یەكێتی دەتوانێت بریاری یەكلاكەرەوە بدات؟

03/09/2018

هێمن حەسەن

كاتێك سیاسییە كوردەكان لە ژوور وهۆڵە داخراوەكانەوە بریار لەسەر مەسەلەیەكی پەیوەست بە بارودۆخێكی دیاریكراو دەدەن و دڵنیا نین ئایا لەو ئاستەدان كە ئەو بریارە بدەن یان پێگە و دەسەڵاتیان رێگەی بریاری لەو جۆرەیان پێدەدات یان نا، دوای دزە كردنی بریار و بۆچوونەكەیان یان ناچار بە روونكردنەوە دەكرێن یانیش روونكردنەوە دەدەن و پاشگەز دەبنەوە یان پاشگەز دەكرێنەوە لەو بۆچوونە جا هۆكارەكەی هەرچییەك بێت.

ئەوە ئەگەر بۆ هەموو سیاسییە كوردەكانیش راست نەبێت بۆ یەكێتی زۆر دروستە، لەسەردەمی سەركردایەتی كردنی مام جەلال بۆ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، كەمتر پرسەكان بەو جۆرە بوون، چونكە مام جەلال لەریگەی مەكتەب سیاسی و سەركردایەتی و راوێژكارەكانییەوە و دوای دیراسە كردن بریارەكان دەكەوتنە سەر پەڕەی رۆژنامە و گۆڤارەكان، یانیش لەبەر ئەوەی مام جەلال خۆی سكرتێری یەكێتی بوو، كەس نەبوو بەرەنگاری بریارەكانی ئەو حزبە بێتەوە كە لەسەرەمێكدا دروشمی چەپكە گوڵەكەی بەز كردبۆوە.

لە ئیستادا و لە غیابی مام جەلالدا، نە یەكێتی سكرتێری هەیە و نە خاوەن بریارێكی جێگیر و یەكلاكەوەرەیە لە پرسەكانی پەیوەست بەناوخۆی حزب و كوردستان و عیراق و ناوچەكە هەركەسە خۆی بە خاوەنی یەكێتیی دەزانێ و چەپكە گوڵەكەی مامیشیان وشك كرد و گوڵەكانی خەزان هەڵیوەراندن.

ساڵێك (چەند رۆژ كەمتر) پێش ئیستا لە ساڵی (۲٠۱۷) و لە گەرمەی بانگەشە و هەڵمەتی ریفراندۆم بۆ دەوڵەتی كوریدا (پاڤڵ تاڵەبانی) كوڕە گەورەی مام جەلال لەكاتێكدا هیچ پۆست و پلەیەكی حزبی و حكومی نەبوو، بەبڵاوكردنەوەی بەلاغێك لە پەڕەی فەرمی خۆی رازی بوونی حزبە كوردییەكانی بە دواخستنی پرۆسەی ریفراندۆم راگەیاند و چەند كاتژمێرێك دواتر لە رونكردنەوەیەكدا پۆزشی هێنایەوە و رایگەیاند ئەو بڵاوكراوەیە بەهەڵە لەلایەن ئەدمینی پەڕەكەیەوە بڵاو كرواتەوە.

۱/۹ش (هێرۆ ابراهیم) ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە راگەیەنراوێكدا بەبێ ئاماژەدان بە ناوی (بەرهەم صالح) دژایەتی خۆی بۆ بوونە سەرۆك كۆماری عێراقی ناوبراو ڕاگەیاند لە كاتێكدا هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە بوون لایەنە كوردییەكان دەیانەوێت یەكڕیز بچنەوە بەغداد، كەچی دوو رۆژ دواتر نووسینگەی تایبەتی ئەویش لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند: ئەو نووسراوە برگەیەكە لەپاكێجێك و بەبێ ئیمزاو رەزامەندی ناوبراو بڵاو كراوەتەوە و رەتی كردەوە هێرۆ ابراهیم ئاگاداری ئەو نووسراوە بێت.

پوختەی قسە ئەوەیە:
ـ ئایا هەر بەراست ئەوانە ئاگاداری نوسراوەكانیان نین كە بڵاو دەكرێنەوە یان ئەوە بۆچوونی خۆیانە و دواتر لەژێر گوشار پاشگەزدەبنەوە و نووسینگە تایبەت و ئەدمینی پەیجەكانیان تۆمەتبار دەكەن بە كارانە، یان یەكێتیی گەیشتۆتە بنبەست و ئیدی بڕیاردان كارێكی قورس و مەحاڵی ئەو حزبەیە؟

هێمن حەسەن

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی