بەیاننامەكەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و چەند سەرنجێك

02/09/2018

هێمن حەسەن

 هەرچەندە تا ئێستا رۆشن نییە كە ئەو بەیاننامەیەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بڵاویكردوەتەوە خۆی نوسیویەتی كە ئایا هێزی ئەوەی ماوە قسە لەسەر هاوكێشەیەكی ئاڵۆزی سیاسی عێراق بكات كە پۆستی سەرۆك كۆمار بەشێكە لەو هاوكیشەیە یان نا،،بەڵام ئێمە وا حسابی دەكەین كە بە دەست و خەتی خۆی نوسیویەتی و گوزارەشتی راستەقینە لە بۆچوونەكانی خۆی دەكات.
ئەو بەیاننامەیە كە بەكوردیەكی خراپ و هەڵەی رێنوسی نوسراوە پێمان دەڵێت:
یەكەم: بەرهەم ساڵح مافی ئەوەی نیە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەربگرێت بەو پێیەی چەند وشەیەكی وەك هێڵێكی سور لەسەر بەرهەم ساڵح داناوە ئەویش دەستەواژەی (مولتەزیم، دانەبڕاو)ی بەكارهێناوە كە لەدیدی ئەوەوە بەرهەم  ساڵح نە مولتەزیم بووەو نە بەردەوامیش بووە لە ریزەكانی یەكێتی و (رێبازەكەی) مام جەلال.

دووەم: ئەو بەیاننامەیە پەیامێكە بۆ یەكێتیەكان كە مافی هیچ كەسێك لەناو یەكێتی نییە پشتیوانی لە پێشنیارو بیرۆكەی كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق،دەشیەوێت بڵێت دەرگای گەڕانەوەت بۆ یەكێتی دایمە كراوەیە، بەڵام بەبێ كاندیدكردنت بۆ ئەو پۆستە.
سێیەم: هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد پۆستی سەرۆك كۆمار بە مافی بێ ئەملاو لای یەكێتی دەزانێت بەو پێیەی دەڵێت، مام جەلال بناغەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی داناوە، بۆیە مادام ئەو بناغەكەی داناوە(كە وانییە) هەر دەبێت بۆ هەمیشە یان بۆ ماوەیەكی درێژ لای یەكێتی بمێنێتەوە.
چوارەم: هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، لە بەیاننامەكەیدا باس لەوە دەكات یەكێتی بەڕێككەوتن  لەگەڵ پارتی پۆستی سەرۆك كۆمار لای حزبەكەی دەمێنێتەوە، دیارە لێرەدا ئاماژەی بە هیچ لایەنێكی تری هەرێمی كوردستان نەكردوە وەك ئەوەی بڵێیت ئەو حساب بۆ هیچ لایەنێكی دیكە ناكات.
 هەندێك رونكردنەوە لەسەر ئەم خاڵە دەدەم ئەویش ئەوەیە مانایەكی تری قسەكانی هێرۆ خان پەیامێكە بۆ پارتی كە ئەم پۆستە قابیلی مامەڵەكردنە بە پۆستێكی تر یان ئیمتیازێكی باڵاتر بۆ پارتی لە هەرێمی كوردستاندا، لەمەوە پێشبینی ئەوە دەكرێت، پارتی لەماوەی داهاتوودا  بۆ دروستكردنی فشار لەسەر یەكێتی  داوای دوو پۆست بكات كە لە رابردووش كردویەتی ئەوانیش داوای پۆستی سەرۆك كۆمار یان پارێزگاری كەركوك لەبەرامبەر هێنانە پێشەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بۆ ئەوەش مەسرور بارزانی پێشنیار بكرێت بۆ ئەو پۆستە كە بەشێوەیەكی ویراسی دەسەڵاتی پارتی و هەرێم لە بارزانی باوكەوە بۆ مەسعود بارزانی و دواتر مەسرور بارزانی پاشانیش بەو شێوەیە بۆ زەمەنێكی تر درێژە بكێشێت، لێرەشدا نێچیرڤان بارزانی  سەرۆكی حكومەتی پێ نادرێتەوە یان خۆی وەری ناگرێتەوە، خۆ بەلای پارتییەوە هیچ كێشەیەك نییە یەكێتی پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت وەربگرێت  تەنیا لەبەرامبەر ئەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ببرێتە پەرلەمان و بەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆمار مامەڵەی پێوە دەكرێت و مەسرور بارزانی ئەو پۆستە وەربگرێت، ئەشێت ئەمە ئەو نەخشەیە بێت پارتی و یەكێتی بۆ هاتوو بیكێشن تا سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بێتەوە.
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بەو حساب نەكردنە بۆ لایەنەكانی تر رەنگە پەیوەندیەكانی یەكێتی لەگەڵ لایەنەكانی تری هەرێم بباتە قۆناغێكی نوێوە، دوور نییە لە دەنگدان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ئەگەری بۆ یەكێتی بێت دەنگی پێ نەدەن، هەڵبەت لایەنەكانیش ئەوەندە وردو بەدیقەت نین لەو حساب نەكردنەی هێرۆخان تێ بگەن و وەڵامی كرداریان هەبێت بۆی، حەقی خۆشیان هەر چوار لایەنەكە بە بەیاننامەیەكی هاوبەش وەڵامی بدەنەوە كە ئەوە تەنیا پارتی و یەكێتی نین بڕیار لەسەر سیاسەتی و پۆستەكانی كورد بدەن لە بەغدا.
پێنجەم: هێرۆخان لە بەشێكی قسەكانیدا زۆرتر گوزارشتی (من)ی بەكارهێناوە لەجیاتی ئێمە،كەواتە ئەوە دەسەلمێنێت ئەوە خۆیەتی بڕیار بۆ یەكێتی دەدات كە كێ كاندید دەكرێت بۆ سەرۆك كۆمار یان كێ قبوڵ ناكرێت،وا خۆی پیشیان دەدات چەند بێتاقەت و بێ حەوسەلە بێت هێشتا هێزی ئەوەی هەیە ئاراستەی بڕیارەكانی یەكێتی دیاری بكات، رێگریش لە بەرهەم ساڵح بكات ببێتە كاندیدی سەرۆك كۆمار، بەڵام ئایا دۆخی ئێستای هێرۆ خان هێزی ئەوەی هەیە بەر بەخواستی ئەمریكاو ئێران و شیعەكان و كوردو زۆرینەی یەكێتی بگرێت كە دەیانەوێت بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار بێت؟ خۆ راستیەكەشی هەر ئەوەیە رۆژگاری ئەمرۆ پێمان دەڵێت كەسی شایستە ترمان نییە لە بەرهەم ساڵح زیاتر ببێتە سەرۆك كۆمار، ئەوانەی كە شایستەن كێن؟ بۆ كاندید ناكرێن؟ ئەوانەی ناویان دەهێنرێت بۆ ئەو پۆستە هیچ ئەزمونێكی شایستەو سەركەوتوویان نەبووە لەو پۆستانەی لە رابردوودا تێیدابوون، بۆیە ناكرێت بەو كەسایەتیە لاوازانەوە حەیای كورد ببەن و ئەو دەموچاوە لاوازنە ببنە سیمای سیاسەتی كوردی لەبەغدا، لەبەر ئەوە ئیتر دەبێت بەدوای مام جەلالێكی تردا بگەڕێین.

هێمن حەسەن

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی