هەمووان دژی كوردو كوردیش دژی خۆی!

09/09/2018

کامەران مەنتک

ئەو ململانێێەی لەناوچەكە دەگوزەرێت، ململانێێەكی جیۆپۆلەتیكیەو لەسەر دابەشكردنەوەی نەخشەی سیاسی جیهانەو داڕشتنەوەی شێوازێكی ترە لە سیستەمێكی جیهانی ، كە تیایدا ئەمریكا باڵا دەست نەبێت، ململانێیەكان هەر بەرگێكی ئایدیۆلۆژیان پۆشی بێت، هەر پڕەنسیپ و دروشمێك دژی یەكتر بەكار بهێنن، تەنیا شتێكی رووكەشانەیەو ململانێیە بنەڕەتیەكە ناشارێتەوە، كە ململانێیەكی جیۆپۆلەتیكیە، رووسەكان دەیانەوێت لە رێگای پڕۆژەی ئۆراسیاوە، كە چەمكێكی جیۆپۆلەتیكیەو كار لەسەر داڕشتنەوەی سیستەمێكی نوێی جیهان دەكات، رادەیەك بۆ هەژموونی ئەمریكا دابنێن، ئەمریكاش دەیەوێت لە رێگای پڕۆژەی جیهان گەرایی و پڕەنسیپەكانی دیموكراسی لیبڕاڵەوە، هەژوومونی خۆی بەسەر گۆی زەوی بچەسپێنێت. هەردوو بەرەكە‌ش كار لەسەر ئەوە دەكەن گۆڕەپانی شەڕەكان لە ولاتی خۆیان دوور بخەنەوە، تەنانەت هیزە هەریمایەتیەكانی سەر بەو دووبەرەیەش كار لەسەر هەمان شت دەكەن، بۆیە ئەو ناوچانەی قەیراناوین، وەكو عێراق و سوریا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، بۆ نمونە بوونەتە گۆرەپانی یەكلاییكردنەوەی شەڕەكان، دیارە خاكی كوردستانیش هەر لە كەنارەكانی دەریای سپی ناوەڕاستەوە، تا دەگاتە دوا خاڵ لە رۆژهەلاتی كوردستان، بە شیوەی نیمچە لاكێشەیەك بۆته ‌ بنكەی سەرەكی ئەم جەنگە، كە ئەگەرچی لە بنەرەتدا وەك جەنگێكی نیوخۆیی لە نێوان دەسەلات و ئۆپۆزسیۆنی پەرتەوازەی ئەو وڵاتانەدا نیشان دەدریت، بەڵام لە بنەرەتدا جەنگێكی جیۆپۆلەتیكی جیهانیە!.

لەو جەنگەدا هەموو ئەو لایەنانەی كوردستانیان بەسەر دابەشكراوە، ئەگەر له سەر‌ هەموو شتێك ناكۆك بن، ئەوا كۆكن لەسەر لێدانی هەموو هەوڵێكی كورد بۆ رزگار بوون، بۆیە دەبینین، لەو ماوەیەدا، سەرباری هەموو ناكۆكیەكانیان، توركیا و ئێران روسیا كار لەسەر دروستكردنی هاوپەیمانیەتیەكی سیلایەنە دەدەن، كە ئەمەش بەشێكە لە دروستكردنی پڕۆژەی ئۆراسیا، بۆ ئەوەی رێگا لە هەلوەشانەوە و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ناوچەكە بگرن، واتە ئەو هاوپەیمانیەتیە بە شیوەیەك لە شێوەكان دژی هەر هەوڵێكی سەربەخۆیی كوردانە، ئەمە ئەوە دەگەیەنیت، هەرچەندە هەڵگرانی پڕۆژەی ئۆراسیا رایدەگەنن، كەوا ئەگەر كورد لە ئەمریكا دوور بكەویتەوەو بچێتە ژێر سایەی ئەو هاوپەیمانیەتیە دەگاتە مافی ئۆتۆنۆمی خۆی، بەلام ئەوەی لە راستەقینەدا روویداوە، ریك پێچەوانەی ئەو بانگەشەیە بووە! هەرئەو هاوپەیمانیەتیه بوو‌ رێگای بۆ توركیا خستە سەر پشت . كە نەك بە تەنیا شاری عەفرین داگیر بكات، بگرە هەوڵ بدات لە رێگای گۆڕینی دیموكرافیاوە، بە دیوارێكی مرۆیی لە رەگەڤی تورك و عەرەب سنوور لەنیوان كوردستان دابڕێژیتەوە!

ئەمریكا، كە خۆی بە هەڵگری پڕۆژەی جیهانگەرایی و پرەنسیپەكانی لیبراڵ دیموكرات پێناسە دەكات، جوانترین و راستەقینەترین ترین سیاسەتی بەرامبەر مەسەلەی كورد لەسەر زاری سەرۆك ترامپ دەربڕی، كاتیك گوتی:" كورد نەتەوەیەكی ئازان، پێویستە بەكاریان بهێنین" ،زۆر لە رۆشنبیرو ئەوانەی لە سیاسەت كاردەكەن ، تا ئێستا واتیدەگەن كەوا ئەمریكا كوردی پاراستوەو ئەگەر ئەمریكا نەبوایە، ئەوا هیزە هەریمایەتیەكان كوردیان لە ناو دەبرد، لە راستیدا ئەو بیركردنەوەیە شتیكی لە راستی تیدا نیە، چونكە ئەمریكا لەو پانتاییە جوگرافیەی، كە پێی دەگوتریت كوردستان تەنیا هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندیەكانی خۆی داوە، ئەمریكا هەرگیز پشتگیری كوردی نەكردوە، هەركاتیكیش بەرژەوەندیەكانی كەوتبیتە مەترسیەوە، ئەوا ئەو كاتە بە گەرمی كەوتۆتە لێدانی كورد، بینیمان چۆن لەگەڵ توركیاو بەریتانیاو ئێران و ... هتد رێك كەوت بۆ ئەوەی كەركوك لە ژێر دەستی كورد دەربینێت، تەنانەت یەكیك لە فاكتەرەكانی دورژمنداریكردنی كورد لە لایەن هیزە هەریمایەتیەكانەوە، ئەوەیە كەوا كورد بە ئەسپی تەروادەی ئەمریكا تیدەگەن! نابێت هەرگیز ئەوەمان لە یاد بچیت كەوا لە هەشتاكانی سەدەی بیستەمدا رژیمی بەعس بە دەستخۆشی و پاڵپشتی ئەمریكا كوردی كیمیا باران و ئەنفال كرد!.

كەواتە ئەو دوو بەرەیەی ئێستا لەسەر شیوازی داڕشتنەوەی سیستەمی جیهانی كاردەكەن، هیچ شتیكیان بۆ كورد پی نیەو لەو خاڵانەی، كە دژی یەكگرتنەوەو رزگاربوونی كوردە كۆك و تەبان، بە واتایەكی تر دوژمنانی كورد ئەگەر لە هەموو شتێك جیاواز بن، ئەوا لەسەر دوژمنداری كورد و رێكن و هیچ كێشەیەكیان نیە، بەرامبەر ئەمەش كورد بۆتە چەند پارچەیەك و بە هەموو شیوەیەك دوژمنداری بەكتر دەكەن! پیم وایە هۆكاری بنەڕەتی ئەمە، جگە لەوەی كۆمەڵێك مافیاو پیاوی ئەو هێزانەی دوژمن بە كورد جڵەوی دەسەلاتی كوردیان گرتۆتە دەست، هاوكات شێوازی خەباتی كورد، كە تا ئێستا خاوەنی ستراتیژیەتیكی نەتەوەیی خۆی نیەو لە بایەخی جیۆپۆلەتیكی خاكی خۆی تێنەگەیشتوە، تا ئێستا لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیا كاردەكات، كە دیارە لە ململانێیە جیهانیەكاندا ئایدیۆلۆژیا تەنیا وەك وەك سۆفت پاوەریك بەكاردەهێنریت و ململانێیە جیۆپۆلەتیكیە راستەقینەی پێ دەشاردریتەوه!، كەواتە بۆ ئەوەی كورد كێشەی ناومالی خۆی چارەسەر بكات، پێویستی بە گۆڕینی میكانیزمی خەبات و دنیابینی و سیاسەت كردنی خۆی هەیە، ئەگەر بەو شیوەیەی ئێستا بیر بكاتەوە و نەتوانیت پێگەی جیۆپۆلەتیكی كوردستان(كوردستانی گەورە) لە ململانیكان دیاری بكات، ئەوا هەمیشە بەو شێوە دەمێنیتەوە، كە تیایدایەو رۆژ بە رۆژیش دۆخەكەی بەرەو خراپتر دەچێت، بۆیە لە كاتیكدا لەناو جەنگێكی جیهانیداینە، كە رۆژ بەرۆژ ئەو جەنگە مەترسیدارت دەبیت، دەبیت كورد بە شیوازكیی تر سیاسەت بكات و چیتر لە دووتوێی چەند حزبیكی ستۆك بوەوە سەیری رووداوەكان نەكات! دەبیت رۆشتبیران و نەوەی نوێی كورد شیوازی بیركردنەوە و خەباتی خۆی لە بناغەوە بگۆڕیت، كە نەخویندەوارو سیاسیە بازرگانەكانی كوردستان، بە هاوكاری دوژمندان و داگیركەرانی كوردستان، بە ماوەیەی دەیان سال كاریان لەسەر دروستكردنی كردووە.

كامەران مەنتك

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی