سەردەمی موراجەعات..!

02/09/2018

قادر وەرتی

دەمێکە بە ھێمنی لەو تابلۆیە رادەمێنم کە خوڵقێنەرە سەرەکیەکانی جێیان ھێشتووین، تابلۆیەک وەک ئەوەی باران لێی دابێ رەنگەکانی تێکەڵاوبوون و بۆتە تابلۆیەکی شێواوو ناناسرێتەوە، لە راستیدا تابلۆکە زیاتر لە گۆڕەپانی شەڕێک دەچێ کە تیایدا براکان بەربوونەتە گیانی یەکترو کۆمەڵێکیش لەدەرەوەی یاریگاکەوە لەززەت لەو کێبڕکێ و ململانێیە وەردەگرن و قاقا پێدەکەنن..!


ئەمە پێناسەی منە بۆ قەڵەمڕەوی ئەو ھێزانەی تا دوێنێ چوارچێوەیەک کۆی کردبوونەوە، ئێستا کاتی ئەوە نیە باس لە ھۆکارەکانی شکاندنی چوارچێوەکەو لێکترازان و لەدەستدانی پێگەو رۆڵی کاریگەری ئەو بلۆکە کاریگەرە بکەین، بە قەد ئەوەی لەسەر ئەو پرسیارە دەوەستین ئایا دوای لێکترازان و پەرش و بڵاوی، ئایا دوای راگەیاندنی پرۆژەو دونیابینی ترو خۆوێناکردن وەک ئەلتەرناتیڤ، ئایا ھیچ ھێزێک ھیچ کاراکتەرێک توانی ببێ بە جێگرەوەو دەرگای دونیایەکی تر بکاتەوە؟! باس لەو کۆسپ و لەمپەرە زۆرانەش ناکەین کە رووبەڕووی ھەر پرۆسەیەکی گۆڕانکاری راستەقینە دەبنەوە ، چونکە بەر لە ھەر ھەنگاوێک گەرەکە سەرجەم ئەگەرو لێکەوتەکان بەھەند وەربگیرێن و ئەودیوی تونێلەکەش ببینرێت..!

کە ئەم چەند رستەیە دەنووسم تۆسقاڵێک لە دیدگاو بیروبۆچوونەکانی پێشووم لەمەڕ رۆڵی حزب لە کۆمەڵگا، دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە رێی ھەڵبژاردنی پاک و بێگەرد، ململانێی نەوەکان و پرسی خاوەندارێتی حزب، فیگەرو کەسایەتیە سیاسیەکان... ھتد؛ پەشیمان نیم و شێلگیرانەتر خەباتیان بۆ دەکەم .. 
بەڵام ؛ پێم وایە دوای ئەو ھەموو بەریەککەوتن و نادیدەگرتن ولێکدوورکەوتنەوەیە ئیدی سەردەمی موراجەعات و ھەڵوەستەکردنە.
دوای ئۆغرکردنی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا کە جێ پەنجەیان بە نەخشەی سیاسی ھەرێمەوە وەک نەخشی سەربەرد وایەو دوای ئەوان رەوشەکە تەواو ئاڵۆزو تەرازوەکە زۆر لاسەنگ دەردەکەوێت، کاتی ئەوە ھاتووە بیر لە دۆزینەوەی چوارچێوەیەکی تازە بۆ تابلۆکە بکرێتەوە..


پرسیارێک کە زۆر گرنگە یەکێتیی لەخۆی بکات: ئایا بە دروستبوونی گۆڕان و دواتریش ھاوپەیمانی یەکێتیی کەوتە کوێی ھاوکێشەکەوەو لە بەرامبەر رکابەرە سەرەکیەکەیدا لە کوێی پرۆسەی سیاسی دایە؟ بێگومان پێویست دەکا گۆڕانیش دوای ماڵئاوایی رێبەرەکەی؛ خۆی بخاتە بەرامبەر کۆمەڵێک پرسیاری جدی، ئەمە بۆ ھاوپەیمانی و خودی د. بەرھەمیش راستە ھەرچەندە ئەو ھێزە ھێشتا لەسەرەتای رێگادایە..


ھەر سێ ھێز کە مێژووی ھاوبەش، جوگرافیای ھاوبەش ، بنکەی جەماوەری ھاوبەش و تەنانەت لە زۆر پرسیشدا«دیدگای ھاوبەش» کۆیان دەکاتەوە، خاڵی بە ھێزو بێگومان لاوازیشیان ھەیەو ھیچ کامیان بەتەنیا ناتوانن گۆڕانکاری ئەرێنی دروست بکەن و جۆرێک لە ھاوسەنگی لە ھاوکێشەی سیاسیدا دروستبکەنەوە..


بە ئاوڕدانەوە لە رابردوو، بە ھەڵوەستەو تێڕامان لە ئەرک و رۆڵی حزب، بە چاوگێڕانەوە بە سەرەتاکان و ئەو چەمک و مەفاھیمانەی ھەمووان پێکەوە لەپێناویدا تێکۆشان، ئیدی سەردەمی وەلاخستنی ناکۆکی و نادیدەگرتنی یەکترو سەردەمی موراجەعاتی عەقڵانیە، دور لە مەبدەئی« براوەو دۆڕاو» چونکە لە راستیدا ھۆکارەکان ھەرچیەک بن «ھەمووان شکستخواردوون» و ئەمە ئەو پێگەیە نیە کە پێویست دەکا ئەو ھێزو فیگەرانە ھەیانبێ، بۆیە کاتێتی لاپەڕەکانی رابردوو ئاودیوبکرێن و پێکەوە ھەوڵی دۆزینەوەی چوارچێوەیەکی نوێ بۆ تابلۆ شێواوەکە بدەن و بە دیدگایەکی تازە رێکی بخەنەوە .. ھەمووان پێکەوە دەتوانن نەخشەی یاریەکە بگۆڕن و رۆڵی پێشەنگ و کاریگەر لە ھاوکێشەکەدا وەدەست بێننەوە، بێگومان پێچەوانەکەشی راستە..!

 

قادر وەرتی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی