رووتبوونەوەی بێ ئیرادەكردنی مرۆڤ

04/09/2018

لەتیف فاتیح فەرەج

 رۆژی پێنجشەممە 30-8 لە سلێمانی شانۆیی ڕووتبونەوەمان بینی ، ڕووتبونەوە نوسینی نوسەرو رۆژنامەوان و شانۆ نووسی پۆڵەندی سلاڤومێر مرۆژیكە ، مرۆژیك لە تەمەنی 83ساڵیدا ساڵی 2013 لە وارشۆ كۆچی دوای كرد ،هەرە زۆری كارەكانی لە دەوری ئازادی ئینسان و چارەنووسی ناپەیدا دێن و دەچن ، بە شێوەی تەنز ئامێز دەیان چیرۆكی نووسیوە ، رەخنەی زۆر توند لە ستەمكاری و نادادی دەگرێت .

رووتبونەوە فازڵ جاف كوردانویەتی و هەڵكەوت محەمەد كاری دەرهێنانی بۆ كردووە، یەكێكە لەو دەقانەی دەسەڵات بێزار دەكات و ستەمكارو نادادپەروەرەكان حەز بە بینینی ناكەن ، لە ڕووتبونەوەدا دوو كەسایەتی سادەی كۆمەڵگە دەكەونە شوێنێكەوە كە نازانن بۆ كەوتونەتە ئەوێوە ، لەوێ چارەنووس سەرەڕای جیاوازی بەیەكەوە گرێیاندەدات ، شوێنەكە بواری دەرباز بوونی نیە ، ئەوان سەرەڕای قسە كردن لە ئازادی و خۆخاوەنی بەرە بەرە هەست دەكەن گیرۆدەی چارەنووسێكی تر بوونە ، دەستێكی نادیار كە زیاتر لە دەستی هەواڵگری نهێنی دەچێت ، لەو دەستانەی مرۆڤ ناچاری خۆبەدەستەوە دان دەكەن ، وەك دەستی ئەو دەزگا ئاسایشانەی حەز دەكەن بزانن مرۆڤ لە ژوری نوستنیشا چۆن دەنوێت دەبێتە بڕیار بەدەستیان دەستەكە هێدی هێدی لە هەموو بەهایەك روتیان دەكاتەوە ، بە ڕادەی ئەوەی كە ئیدی خۆیان لێ دەبێت بە هیچ .

ماچكردن و پاڕانەوەو تكا لە دۆخی ئاوادا پوڵێكی قەڵب ناكات ،بە لای دەرهێنەری شانۆییەكەوە ئەم دەقە وەك ئەوە وایە بۆ رابردو ئێستاو سبەینێنی كورد نووسرابێت ، ئەو لە شوێنێكدا ئەوەی وتوە ،هەردوو نمایشكار دكتۆر سەردار مەحمود و دڵشاد شەهاب ،نمایشێكی سەرنجڕاكێشمان پێشكەش دەكەن ، راستی هەندێ وردە كێشەی بچوك نەبێت كە دەكرا چارەسەر بكرێت ، نمایشەكە یەكێكە لەو نمایشە جوانانەی كە مرۆڤ لە بەردەم خۆیدا رادەگرن .

یەكێك لە خاڵە گرنگەكانی نێو ئەم دەقەی مرۆژیك باسی جیاوازی نێوان مرۆڤەكان ، جیاوازی و بیر جیایی لە سەر ئەدەب و ئازادی و هونەرو بەهاو زۆر شتی تر ، بەڵام ستەمكاری و نادادی بەرەبەرە بە لەمەنگەنە دان هەموو جیاوازیەكان كاڵدەكاتەوە و دۆخێكی هاوچارەنووسی و وەك یەكی دەبەخشێتە مرۆڤەكان ،  خۆزگە ئەم دەقە لە پایتەخت و شوێنەكانی تریش نمایشكراباو گفت و گۆی بە دوای خۆیدا هێنابا !!.
 
لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی