سه‌رۆككۆماری عێراق له‌ڕێگه‌ی مه‌رسومێكی كۆماری رۆژی 3ـی ئەیلوولی دیاریكرد وه‌ك یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق دوای نزیكه‌ی سێ مانگ له هه‌ڵبژاردنه‌كانی 12ی ئایار.
هه‌ڵبه‌ته یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان دوو بابه‌تی گرنگ له‌خۆده‌گرێت، یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه. دووه‌میان ده‌ستنیشانكردنی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی سیاسییه، گرنگی ئه‌وه‌ش له‌وه‌یه كه گه‌وره‌ترین كوتله به‌رپرسه له ده‌ستنیشانكردنی كه‌سایه‌تییه‌ك بۆ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیران.
گه‌وره‌ترین كوتله
بۆ دیاریكردنی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مان، ده‌بێت قه‌واره سیاسیه‌كان لێكنزیك ببنەوە و گه‌وره‌ترین كوتله پێكبهێنن و به فه‌رمی ناوی كوتله‌كه‌یان بده‌نه سه‌رۆكایه‌تی كاتی په‌رله‌مان له یه‌كه‌م دانیشتن.
له هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوودا، حیزبه‌كانی شيعه هه‌وپه‌یمانێتی نیشتمانی‌یان راگه‌یاندبوو، هه‌رده‌م گه‌وره‌ترین كوتله دەردەچووون، چونكه كوتله كوردی و سوننه‌كان ئەو ژمارانەیان بۆ مسۆگەرنەدەكرا. به‌ڵام له هه‌ڵبژارنه‌كانی 2018 هاوپه‌یمانی نیشتمانی هه‌ڵوه‌شایه‌وه و شيعه‌كان به سه‌ر پێنج کوتله‌ی لێكدابڕاو دابه‌شبوون، سەباری هەوڵەكانیان نه‌یانتوانی له‌یه‌ك كوتله‌ی گه‌ورەدا خۆیان رێكبخه‌نەوە. لەجیاتیان به‌سه‌ر دوو به‌ره به‌شبوون، یه‌كه‌میان به رابه‌رایەتی سائیروون كه سه‌ید موقته‌دا ئەلسەدر سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات و به‌ره‌كه‌ی دیکەش بە رابەرایەتی فه‌تح كه هادی ئەلعامری سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات. كێبڕكێیه‌كی زۆر له‌نێوان ئەو دوو بەرەیە بۆ راكێشانی كوتله سوننی و كوردییه‌كان دروستبووە.
دروستكردنی گه‌وره‌ترین كوتله
سائیروون له‌گه‌ڵ رەوتی حیكمه به سه‌رۆكایه‌تی عه‌مار حەکیم و به‌شه‌كی نه‌سر به سه‌رۆكایه‌تی حەیدەر عەبادی و ئەلوه‌ته‌نییه به سه‌رۆكایه‌تی ئەیاد عەللاوی و هاوپه‌یمانی قه‌رار به سه‌رۆكایه‌تی ئوسامه نوجه‌یفی، كوتله‌ی (ریفۆرم و ئاوه‌دانی - كتلة الاصلاح و الاعمار)یان راگه‌یاند و خۆیان وه‌ك گه‌وره‌ترین كوتله ناوزه‌دكرد، به‌ڵام ژماره‌كه‌یان نزیكه‌ی 142 ئه‌ندامه.
لایه‌نه‌كه‌ی دیکەش بریتین له كوتله‌ی بونیاد (البناء) كه هه‌ریه‌ك له فه‌تح و ده‌وڵه‌تی یاسا به سه‌رۆكایه‌تی نوری مالکی و (ئەنبار هەویەتونا) به سه‌رۆكایه‌تی محەممەد حەلبووسی و و به‌شێك له هاوپەیمانی نه‌سر به سه‌رۆكایه‌تی فالح فەیاز و چه‌ند لایه‌نێكی دیکە كە ژماره‌یان ده‌گاته نزیكه‌ی 120 ئه‌ندام.
ژمارەی ئەندامانی هیچ كام لەو دوو كوتلەیە ناگه‌نه لە 50%ی ژماره‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان، ئه‌وه‌ش واده‌كات كه هه‌ردوو لایان پێویستیان به ده‌نگی كورد بێت بۆ دروستكردنی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی براوە. هه‌ردوولاشیان ده‌رگایان كراوه‌یه بۆ كورد و به‌ڵكو داواكارن كه كورد به زووترین كات ببنه به‌شێك له كوتله‌كه‌یان.
دیاره هه‌ریه‌ك له‌م دوو كوتله‌یه‌ش له لایه‌ن هێزه كاریگه‌ره‌كانی نێو گۆڕه‌پانی سیاسی عێراقەوە پشتگیری ده‌كرێن، كه بریتین لە ئه‌مریكا و ئێران و وڵاتانی دیكە، هه‌ریه‌ك له‌م هێزانه‌ش به‌شێوازێك یان زیاتر له هه‌وڵدان بۆ راكێشانی ئەو قه‌واره سیاسییانەی كە هێشتا خۆیان ساغنه‌كردووەته‌وه.
رۆڵی كورد
به‌ر له‌وه‌ی هیچ كام له‌م دوو كوتلە ململانێكارەكان زۆرینه‌ی رەها به‌ده‌ستبێنن، دەرفەتێكی مێژوویی گرنگیان بۆ لایه‌نه كوردییه‌كان هێناوەتە كایه‌وه بۆ ئەوەی بگه‌ڕێنه‌وه به‌غدا و ئەو پێگه بەهێزەی كه له‌دوای 2003 هه‌یانبوو، وەدەستیبهێننەوە و بتوانن به‌شێكی زۆری مه‌رجه‌كانیان بەسەر شەریكە نوێكانیان بسه‌پێنن.
لایه‌نه سیاسییه‌كانی کوردستان- بە تایبەتی پارتی و یه‌كێتی- شاندیان بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسیه‌كانی عه‌ره‌بی عێراقی ناردووەته به‌غدا و به‌رنامه‌یه‌كی 27 خاڵیان له‌گه‌ڵ خۆیاندا هێنابوو، بەڵام هیچ كام لە دوو لایه‌نە سیاسییە عیراقییەكان ئاماده‌نه‌بوون بەڵێنیان پێبدەن كە هه‌موو خاڵه‌كانیان بۆ جێبه‌جێ دەكەن، به‌ڵام گوتوویانە كه زۆربه‌ی خاڵەكان قابیلی قبوڵكردنن. شاندی كوردی به‌بێ گه‌یشتن به رێكکەوتنی فه‌رمی گه‌ڕانه‌وه هەرێمی كوردستان بۆ لێدوان و راوێژكردن له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی سیاسی‌یان.
له‌م كات و ساته‌شدا، لایه‌نی كوردی كه‌وتووەته ژێر فشارێكی زۆری ئێران و ئه‌مریكا، كە دیارە توانای بڕیاری كوردیان لاوازكردووه، ئه‌وه‌ش وایكردووە كه لایەنی كوردی جارێ بڕیارێكی كاتی بدات كه نه‌چێته ناو هیچ كام له‌م دوو به‌ره‌یه و له‌ده‌ره‌وه بمێنێته‌وه. به‌ڵام لێرەدا ده‌بێت بیر لە ئەگەرەكان بكرێتەوە كە ره‌نگه بەردەوامبوون لەو هه‌ڵوێستەی ئێستا لە كۆتاییەكەیدا به سوودی كورد نه‌گه‌ڕێته‌وه.
كه‌نارگیری چاره‌سه‌ر نییه
شاراوە نییە ئێستا پێگه‌ی كورد له به‌غدا ڕرووی له لاوازییه. كۆچی دوایی سه‌رۆك مام جه‌لال و له‌ده‌ستدانی كۆمەڵێك پۆستی گرنگی نێو حكومه‌ت و په‌رته‌وازه‌یی كوتله سیاسییه‌كان له‌نێو په‌رله‌مانی به‌غدا لە دوای ساڵی 2014 و ئەنجامدانی ریفراندۆمی ساڵی 2017، كاریگه‌ری گه‌وره‌یان له‌سه‌ر لاواز بوونی پێگه‌ی كورد لە بەغدا هه‌بوو، ئەوەش سەرباری له‌ده‌ستدانی كه‌ركووك و به‌شێكی گه‌وره‌ی خاكی ژێر كۆنترۆڵی لایه‌نی كوردی لە دوای 16ـی ئۆكتۆبەر.
هەڵبژاردنه‌كانی ئایاری ئه‌مساڵ كه كورد 58 كورسی به‌ده‌ستهێنا، هاوكات بوو لەگەڵ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌ره‌ی هاوپه‌یمانی نیشتمانی شیعه و په‌رته‌وازه‌تربوونی لایەنی سوننه، كە ئەوانەش هۆكاری گرنگن له دووباره به‌هێزبوونه‌وه‌ی پێگه‌ی كوردی لە عێراق، به‌ڵام مەرجە كه لایەنی كوردی بتوانێ سوود لە پێگەكەی و دەرفەتە نوێیەكان وەربگرێت، كە هەردووكیشیان بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی لە ئارادانه و رەنگە لە ئایندەیەكی نزیكدا تێپەڕن. بگرە لەوانەیە هه‌ڵوێست و پێگه‌ی كوردی له به‌غد تاڕاده‌یه‌كی زۆر لاوازتریش ببێت، بەتایبەتی ئه‌گه‌ر خۆیان كه‌رنارگیر بگرن و لەو كاتەی كه هه‌ریه‌ك له دوو لایه‌نی شیعه پێویستیان به ژماره‌ی كورسییه‌كانی كوردی هه‌یه، كەچی لەولاوە لایەنی كورد به‌شداری كارا له پێكهێنانی گه‌وره‌ترین كوتله نەكەن.
ده‌بێت ئه‌وه له‌به‌رچاوبگیردرێت كه باری عێراق زۆر نائارامه و خۆپیشاندانه‌كانی شاره‌كانی باشووری عێراق و گله‌یی و ره‌خنەی هاووڵاتییان و فشاری ململانێی نێوان ئێران و ئه‌مریكا هه‌مووی هۆكاری به‌هێزن كه فشار له‌سه‌ر لایه‌نه شیعییه‌كان زیادببێت و مه‌جبووریان بكه‌ن كه به‌یه‌كه‌وه دانیشن و بگه‌نه لێکتێگه‌یشتن، ئه‌وكات دیسانەوە وەك ساڵی 2014، شیعەكان و سوننەكان پێویستیان به لایه‌نی كوردی نامێنێت و ده‌ستی كورد زۆر لە جاران لاوازتر ده‌بێت و توانای سەپاندنی مەرجەكانیان نامێنێت.
لە خولی پێشوودا لە رۆژی پێكهێنانی حكومەتدا لایه‌نی كوردی زۆر به دره‌نگوه‌خته‌وه بڕیاری به‌شداریكردنی دا، دوای دەستپێكردنی پرۆسه‌ی ده‌نگدان له‌سه‌ر حكومه‌ت چوونە ژووری پەرلەمانەوە. واتە بەبێ لایەنی كوردیش كارەكان بەڕێوەچوون و حیزبە كوردییەكان نه‌یانتوانی داواكارییه بنەڕەتیەكانیان بەسەر حكومەتی نوێ‌دا بسه‌پێنێنن.
بە واتایەكی دیكە، لایەنی كوردی ده‌توانێت ببێتە به‌شێكی سه‌ره‌كی پێكهاته‌ی گه‌وره‌ترین كوتله و به‌شداری كارا له هه‌ڵبژاردنی هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كان و دانانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی به‌غدا بكەن. لەو حاڵەتەدا، كورد رۆڵی چەق دەبینێ نەك لاوەكی. گریمان دوای پێكێینانی ئه‌م حكومه‌ته‌ش هاوپەیمانەكانی كوردی نكوڵیان له جێبه‌جێكردنی مه‌رجه‌كانی كورد كرد، ئەوكات لایه‌نی كوردی ده‌توانێت له حكومه‌ت بكشێته‌وه و بە هاوكاری لایه‌نه ئۆپۆزیسیۆنەكه‌ی دیکە بیڕوخێنێت. ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی فشارێكی زۆر له‌سه‌ر هەر لایه‌نێك كه حكومه‌ت پێكده‌هێنێت و بەڵێنەكانی ناگەیەنێتە جێگە. ئەوكات دەبێ هەموو هاوپەیمانێك حیسابی جیدی بۆ داواكاریەكانی لایەن كوردی بكات. بۆیه كه‌نارگیری و خۆ به‌دوور گرتن لە ئێستادا بژارده‌یه‌كی سیاسی به‌سوود نیه به‌ڵكو ره‌نگه زه‌ره‌ری هه‌بێت.
فەرهاد عەبدولعەزیز عەلائەدین
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی