ئایا هەڵبژاردن دەكرێت؟

28/08/2018

عارف قوربانی

ئایا هەڵبژاردن دەكرێت؟ ئەمە پرسیارێكە رۆژانە لە كۆڕ و كۆبوونەوە و دیدار و تەنانەت لەناو پرسەشدا بەرەوڕووت دەبێتەوە. ئەمە لەكاتێكدا دەبوو ساڵێك پێش ئێستا كوردستان ئەم هەڵبژاردنەی كردبا، پارساڵ بێ‌ هیچ پاساو و بیانوویەكی واقیعی، پەرلەمانی كوردستان بۆ ساڵێك تەمەنی خۆی درێژكردەوە و وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیان لە 2017 وە هێنایە 2018. ئەمساڵیش بە هۆكاری جیاجیای نالۆژیكی وادەكەیان دواخست بۆ كۆتا رۆژی ئەیلول و ئێستا دەیانەوێ‌ خۆیان لەوەش بدزنەوە.

خەڵكی كوردستان ناهەقیان نییە بەو ئەندازەیە دوودڵ بن لەوەی هەڵبژاردن دەكرێت یاخود نا، چونكە دەزانن هیچ شتێكی چەسپاو لە كوردستاندا نییە. نە پابەندێتییەكی دەستووری، نە چوارچێوەیەكی یاسایی نە بنەمایەكی ئەخلاقی، نە پرەنسیپێكی دیموكراسیی ئەوتۆ كە هێزە سیاسییەكان پێوەی پابەندبن. هەندێ‌ لەم هێزانەی سەر گۆڕەپانی سیاسی لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەكانی خۆیان و هێزەكانی پشتیانەوە لە كایەكانی ئەم نیشتیمانە دەڕوانن، هەركات پێیانوابوو كارێك لە بەرژەوەندیی خۆیانە، دەیكەن و ئەوەشی زیانی بۆ پەزەكانی خۆیان هەبێت، سەت بیانووی لابەلای بۆ دەبیننەوە و نایكەن. ئیتر ئەو پرس و بابەتانە چەند پەیوەندییان بە بەرژەوەندیی میللەتەوە هەبێت، لای ئەوان بایەخێكی نییە. 

ساڵی پار وادە و تەمەنی یاسایی پەرلەمان و حكومەت كۆتایی هات، دوو ساڵ پێشتریش وادەی سەرۆكایەتی هەرێم كۆتایی هاتبوو، بەبێ‌ هەڵبژاردن و پرۆسەیەكی دیموكراسی وادەكەی درێژ كرابووەوە. هەرێمی كوردستان لەبەردەم لۆمەیەكی زۆردابوو كە پاشەكشەی لە دیموكراسی كردووە و خەریكە ئەو شانازییەی نامێنێ‌ كە خۆی لە عێراق و وڵاتانی دراوسێ پێ‌ جیادەكردەوە. بێ‌ هیچ بیانوویەكی قەناعەتهێنەر ماوەیەك پێش وادەی هەڵبژاردن، پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژ كردەوە. دواتر كە 16ی ئۆكتۆبەر روویدا، گومان دەكەیت رایەڵەیەك لە نێوان ئەو دوو بابەتە هەبووبێت، ئەوانەی لە پشتەوە گوشاریان دەكرد هەڵبژاردن لە كوردستان نەكرێت، سەرقاڵی پلانی داگیركردنەوەی ئەو بەشەی كوردستان بوون. تەنانەت بۆ ئەمساڵیش كە رێگە نەدرا پێش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە كوردستان هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت، گومانی ئەوە دەكرا پلانی تر دژ بە كوردستان لەئارادا بووبێت. 

بەڵام لەلایەك دەرئەنجامە چاوەڕواننەكراوەكانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لەلایەكی تریشەوە كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و توندبوونی ململانێكانیان، هاوكێشەكانی گۆڕی و دەرفەتێكی تری هەستانەوەی خستەوە پێش كوردستان.  

پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ هەلومەرجێكی وەك ئێستا، بۆ دۆخی دوای رووداوەكانی گشتپرسی و 16ی ئۆكتۆبەر كە كوردستانی لە دونیای دەرەوە دابڕی، بەتایبەت لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە بەهۆی ئەو سیستەمە ئەلیكترۆنییەوە تانەیەكی زۆر كەوتە سەر ئەنجامەكانی و سومعەی عێراقی خستە ژێر پرسیارەوە، بۆ دۆخێكی وا زۆر گرنگە كوردستان هەڵبژاردنێكی دیموكراسیانە، پاك و دوور لە ساختەكاری بەڕێوەبەرێت. سەرباری بوونی هەر گومان و مەترسییەكی پێشوەختە لەسەر تۆماری دەنگدەران و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، دەرفەتی ئەوە هەیە كوردستان هەڵبژاردنێكی تەواو جیاواز لەوەی عێراق بكات. بەڵام پرسیار ئەوەیە كە ئایا خاوەن تەڵەكان دەهێڵن كوردستان لەم رێگەیەوە هەستێتەوە؟ 

ئێستا كەموكورتیی ئەو سیستەمە هەمووی لەبەرچاوە و لایەنەكانی كوردستان پێكەوە بڕیاریان داوە كار بە بەشێكی نەكرێت كە گومان دەكرێت لە رێگەیەوە یاری بە ئەنجامەكان بكرێت. هەموو ئەو هێزە سیاسییانەی لە پەرلەمان پێگەیان هەیە، لە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان نوێنەریان هەیە و بەشدارن لە بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن، هێشتاش دەرفەت ماوە چ رێكارێكی تر بە پێویست بزانرێت بۆ دڵنیابوون لە نەزاهەتی هەڵبژاردن بگیرێتەبەر و زەمینەی دروستبوونی دڵنیایی زیاترە وەك لە مەترسی. بۆ كوردستانیش دەرفەتێكە بۆ هەستانەوە، بۆ تێپەڕاندنی ئەو مەترسیانەی لەسەرمانن. 

بەڵام ئەوەی مایەی هەڵوەستەیە، ئەو پێشنیاز و فشارانەیە كە لەلایەن هەندێ‌ لە هێزە سیاسییەكانەوە خراوەتەگەڕ بۆ سەرلەنوێ‌ دواخستنی هەڵبژاردن بۆ دوو ساڵی دیكە. بەڕاستی جێی پرسیارە بۆچی دەیانەوێ‌ هەڵبژاردن نەكرێت؟ ئەگەر گومان لەوە دەكەن كە پارتی و یەكێتی زۆرینەی كورسییەكان بەرن و پێكەوە بۆ چوار ساڵی دیكە حوكمڕانی بگرنەوە دەست، ئەی چ حیكمەتێك لەوەدایە كە ئێستا حكومەت لای ئەو دوو هێزەیە و تۆ دەتەوێ بەبێ‌ هەڵبژاردن دوو ساڵی تری پێ ببەخشیت؟ 

بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لێكەوتە و سلبیاتەكانی هەرچییەك بن، زۆر كەمترن لەو كێشانەی بەهۆی دواخستن یان ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەوە رووبەڕوومان دەبنەوە. ئەوانەی دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنن لە كوردستان، پاڵنەرەكانیان هەرچییەك بێت، خزمەت بە ئایندەی كوردستان ناكەن. بەڵكوو كارەكەیان دەچێتە چوارچێوەی ئەو ئەجندایانەی دەیانەوێ‌ قەیرانەكان لە وڵاتەكانی خۆیان دووربخەنەوە و مەبەستیانە كوردستان ببێتە شوێنی گواستنەوەی قەیرانەكانیان. ئەو هێزگەلە دەرەكییانەی كە دەیانەوێ‌ هەرێم لەم دۆخە چەقبەستووە بهێڵنەوە، بەدڵنیاییەوە ئامانجی شاراوەیان هەیە و پێویستی بە ژینگەیەكی پڕ لە كێشە و قەیران دەبێت كە دواخستنی هەڵبژاردن گۆڕەپانی كوردستان دەكاتە ئەو ژینگەیە بۆ ئەوان.

ئێران كە وەك دەگوترێ‌ دەیەوێ‌ هەڵبژاردن لە كوردستان نەكرێت و لە دەستی دوو و سێ- وە ئاماژەكانی دەنێرێت بەوەی كوردستان وێران دەبێت بچێتە هەڵبژاردنەوە، پێویستی بە ژینگەیەكی سیاسی ئاڵۆز و پڕ لە كێشە دەبێت لە كوردستان تا لێرەوە كێشە بۆ ئەمریكا و نەخشەكانی داهاتووی دروست بكات، بە تایبەت كە ناكۆكییەكانیان لەگەڵ ئەمریكا پێی ناوەتە قۆناغی مەترسیدارەوە و چاوەڕوانیش دەكرێت هەژموونی ئێران لەسەر عێراق لاواز بكرێت، بۆیە زیاتر چاوی لەسەر كوردستانە.

لە سێ‌ مانگی داهاتوودا قۆناغی دووەمی گەمارۆكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران دەستپێدەكات و كەرتی نەوت دەگرێتەوە، بەمە دۆخی ئێران لە رووی ئابووری و سیاسییەوە زیاتر تێكدەچێت و ئەگەری تەقینەوەی هەیە. ئێران تائێستاش بۆ رێگری لەو پلانەی ئەمریكا كارتی گەرووی هورمز بەكاردەبات. سەرەڕای ئەوەی دەستبردن بۆ گەرووی هورمز كێشەكانی ئێران قووڵتر دەكاتەوە، بەڵام بەدوور نازانرێ‌ ئێران ئەوە بكات. تەنها شتێك كە ئەو كارتەی ئێران لاواز و ناكاریگەر دەكات سەقامگیریی كوردستانە. چونكە بەدەر لەوەی دەبێتە دەروازەیەكی كراوە بۆ نەوتی عێراق و گەیشتنی بە بەندەری جەیهان لە توركیا، لە حاڵێكدا كە ئێران رێگە لە گەیشتنی نەوتی كەنداو بگرێت بۆ بازاڕەكانی جیهان، كوردستان دەبێتە پردی بەستنەوەی كەنداویش بە بەندەری جیهانەوە. بەدوور نازانرێ‌ سعودیە و كوێت و لەڕێی ئەوانیشەوە وڵاتانی تری كەنداو، لە رێگەی عێراق و كوردستانەوە بەندەری جەیهان بكەنە بەدیلی گەرووی هورمز.

لێرەدا دەبێ‌ لە خۆمان بپرسین ئەولەویەتی هێزە سیاسییەكانی ئێمە كوردستانە، یان ئێران و ئەمریكا؟ ئەو وڵاتانە هەر ئامانج و بەرژەوەندییەكی خۆیان هەبێت لە دواخستنی هەڵبژاردن لە كوردستان، خۆدزینەوە لە هەڵبژاردن زیانەكانی تەنها بۆ خەڵكی كوردستانە، چونكە ئەگەری زۆرە كوردستان بەرێتە دۆخێكی ناسەقامگیرەوە.

عارف قوربانی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی