دەلاقەی ئەقڵ

06/09/2018

سامانی وەستا بەكر

ئەم مشت و مڕە بەردەوامەی لەسەر ئەنجامدان و ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن ئەكرێ و ئەم هەموو بێ هیواكردنەی دەنگدەر و ترساندنی لە تەزویرو بی بەها كردنی پرۆسەی هەڵبژاردن كە ئەگەر بشكرێ هیچ گۆپڕانكارییەكی ئەوتۆ ناهێنێتە ئاراوە هیچ نیە لە دەلاقەیەك نەبێ لە ئەقڵی سیاسی و كاربەدەست و دەسەڵاتداران نەبێ.

بێ ئەرزش كردنی پرۆسەی هەڵبژاردن لەبەرچاوی دەنگدەراو هاندانی ناڕاستەوخۆی كە بەشداری نەكاو نەچێت و بۆ دەنگدان و لە كاتی چوونیشیا دەنگەكەی هیچ قورساییەكی نیە ئەگەڕێتەوە بۆ ترسی حیزب و دەسەڵاتداران لە گۆڕانكاری ئەمەش بۆ نەبوونی هۆشیاری كارگێڕی، ڕامیاری، بەڕێوەبردن، ئابوری... هتد لای حیزب و دەسەڵات.

لە نێوان دوو هەڵبژاردنا بۆشاییەكی بەرین و ماوە درێژ هەیە كە تا حكومەت خزمەت بكا و ئۆپۆزسیۆنیش سوود لەهەڵەكانی حكومەت وەرگرێ و خۆی ئامادەكا و حكومەتیش بەهەمان شێوە، ئەم چوا ساڵە ئەبێ بە سەنگی مەحەك و تای تەرازووی دەنگدەر و بڕیار لەسەر ئەوە ئیا كە بینیویەتی و بەدەستی گەشتوەو پێشكەشی كراوە لە خزمەتگوزاری ئیتر ئەگەر حكومەتبێ یان ئۆپۆزسیۆن نابێ داوای درێژ كردنەوەو كاتی زیاتر بكەن چونكە ئەمە تاقی كردنەوەیەكەو ئەبێ ئەنجامەكەی وەرگیرێ چونكە تۆیەك كە بەچوار ساڵ كات نەتوانیبێ هاوڵاتی و دەنگدەر لە خۆت ڕازی بكەی بێگومانبە بە كات درێژكردنەوەش بۆت ناكرێ چونكە ئەوەی لەتواناتا بووە پێشكەش كردوەو نمایش كراوە.

هەڵبژاردن وەك پرۆسە  یەكێكە لە گرنگترین پڕ بەهاترین داهێنانەكانـی مرۆڤ كە لە بری جەنگ و خوێن ڕشتن و كاولكاری لە ڕێگەی پرس كردنەوە زۆرینەو كەمینە دیاری بكرێ و مرۆڤە شیاوەكان لە شوێن كاری شیاو تایبەت خۆیان ئەزموون بكەن.

ئەم پرۆسەیە هێندە بە گرنگییەوە تەماشا ئەكرێ كە بۆتە پایەی سەرەكی پاراستنی ئاشتی زۆرێك وڵات و نەتەوە كە هەركاتێك لە كێشەیەك نزیك ببنەوە یان مشت و مڕێكی سیاسی لە نێوان پارتە جیاوازەكانا  دروست بێت و بگەنە بن بەست ئەوا ڕاستەوخۆ پەنا بۆ هەڵبژاردن ئەبرێ وەك ئەوەی بڵێی ئاوێكەو ئەیكەن بە ئاگرێكی ماڵوێرانكەرا .

لەو وڵاتانەی پایەكانی ڕێزگرتن لە هاوڵاتی و پێگەی دیموكراسی و ماف پارێزی تیا چەسپاوە هیچ شتێك نیە كە لەم پرۆسەی هەڵبژاردنە گەورەتر و گرنگتر بێت لایان و هیچ هۆكارێكیش نابێتە هۆی دواخست و پەكخستنی تەنانەت جەنگیش بەڵكو هەمیشە لەكاتی بێ هێزییا سوود لە هێزی هەڵبژاردن ئەبینن و سەرلەنوێ خۆیانی بەهێزو ڕێكخراوتر ئەكەن. هەڵبەتە لە زۆربەی یاسای وڵاتانا نوسراوە كە كارەساتی سروشتی و جەنگ هۆكارێك ئەبن بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بەڵام كەمترین نمونە هەن كە ئەو هۆكارانە بووبنەتە هۆكاری دواخستن یان نەكردنی هەڵبژاردن.

ئەگەر وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەسكەندەنافیا وەرگرین ئەبینین ئەم پرۆسەیە بەجۆرێك چەسپیوە كە لادان لێی تا ئاستی نەبوونە بەجۆرێك كاتی دیاری كراوی خۆی كە چوار ساڵێك جارێكە لە ڕۆژمێری ساڵانەی ئەو ساڵەی كە ئەبێ هەڵبژاردنی تیا بكرێ لە ڕۆژمێری نوسراو دیجیتاڵ و مۆبایل و هەموو ئەوانەی تردا یاداشت ئەكرێ و هەموو تاكێكی كۆمەڵگە دڵنیایە لەوەی كە لە كات و بەرواری خۆییدا هەڵبژاردن ئەكرێ و گۆڕانكاری و نوێكاری لێ لەدایك ئەبێ ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ ڕێزگرتن لە خواستی مرۆڤ و پاراستنی سەروەری مافەكانی.

ئاخر زۆربەی مرۆڤەكان بەزگماك لەیەك ئەچن و حەز لە گۆڕانكاری ئەكەن و پاش ماوەیەك لەو كارەو  لەو شتەی كە پێشتر دڵخوازی خۆیان بووە بێزارەبن و ئارەزووی گٶڕانكاریان بۆ دروست ئەبێ و هەرواشە بۆ حكومەت و بەڕێوەبەرانی وڵات كە هاوڵاتیان پێیان خۆش نیە كە تاسەر هەر چەن كەسێك و گروپێك ببینن، خۆ هەمان پارتی سیاسیش دەنگی زۆرینە بەدەست بهێنێ ئەوا بە ڕوخساری نوێ و ڕامیارییەكی جیاوازتر و باشتر دەست بەكارئەبێتەوە نەوەك وەك ڕۆژهەڵاتی ناوین كە هەمان حیزب و هەمان گروپ و هەمان بنەماڵەو هەمان سیاسەت ساڵ بە ساڵ و هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن ئەگەر بشكرێ یەنەوە پێشەوەو حكوم و دەسەڵات ئەگرنەوە دەست.

هەڵبژاردن یەكێكە لەو چەمكانەی كە بە ڕووە سادەكەی مێژوویەكی كۆنی هەیە و، لە سەردەمانێكی زووەوە مرۆڤەكان ئەزموونیان كردووە و، وەكوو ئامرازێكی كاریگەر و ڕێگەچارەیەكی گونجاو بۆ چارەسەركردنی ئەو ئاریشە و گرفتانە بەكاریان هێناوە كە لە كۆمەڵگەدا لە گۆڕێدا بوون. كۆمەڵناسانی سیاسی، مێژووی هەڵبژاردن بۆ سەردەمانی یۆنان و ڕۆمانییەكان دەگێڕنەوە، بەڵام گرنگە ئەوە بگوترێت كە مانا و مەغزا و میكانیزم و چوارچێوەی هەڵبژاردن لەو كاتانەدا بە جۆرێك بووە، كە بۆ ژمارەیەكی كەمی دانیشتووان سنور كێشراو بووە. واتە تەنیا ئەو كەسانە دەیانتوانی خۆیان كاندید بكەن و بچنە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، كە خاوەنی پێگەی بەرزی كۆمەڵایەتی و سیاسیی باڵا بوون. واتە پرۆسەكە تەنیا لە بازنە و سنوری ئەواندا ئەنجام دراوە  و، زۆرینەی خەڵكی،  تەنیا كۆیلە و خزمەتكار بوون و،  مافی مەدەنی و سیاسییان نەبووە بتوانن نە هەڵبژێرن و نە هەڵبژێردرێن.

ئەم پرۆسەیە بە تێپەڕبوونی زەمەن و گۆڕانكارییە زۆروزەوەندەكانی بواری مافە مەدەنییەكانی تاك و بڵاوبوونەوەی چەمكی دیموكراسی، گۆڕانی گەورەی بەخۆیەوە دیت، تا گەیشتۆتە ئەم سەردەمە و ئەم قاڵبە یاسایی و دەستوورییەی كە هەیەتی بۆ هەڵبژاردنی كەسێك، یان چەند كەسێك.

زۆربەی سیستەمە سیاسییەكانی ئەمڕۆ، هەڵبژاردنیان وەكوو بنەمایەكی سەرەكی لە دەستووری خۆیان و، هەروەها وەكوو یەكێك لە تەشریعاتە یاسایییەكانی وڵاتەكانیان جێ كردۆتەوە و چەسپاندووە؛ ئەمەیش بە ئامانجی پراكتیزەكردنی هزری دیموكراسی (كە بە بەرفراوانترین و مەقبووڵترین ستایلی حوكمڕانی دادەنرێت). جا لەناو خودی سیستەمی دیموكراسیدا، هەڵبژاردن یەكێكە لە قایمترین و سەرەكیترین پایەكانی و دیارترین ڕووكارەكانییەتی، چونكە تێیدا ئامانجی سەرەكی بریتییە لە هەڵبژاردنی كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو؛ ئەمەیش لەسەر بنەمای دەنگدانی تاكەكانی كۆمەڵگە. هەر لێرەوەیە كە هەڵبژاردن دەبێتە مافێكی یاسایی و مەدەنی بۆ هەمووان. لەم سۆنگەیەوە، دەكرێت هەڵبژاردن وەكوو هەل و چانسێكی تازە بناسێنرێت كە هاووڵاتیان بە ئومێدی گەیشتن بە ئاستێكی باشتر لە خۆشگوزەرانی، دەنگ بە پەیمانی جۆراوجۆری ئەو كەس و لایەنانە دەدەن كە بەشداریی پرۆسەكە دەكەن.

بە مانایەكی سادەتر، هەر هەڵبژاردنێكی نوێ، هیوایەكی نوێ دەبێت بۆ ئەوەی هاووڵاتیان و هاونیشتمانیان بەو خواستانە بگەن كە لە هەڵبژاردنی پێشتردا لێی بێبەش بوون. واتە داهاتوو دەبێتە تەواوكەری هاتنەدیی بەشێك لەو خواست و پێداویستییانەی، كە لە ڕابردوودا  نەتوانراوە هەمووی بهێنرێتە دی و چارەسەر بكرێن. لێرەدا هەڵبژاردن دەبێتە بابەتێكی خوازراو و مەقبووڵ (جێی پەسەند). نەك هەر ئەوەندە، بەڵكوو وای لێ دێت خەڵك بە ئومێدێكی بەردەوام و دووبارەبووەوە هەژماری بكەن و بەحەماسەوە چاوەڕوان و بەشداریی تێدا بكەن. نەك هەر ئەوەندەیش، بەڵكوو هەوڵ دەدەن بەئاگا و هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ كۆی پرۆسەكەدا بكەن و وەكوو مافێكی یاساییی خۆیان سەیری بكەن و، ئامادە نەبن دەستبەرداری ئەو مافە مەدەنی و دەستوورییەیان ببن.

ئێمە حكومەتێكمان ھەیە كە دەست پیس ترین دەزگای وڵاتە، بەجۆرێك ھاوڵاتیان ھێندەی لەلایەن حكەمەتەوە گیرفانیان بڕاوە نیو ھێندە لەلایەن ھیچ دزو گیرفان بڕێكیترەوە دەست بۆ پاروی دەم و قووت و ڕۆژانەو بەرژەوەندی ئابوری و گیرفانیان نەبراوە كەچی ھێندە لە خۆی ڕائەبینێ لە پێش ھەموو حیزو لایەن و ڕێكخراو و ھاوڵاتیەكەوە بە بەردەوامی جەخت لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە كاتی دیاری كراوی خۆیا ئەكاتەوە! ئەمە مەتەڵ نیە هەرێمی كوردستانە.

ئێمە باوەشێك حیزبی ئۆپۆزسیۆنمان هەیە كە چورا ساڵە تاكی كورد لەسەر ئەوە پەروەردە ئەكەن كە نابێ لەژێر هیچ پاساو پەستانێكا هەڵبژاردن دوابخرێ و ڕۆژەكانیان ئەژمارد كە ئاخۆ كەیبێ ئەم چوار ساڵە تێپەڕێ و هەڵبژاردنێكی نوێ بكرێ، ڕەخنەی بنچنەیی وگەورەو بچوكیان لە سیاسەت و ئەدایی حكومەت هەیە، حكومەتیان تەڵاقداوەو بەشداری تیاناكەن كەچی ئێستا لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن داوا لە حكومەت ئەكەن هەڵبژاردن دوابخرێ و تەمەنی بۆ دوو ساڵی تریش بۆ درێژ بكەنەوە! ئەمەش مەتەڵ نیە هەر هەرێمی كوردستانە.

ئەگەر پاساوی ئۆپۆزسیۆن ئەوەبێ كە لیستی دەنگدەران پاك نیە و بەشی ٤٠ كورسی پەرلەمانی دەنگی نادیارو دووبارەو مردووی تیایە و لەسەرو ئەوەشەوە تەزویرو گزی ودزی دەنگ ئەكەن وەك ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی ١٢ی ئایارا كرا  كەواتە ئەبێ بپرسین ئەی چوار ساڵی ڕابردوو چیتان ئەكرد؟ باشە نەئەبوو ئەزموونتان وەرگرتبێ كە دوو حیزبی دەسەڵات خەڵكانێكن متمانەیان پێناكرێ؟ ئەی نەئەبوو ئێوە لەماوەی چوارساڵا لایەكتان لەو بابەتە بكردایەتەوە و ڕیگە چارەیەكتان بدۆزیایەتەوە و لەگەڵ حكومەتا لەسەر ئەوە ڕێكەوتنایە كە ئەم گرفتەی بەردەوام لەكاتی هەڵبژاردنەكانا چەند بارە ئەبێتەوە چارەسەركرێ و لەو ماوە زۆرەی چوار ساڵەیا لیستێكی خاوێنتان ئامادەكردایە!

ئاخر برالە پیرەمێردی شاعیر پێش چەندین ساڵ دێڕیك پەندە شیعر ئامۆژگاری كردووین و ئەڵێ (بەو كەسە ئەڵێن ئاقڵ و وشیار   دوو جار لە جێیەك پێوەی نەدا مار) بەڵێ ئەگەر بە وشیاریەوە مامەڵە لەگەڵ حكومەتی هەرێم و جووت حیزبا نەكرێ وەك مار ئەتگەزن كە ئەمەش جێێ داخە حكومەت جێێ متمانە نەبێ.

كەواتە لە كۆتاییا ئەبێ قبوڵی بكەن كە میلەت بە هەمووتان بڵێ؛ (دەك خەجاڵەت بن لە ڕووی مەحشەرا    ئێمەش پەردەی خەم ئەیەین بەسەرا) بەداوای لێبوردنەوە لە حاجی تۆفیق بەگ "پیرەمێرد" من ئەڵێـم ئێمە پەردەی خەم نادەین بەسەرا بەڵكو ئەمەش تێئەپەڕێنین بەڵام خەجاڵەتی بەرۆكی ئێوە بەرنایا.

زەردەشتی پەیامبەریش ووتوویەتـی (مرۆڤ خۆی خوڵقێنەری قەدەری خۆییەیـی) واتە هاوڵاتیش ئەبێ هۆشیاربێ لە دیاری كردنی قەدەری خۆی.

سامانی وەستا بەكر


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە