هەوڵی موسڵاندنی كەركوك

09/09/2018

لەتیف فاتیح فەرەج

جموجۆڵەكانی داعش لە سنوری پارێزگای كەركوك بە تایبەت لە سنوری هەرسێ‌ قەزای داقوق ، دوبز ، حەویجە گوماناوی و چێی پرسیارو مەترسین ، ئەوان بە نوێژی نیوەڕۆ دەسوڕێنەوەو بە ئاشكراش باسی ئەوە دەكەن كە چاوەڕوانی ئەوەن ئاخۆ حكومەت بە چ جۆرێك پێك دێت و شیعە رۆڵی چی دەبێت لەم سنورە ، بە دوای ئەوەدا ئەوانیش هەنگاوی تر دەنێن. 

جموجۆڵەكانی داعش هاوزەمانن لە تەك هەست و كەوتە گوماناوی و مەخابەراتیەكانی توركیا لە سنوری پارێزگای كەركوك ، توركیا جگە لەوەی لە پشت دروستكردنی هێزێكی میلیشیایی 600 بۆ 1000كەسی توركمانەوەیە، بە بیانوی پاراستنی بارەگاكان و هاوڵاتیانی توركمان ، میتیش بە بەردەوامی لە سنوری كەركوك ئامادەییان هەیە.

بەر لەوەی داعش دەست بەسەر موسڵدا بگرێت توركیاو داعش بەیەكەوە هەمان جم و جۆڵی گوماناویان هەبوو ،لە موسڵ و تەلەعفەرو شوێنەكانی تر هەم توركیا سەرگەرمی خولقاندنی كێشە بوو هەم داعش ماخۆلانی بوو ، بەراوردی دۆخی ئەو سەردەمەی موسڵ بە ئێستای كەركوك ئێمە دەخاتە بەردەم مەترسیەكی گەورە ، لەم رۆژانەی پێشوو داعشێك بە كوردێكی گوتبوو ، ئێمە جارێ‌ هیچ ناكەین تا ئەو كاتەی بزانین بەغداو عێراق بەرەو كوێ‌ دەڕۆن ، ئەو لەوە زیاتریش وتبووی زۆر بە سانایی دەتوانین لەم سنورە هەر شارو شارۆكەیەكمان بوێت دەستی بە سەردا بگرین ، ئایە ئەمە پرسیاری ئەوە دروست ناكات چۆن داعش لە ئێستادا دەتوانێ‌ بە تەنها خۆی هەڕەشەی لەو جۆرە بكات .

مەترسی بە موسڵكردنی كەركوك بەردەوام لەبەردەمدایەو كوردیش "بەتایبەت یەكێتی و پارتی " لە بەغداو هەولێر سێڵڤی دەست لە ملانێ‌ و یەكڕیزی دەگرن و لە كەركوكیش تەخوینی یەكتر دەكەن ، نەك تەخوین ، وێدەچێت حەزێكی كوردی ، هەبێت بۆ ئەوەی كەركوك توشی نەهامەتی گەورە ببێت ، راستیەك هەیە نابێت خۆمانی لێ‌ نەبان كەین ، عەرەبی سونە لە سنوری پارێزگای كەركوك شەڕی داعش ناكەن ، توركمانیش هەر لە بنەڕەتا بۆ شەڕ درووست نەبوونە ، تەنانەت هێزە تازەكەشیان هی ئەوە نیە شەڕی داعش بكات ، شەڕی شیعەو داعش لە كۆتایدا بە زیانی كورد كۆتای دێت ، بە تایبەت ئەگەر داعش دەست بەسەر هەر شوێنێكدا بگرن ، یان بە پێچەوانەوە ئەگەر شیعە سەركەوتووبن .

لە دۆخی ئاوادا ئایە كورد چی بكات ، كە لە ئێستادا هیچ هێزێكی چەكداری كورد لە سنوری قەزاكان و ناوشاری كەركوك و خورماتوو نیە ،ئایە ئەمەریكاو وڵاتانی دیكەو نەتەوە یەكگرتوەكان رۆڵیان چۆن دەبێت ئەگەر شتێ‌ ڕووبدات ،هەڵبەت دوای ئەو بێدەنگیەیان لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017، كە سوپاو حەشدی شەعبی پەلاماری ئەو ناوچەیەیان دا ، كە لە دەستوردا ناوچەی كێشە لە سەرەو لە مادەی 140دا رێ‌ و شوێنەكانی چارەسەری دانراوە .

لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی