تیرۆری یاسایی

05/09/2018

کامەران مەنتک

مەبەستم لە تیرۆری یاسایی ئەوەیە، كە دەسەڵاتی سیاسی دام و دەزگا یاساییەكان بەكاربهینیت لە پێناو چاوترساندنی خەلك و سەركوتكردنی رای گشتی، نمونەی ئەو جۆرە تیرۆرە لە زۆرلە وڵاتانی جیهان، بەتایبەتی ولاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. 

بۆ نمونە ئەو جۆرە تیرۆرە لە توركیا بە شێوەیەكی زۆر فروان بەكاردەهێنریت، دەسەڵاتی توركیا یاسا بەكاردەهێنێت بۆ سەركوتكردنی ركابەرەكانی، بەتایبەتیش كورد، رۆژانە دەبینین لە میدیاكاندا چۆن تێكۆشەرانی كورد راپێچی دادگاكان دەكەن و تەنانەت بە شێوەیەك لە شێوەكان لە پەنای یاسای تیرۆرەوە مافە دەستوریە بنەڕەتیەكان لە هاوڵاتیانی كورد دەسەننەوە. 

لە ئێرانیش بە هەمان شێوە، رۆژانە دەیان گەنجی كورد لە سیدارە دەدرێت. لەعێراقیش چ لەسەردەمی رژێمی بەعس و چ لەكاتی ئێستادا ئەم تیرۆرە بە شیوەیەكی بەرفراون، وەك ئاماژەم پێكرد لە پەنای یاسای تیرۆردا پیادە دەكرێت. دیارە لە هەریمی كوردستانیش دەسەلاتی كوردی ئەم جۆرە تیرۆرەی بەكارهیناوە و سوودی لیپوەرگرتوە، بۆ نمونە لە ساڵانی 2011-2012 پارتی دیموكراتی كوردستان دادگای بەكارهێنا بۆ ئەوەی رای ئازاد لە كوردستان سەركوت بكات، یاخود نووسەران چاوترسای بكات بە داواكردنی بڕی پارەی خەیاڵی، وەك قەرەبوو لەو نوسەرانەی شتیان بە پێچەوانەی بەرژەوەندیەكانی ئەو نووسیبوو. 

لەكاتێكدا دەبوایە دادگاكانی كوردستان‌ ئەو جۆرە داوایانە رەتبكەنەوە، لەبەر ئەوەی ئەمه هە‌وڵێك بوو بۆ بەكارهینانی دادگا بۆ مەبەستە حزبیەكان، لە مادەی حەوتی یاسای مەدەنی عیراقی داهاتووە: بەكارهێنانی ماف ریگا پێدراو نیە ئەگەر هاتوو مەبەست تیایدا تەنیا زیان گەیاندن بێت بە خەلكانی تر، یاخود ئەو بەرژەوەندەی بەدەستی دینیت، بەبەراورد لەگەڵ ئەو زیانەی بە بەرامبەرەكەی دەكەوێت كەمتر بێت‌ ، بۆیە دەبێت بڕی ئەو قەرەبووەی داوا دەكریت بگونجێت لەگەڵ ئەو تاوانەی ئەنجام دراوە.

دەسەڵات تیرۆری یاسایی بە مەبەستی ئەوە بەكاردەهێنێت بۆ ئەوەی شەرعیەت بداتە ئەو تاوانانەی بەرامبەر خەڵك ئەنجامی دەدات، كەسایەتی دەسەلاتە دیكتاتۆریەكان دەیانەوێت رووی راستەقینەی خۆیان لە پەنای ئەو بە یاسایی كردنە بشارنەوەو خۆیان وەك دیموكراسی خوازیك نیشان بدەن. بە كورتی دەمەوێت بڵیم مۆدێلێكی تر لە تیرۆر لە ئارادایەو دەسەڵاتە سیاسیەكان بەكاریدەهێنن بۆ بچووكردنەوەی چوارچێوەی ئازادیەكان و چاوترساندنی خەڵك، ئەم تیرۆرە لە تیرۆری سیاسی مەترسیدارترە، چونكە لە بەشیكیدا تیرۆری سیاسیش و تەنانەت تیرۆی ئاسایش لە خۆوە دەگرێت‌!.

كامەران مەنتك

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی