كۆیە..

08/09/2018

عەزیز رەئوف

تۆپ باهاوێژن یان نا، بە تەیارە بێن یان بە تانك، تەقینەوە بكەن یان كاری خۆكوژی، دەزانین ئێران و توركیا لێرەن. مایەی شۆك نیە بە هاوێژانی چەند گوللەتۆپێك بۆ كۆیە توشی شۆك بین بەوەی كە ئێران هاتووە، ئێران هەمیشە لێرەیە بە خۆی و سوپا و هێز و جاسوس و قاسم سلێمانیشەوە، وەك چۆن توركیا لێرەیە بەخۆی و سوپا و جەندرمە و میت و ئاردۆگان بە خۆی و هاوبیرە كوردەكانیشیەوە. 

ئەم ئەزموونەی ئێمە لە باشور بۆتە بەڵا بۆ پارچەكانی تریش. بەڵام لەم گەمەیەدا پارتی لە یەكێتی زیاتر حیسابی بۆ دەسەڵات و هەیمەنەی خۆی كرد و یەكێتی بە ئاشكرا بارەگای كۆمەڵە و دیموكرات وەك دوو هێزی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی جێ كردەوە و بە نهێنیش بێت ژێر دەسەڵاتی یەكێتی بنكە و بارەگای هێزەكانی تری باكور و ڕۆژئاوای كوردستانی تێدایە. ئەمە بە هەر پێوەرێك بێت لەسەر یەكێتی كەوت و پارتیش ناوچەی خۆی لە ئۆپۆزسیۆنی سەرجەم پارچەكانی كوردستان پاككردۆتەوە و چەند پارتێكی بچوك نەبێت ئەوەش لە سیاسەتی خۆیەوە نزیكن. لە ئێستادا فۆكەس لەسەر یەكێتیە كە ڕێگەی بە ئێرانیەكان داوە و ژێر دەسەڵاتی پارتیش پڕە لە چەكداری توركی و بە ئاشكرا لە گوندەكان دەسوڕێنەوە و پەكەكە پاكتاو دەكەن و كەسیش ورتەی لێوە نایا. میدیای پارتی زۆر بە وردی كار لەسەر ئەجێندای حزبەكەی دەكات و میدیای یەكێتیش سەری لەم گەمەیە دەرناچێت. 

ئێمە لە باشور لە كوێی ڕووداوەكانداین؟ هەركات تورك بیەوێت دەتوانێت سنورەكان ببەزێنێت و ساتێكیش فارس بیەوێت بە خۆی و پاسدارەكانیەوە نەك گورز لە هێزەكانی نەیاری خۆی بوەشێنێت بەڵكو لە داڕشتنی سیاسەتی ئەم ناوچەیە دەستی هەیە. 

كورد لە ناوخۆی و نە لە عیراقیش ئەجێندای ڕوونی نیە و ئەوە بۆ دەوڵەتانی دراوسێش ڕاستە كە هەر زۆنە و هەر هێزە و وەلائی بۆ وڵاتێكی ئیقلیمی هەیە و خۆی و نفوز و دەنگ و سامان و كورسیەكەی دەپارێزێت. 

كورد هێشتا شەڕی چاڵدێرانی تێنەپەڕاندووە و ناوچەكە لەنێوان عوسمانی و سەفەویدا دابەش بووە و هێزە كوردیەكان و دەسەڵاتی خۆجێیی كوردی هیچ دەسەڵاتێكی لە گۆڕینی ئاراستەكانی ناوچەكە و تەنانەت ناوخۆشدا نیە و بە درێژایی پێنچ سەد ساڵی ڕابردوو ڕێك لە سەردەمی شەڕی چاڵدێرانەوە ئەم ناوچەیە كەوتۆتە بەر تەپ و تۆزی ئەسپەكانی عوسمانی و سەفەوی. 

لە بەسرە سەفارەتی ئێران دەسوتێنن، لە كۆیە تۆڵە دەكەنەوە. ئێران هەمیشە وابووە، شەڕەكە دەباتە دەرەوەی خۆی، لەم یاریە ئێران دەیەوێت چالاكوانانمان بیر بباتەوەو لە سێدارەیان بدات و هەم گورزێكیش لە پلنیۆمی دیموكراتەكان لە كۆیە بوەشێنێت.

ئەی حكومەتی هەرێم لە كوێی ئەم هاوكێشەیەدایە؟ كورد لەم ناوچەیە هەمیشە بە هێزێك دەنازێت كە نیەتی.

عەزیز ڕەئووف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی