ئێران بۆچی لەم كاتەدا بۆردومانی خەباتگیرانی كوردستانی رۆژهەڵاتی كرد؟

08/09/2018

عیماد عه‌لی

كاتێكی زۆر هەستیار و دۆڕانی جمهوری ئیسلامی لە بەسرە و سوتاندنی قونسڵیەكەی و ململانیی ئابووری لەگەڵ ئەمریكا و یەكلایی نەبونەوەی حكومەتی عیراق لە بەرژەوەندی خۆی و بە ئاسانی فەراهەمبونی ئالیەتی جێبەجێكردنی بۆردومانەكە و كۆبونەوەی سەركردایەتی و شوێنی مەشقی حزبەكانی رۆژهەڵات و ئەگەری زیانی زۆر و هەوڵدان بۆ لابردنی فۆكس لەسەر وەزعی  نێوخۆیی ئێران و كارادنەوە نێوخۆییەكانی لەسەر وەزعی ئێران لەبەسرە و خۆپیشاندانە هەمەچەشنەكانی دژ بە پرۆسەكەی قونسڵیەی بەسرە بەناوی دژایەتی كردەوەكهی بەسرە‌ و لە بنەرەتدا لە بەرژەوەندی ئۆپۆزسیۆنی ئێران و بە مەیل و فەرمانی زیاتری ئەوان و دژایەتی عیراقیەكان و هەوڵی دابرانی عیراق لە ئێران و، لە هەمانكاتدا جێبەجێكردنی فەرمانی لەسێدادەردانی شۆرشگێرانی كوردستانی رۆژهەڵات لەم رۆژەدا و ناردنی پەیامێكی عەسكەری و سیاسیش بۆ كوردستانی باشوور كە ململانێ گەورەكانی ناوچەكە و عیراق و كوردستانیش پەیوەندی راستەوخۆی بەوانیشەوە هەیە، لەگەڵ قەیرانی دەسەڵاتی سیاسی نێوخۆیی ئێران و ململانێی قورسی جەمسەرە نێوخۆییەكان، بریاری بۆردومانكردنی كۆیە زیاتر بەقازانجی سیاسی دەكەوێتەوە بۆ جمهوریی ئیسلامی ئێران نەك عەسكەری.

بەردەوامی بێ دەربەستی كورد و نەخوێندنەوەی ئەگەرەكان و كەمتەرخەمی و نەبونی هۆشیاری موخابەراتی توند و گەورە لەئاست كردەوە و جوڵەهەمەچەنەكان لەلایەن سەرجەم دوژمنان نەك هەر ئێران بەتەنها،لەگەڵ دابەشبون و نا یەكگرتووی خودی حزبەكانی رۆژهەڵات( بۆردومانی هەردوو حزبی دیموكراتی ئێرانی كردووە ئەمەش زۆر شت روونە دەكاتەوە بۆ كورد ئەگەر هۆشیار بن!)، بە ئاسانی پرۆسەیەكی عەسكەری سیاسی موخابەراتی ئاوا تێدەپەرێت و ئامانجەكانیان دەپێكن.

لە لایەكی ترەوە ئێران باش دەزانێت وەزعی نێوخۆیی عیراق و كوردستان چۆنە و ئەگەری كاردانەوە لەم بارەوە هەمیشە لاوازە و بە تایبەتی لەلایەن كوردی ملكەچەوە سفرە، بۆیە ئەم بارودۆخەی لەبەرچاوگرتووە و كۆمەڵێك ئامانجی سیاسیی نێوخۆیی و ناوچەیی لەم پرۆسەیە پێكاوە.

ئەگەر بەسرە لە ژێر دەسەڵاتی عیراق و سەروەری دەوڵەتیی خۆی هەیە و ئێران ناتوانێت لەم جۆرە كردەوانە لەم كاتەدا لەوێ جێبەجێبكات بەڵام ئەم كارە لەكوردستانی داماوی دوور لە هەرجۆرە سەروەریەك بە ئاسانی بریاری خۆی لەو باەرەوە دەدات و باش دەزانێت كاردانە‌وەی لەو ئاستەدا نابێت كە زەرەرێكی ئەوتۆی لێبدات. بەڵی ئەگەر ئەمە چەندین كێلۆمەتر لە بەسرەوە دوور بێت بەڵام پەیامێكیشە بۆ بەغدا و بەسرەش، پەیامێكیشە بۆ ئەمریكا و وڵاتانی ناوچەكەش و خۆ ئامادەكردنیشە بۆ ئەگەری سەختر كە ناوچەكە چاوەرێی دەكات، بە تایبەتی باس لەوە دەكرێت كە موشەك و فرۆكەی بێ فرۆكەوان لە كەركوكەوە هەڵدرابێت.
 
دەبێت ئەم كارە بە وردی دراسەت بكرێت و كورد لە باشوور و رۆژهەڵات پەندی لێوەربگرێت و زیانەكانی بە فێڕۆ نەچن و قوربانیان ببنە سومبولێك بۆ كردەوەیەكی شۆرشگیڕانەی كاریگەر لەكاتی دیاریكراو و تایبەتی خۆیدا. دەبێت ئەم كردەوە وەبەرهێنانی تیدا بكرێت و ببێتە هۆكراێكی رازیكەر بۆ هاوكاری لەگەڵ وڵاتانی دژ بە ئێران و بە تایبەتی ئەمریكا بۆ دوبارە روونەدانی كاری لەم جۆرە و دانانی پلانی حازربەدەستی كورد لە هەر ئەگەرێكی تر چاوەروناكرا و چاوەرواننەكراو لەم قۆناغە قورسەی داهاتووی نزیكی ناوچەكە.  

عیماد عەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی