خەجاڵەتی 31ی ئاب

31/08/2018

كاوە شێخ عەبدوڵڵا

دەبێ ئێمە وەكو كورد، خەجاڵەتی بكێشین بەهۆی خیانەتی ۳۱ی ئابەوە نەك شاگەشكەبین بەوەی پ.د.ك كردوویەتی.

بۆ خۆم، بەڕاستی وەكو كوردێك، زۆر زۆر شەرم لەم ڕۆژە و ڕووداوەكەی ناو ئەم ڕۆژە دەكەم كە هێزێكی كوردی پەنا بۆ سەدامی دڕندە ببات.

ئینسانێك دوای كۆمەڵكوژی ئەنفال و كیمیایابارانی هەڵەبجە، بەلایەوە ئاسایی بێ لە ململانێی دوو هێزی بەشەڕهاتوودا پەنا بۆ دوژمنە سەرەكییەكە ببرێتەوە، بە هەموو پێوەرێك كەسێكی نیشتمانیی نییە. ئەگەر بێتو پاساو بۆ ئەو خیانەتەش بێنێتەوە ئەوە تاوانە.

ناكرێ تۆ یەكێتی یان گۆڕان یان پەكەكە بی و پێتخۆشبێ پ.د.ك ئەو خیانەتەی كردووە و هەمیشە لە بیرتبێ، زۆر عەیبە پارتی بیت و لە دڵەوە شاگەشكەبی بە خیانەتی ۱٦ی ئۆكتۆبەر و پێتوابێ تەنیا یەكێتی لێی بەرپرسە. ئێمە دەبێ وەكو كورد شەرم بمانگرێ لەو ڕۆژە ڕەش و ئابڕووبەرانە.

هۆكارێكی گەورەی خیانەتی ۳۱ی ئاب، ریسوا نەكردنی خیانەتی ٦٦ بوو لەلایەن هەموو كوردەوە. هۆكاری خیانەتی ۱٦ی ئۆكتۆبەر، ریسوا و شەرمەزار نەكردنی ۳۱ی ئاب بوو لەلایەن هەموو كوردەوە، نەك هەر ئەوە، بەڵكو ئێستا هەموو پارتی و ئەو ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووسانەی موچەكانیان لە گیرفانی پارتییەوە دابین دەكرێ، دێن پاساوێكی زۆر ناماقوڵ دەهێننەوە و دەڵێن: ۳۱ی ئاب نەبووایە نە هەولێر پێش دەكەوت نە هەرێمی كوردستان لەم ئاست و قۆناغەدا دەبوو!

بۆچی مەگەر ئەو میللەتانەی گەشەیان كردووە و بوونەتە خاوەنی سەروەریی، چەند خیانەتیان لە خۆیان كردووە؟

زۆر عەیبە ئەو پاساوانە... زۆر عەیبە پێتخۆشبێ ۳۱ی ئاب پەڵەیەكی ئابڕووبەرانەیە بەناوچاوانی پارتی و سەرۆكەكەیەوە، بەڵام ئەگەر حیزبە دڵخوازەكەی خۆت خیانەتی وا بكات پێت ئاسایی بێ، نەك هەر ئاسایی بەڵكو هەر پێت خیانەت نەبێ!

كاوە شێخ عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی