستان ده‌كات ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی زانستی و دور له‌ ته‌جاوزات دابه‌ش بكرێت )،به‌رهه‌م هێنانی ئاو ئه‌مرۆ له‌ شارێكی وه‌كو سلێمانی نزیكه‌ی رۆژانه‌ 500 هه‌زار مه‌تر سێ جا ئاو به‌رهه‌م ده‌هێنیرێت ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی زانستی دابه‌ش بكرێت و كه‌مو كورتیه‌كانی نه‌مێنێـت ئه‌و بڕه‌ ئاوه‌ به‌شی(000 00 2.5) دوو ملیۆن و نیو مرۆڤ ده‌كات، به‌ گوێره‌ی پێوه‌ره‌كانی نه‌ته‌وه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ، به‌ڵام ئه‌م بڕه‌ ئاوا له‌ په‌نجا ساڵ پێش ئێستا نه‌بوو.
زۆربه‌ی منداڵانی خێزانه‌كانی ئه‌مرۆ به‌راورد به‌ خێزانه‌كانی سه‌ره‌تای راپه‌رین له‌ ژینگه‌یه‌كی باشتر گه‌وره‌ ده‌بن، هه‌ر له‌ رووی ته‌ندروستیه‌وه‌ بۆ  جۆری په‌روه‌رده‌ كردن و بوونی ده‌یان یاری مندڵانه‌ و ئامێری ئه‌لكترۆنی له‌ ماڵه‌كان، به‌گشتی باوكان و دایكی ئه‌مرۆ زیاتر رێز له‌ جیهانی مندالان و هه‌ست و سۆزیان ده‌گرن تا په‌نجا ساڵ له‌مه‌وپێش.
 ئه‌ی بۆچی مرۆڤی كورد هه‌ست به‌م هه‌موو پێشكه‌وتنه‌ ناكات و به‌رده‌وام ره‌شبین و پڕ گله‌ییه‌؟
زانایان دوو هۆكار بۆ ئه‌وه‌ دا ئه‌نێن
- بیره‌وه‌ری خراپ كه‌ هه‌ست و زۆرمانی داگیر كردوه‌،ئه‌م جۆره‌ بیره‌وه‌ریه‌ وامان لێده‌كان به‌رده‌وام له‌ ترس بژین و هه‌ست بكه‌ین ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌ له‌ ده‌ستی بده‌ین، به‌جۆرێك ئه‌م جۆره‌ بیركردنه‌وه‌یه‌ پێ ده‌ڵین بیركردنه‌وه‌ی مه‌رگ دۆستی
- ده‌زگاكانی راگه‌یاندن كه‌ به‌رده‌وام ئه‌و هه‌وڵانه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌ كه‌ مرۆڤ به‌ره‌و ره‌شبینی و غه‌مۆكی به‌رن، راسته‌ ده‌بێـت راستیه‌كان هه‌مووی بگوازرێته‌وه‌ ، به‌ڵام ژیان ته‌نها هه‌واڵه‌ ناخۆشه‌كان نیه‌، تا ئێستا چ ده‌زگایه‌ك یان سایتێك باسی ئه‌وه‌ی كردوه‌ كه‌ بۆ نموونه‌ له‌وڵاتێك ماوه‌ی 40 ساڵه‌ی شه‌ری تیا نه‌بوه‌و خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ ئاسوده‌ی ئه‌ژین.
له‌ كۆتایی ئه‌و هه‌واڵه‌ خۆشه‌ی ئه‌لگۆر جێگری پێشوی  سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌رباره‌ی گه‌رم بوونی زه‌وی و كه‌ش و هه‌وا ، كه‌ ده‌ڵێت ره‌نگه‌ له‌ داهاتوویه‌كی نزیك  ئیتر مرۆڤایه‌تی  ته‌نها  پشت  به‌ وزه‌ی رۆژ و هه‌واو ئۆقیانوسه‌كان ببه‌ستێت كه‌ ئیتر ژینگه‌كه‌كه‌شمان پاك ده‌بێـته‌وه‌ وزاڵ ئه‌بین به‌ سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ پله‌ی گه‌رمای زه‌وی. کامەران وریا قانع

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی