خۆێنڕشتن لەبەسرەو ئەگەرەكانی شەڕی ناوخۆ

08/09/2018

شێرکۆ کرمانج

لەبەر چەند هۆكارێك ئەگەرەكانی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لەم ساتەوەختەدا زۆر بەهێزە لە عێراق، لەوانە:

یەكەم، میلیشیایەكی ئێجگار زۆر لە عێراق هەیە، كە چەكی جۆراوجۆریان بەدەستەو ڕاهێنراون‌و ئەزمونی شەڕیشیان هەیە. لەوەش گرنگترو ترسناكتر ئەوەیە كە میلیشیا چەكدارەكان لەژێر یەك چەتردا ڕێكخراو نین‌و سەر بە دەوڵەت یان سەنتەرێكی دیاریكراو نین ئەمە ئەگەرەكانی شەڕی ناوخۆی زۆر زیاتر كردوە.

دووەم، بوونی ڕقێكی گەورەی خەڵك لە حكومەت‌و حیزبەكان و شكستی دەسەڵاتی عێراقی لە فەراهەمكردنی سادەترین ماف و پێداویستی‌و پێویستییەكانی عێراقییەكان.

سێیەم، لاوازی هێزە سەربازییەكانی عێراق بەبەراورد بە هێزە میلیشیاكان كە ئەگەرەكانی كۆنتڕۆڵكردنی هێزە میلیشیاكانی كەمكردۆتەوە.

چوارەم، چەندین هێزو لایەنی دەرەكی دیكە، لەوانە هەندێك هێزی كوردی‌و هێزی سوننە، ئارەزوی هەڵگیرسانی شەڕی شیعە شیعە دەكەن تاوەكو هاوسەنگی هێز لە عێراق بگۆڕێت، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە كە ئەوانیش دەستبخەنە ناو ململانێكان بەئاقاری شەڕی ناوخۆی داببەن.

پێنجەم، هێزە شیعەكان زۆر لەیەكدی توڕەبوون و دابەشبوون بەسەر سێ بەرە، بەرەی عێراقی كە سەدر سەركردایەتی دەكات، بەرەی ئەمریكی كە عەبادی سەركردایەتی دەكات لەگەڵ بەرەی ئێرانی كە هادی عامری‌و قەیس خەزعەلی سەركردایەتی دەكەن.

شەشەم، هێزی دەرەكی دیكەش هەن بەتایبەتی وڵاتانی سوننە كە حەزدەكەن شەڕی شیعە شیعە هەڵبگیرسیت تاوەكو بتوانن نفوزی ئێران لە عێراق كەمبكەنەوە یان سەنگی شیعە لە عێراق كەمبێتەوە.

دیارە ئەمانە تەنیا هۆكار نین هۆكاری دیكەش هەن، بەڵام بەبوونی هەموو ئەو هۆكارانە دەكرێت بڵێین ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ زۆرە.

شێركۆ كرمانج

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی