پەلاماردانی كۆیەو زیاتر لە پەیامێك

09/09/2018

هیوا سەید سەلیم

رۆژی 8ی ئەیلول سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران مووشەكە زیرەكەكانی ئاڕاستەی بنكەو بارەگاكانی حزبی دیوكرات لە كۆیە كرد، ئەگەرچی تا ئێستا دیارنیە ئەو مووشەكانە لە كوێوە ئاڕاستە كراون، بەڵام ئەوەی كە روونە ئامانجە سەربازیەكەیە، بەڵام لە پشتی ئەوەشدا ئامانجی سیاسی تر هەیە،  كە ئێران وەك زیاتر لە پەیامێك بۆ زیاتر لە لایەنێك لەو رۆژە  ناردی.   
  
بەرلەوەی باس لە پەیامەكان بكەین، مەبەستمانە بڵێین ئەو كارەی كە سوپای ئێران كردی زۆر چاوەڕوانكراو بوو، چونكە دەمێكە بەو زمانە دەدوێتو چەند جارێكیش ئەو كارەی لێرەو لەوێ ئەنجام داوە،  بەڵام دیارنەبوو كە كوێ بە ئامانج دەگیرێت و چ لایەنیش دەبێت قوربانی .

ئەمەریكا لایەنی یەكەمە كە ئێران بەو مووشەكبارانەی كۆیە ئاگاداری كردەوە ، ئەو مەبەستی بوو لەو پەیامەی بۆ ئەمریكا بڵێ: نەك سلوكی خۆم چاك ناكەم بگرە دەتوانم هەمیشە مایەی هەڕەشە بم بۆ سەر بەرژەوەندیەكانتان، بەڵام بۆچی كۆیەو و حزبی دیموكرات ؟ خۆ بریار بوو ئەو بەو مووشەكانە ئیسرائیل بسووتێنێت!!

لایەنی دووەم كە ئێران وویستی وشیاری بكاتەوە دەولەتی عێراقە، دوای سووتاندنی بارەگای كونسڵیەی ئێرانی لەلایەن خۆپیشاندەرانی پارێزگای بەسرە،  ئەو سوكایەتیەی لەو پارێزگایە بە ئاڵاو هێماكانی ئێران كرا، دەبوو ئێران وەڵامێكی هەبێت،  وە بە عێراق بڵێت منیش دەتوانم سەرەوەری تۆ بخەمە ژێر پێ، كە هەمیشەش جلەوی سەروەری عێراقی لە دەستی خۆی بینیوە، بۆیە خاڵی لاوازی عێراقی لە كۆیە دۆزیەوە،  وە بەبێ حسابكردن بۆ هیچ لایەنێك ئەو تاوانە گەورەیەی  لە كۆیە ئەنجام دا كە دەیان كەس لە كادیر و سەركردە و ژن و منداڵ بوونە قوربانی.

دوایین لایەنیش كە ئێران بە مووشكبارانی كۆیە پەیامی بۆ نارد،  بریتیە لە پارتی و یەكێتی، ئەو دوو حزبەی كە ماوەیەكە كەوتونەتە بەر كوتك و سندانی ئەمەریكا لە لایەك و ئێران لە لایەكەی دی،  بۆیە ئەوان نازانن لە پرسی پێكهێنانی حكومەتی تازە لە عێراقدا خۆیان بەسەر كامە بەرە دا ساخ بكەنەوە،  هەر بۆیەشە  ئێران دێت تایبەت بە ئەو دوو هێزە،  لە رێگەی مووشەكەكانی ئاڕاستە كراو بۆ كۆیە  زیاتر لە پەیامێك بۆ ئەودووانە دەنێرێت.

پەیامە هەرە روونەكەی ئێران بۆ ئەو دوو هێزە، بریتیە لە ئەوەی كە ئەگەر بەلای بەرەی ئەمەریكا شكاندتانەوە دەبێت حساب بۆ مووشەكە زیرەكەكانمان بكەن .

دوای كارەساتەكەی كۆیە دەبێت هەمووان پەیامەكەیان وەرگرت بێت، بەر لە هەمووشیان ئەمەریكا، دەبێت ئەمەریكا وەك زلهێزێكی گەورە كە گوایە ئێران سزادەدات تا سلوكی خۆی لە دەستوەردان لە وڵاتانی ناوچەكە بگۆریت،  تێبگات ئەو وڵاتە نەك سلوكی ناگۆڕێت بگرە مووشەك بارانی كۆیە سەلماندی ئەو ولاتە سلوكی مرۆڤایەتی لەژێر پرسیارە، بۆیە ئەگەر ئەمەریكا جدیە لە دژایەتی ئێران دەبێت ئەو ولاتە وەك ئەوەی هەیە بناسێت ، تا ژیتر خەلكیش نەكرێتە قوربانی سیاسەتەكانی.
  
لێرەدا بەرپرسیارەتیەك دەكەوێتە ئەستۆی هەریەك لە پارتی و یەكێتی،  وەك دوو حزبی حوكمڕان لە هەرێمی كوردستان، كە بەرپرسیارەتی پاراستی خەڵكی كوردستان و هی تریشیان لە ئەستۆیە،  كە ئەو پرسە بە جدی لەگەڵ ئەمەریكا باس بكەن و داوای گرەنتی لێبكەن، ئەگینا هێندە ئاسان نیە  ئەوان بتوانن پارسەنگ بۆ ئەمەریكا لە عێراق ڕابگرن و بكەونە ئەو سەنگەرەی كە ئەمەریكا مەبەستیەتی، چونكە هەرێمی كوردستان بە زیاتر لە هۆكارێك بۆ ئەم هەنگاوە ئامادە نیە، چ جای ئەوەی دەولەتێكی وەك ئێران هەرەشەی لێبكات.

لە كۆتایدا مەبەستمانە بڵێین خستنەروووی دیوی دواوەی پەیامی مووشەك بارانی كۆیە بۆ ئەوە نیە لەگەڵ ئەو پەیامانە سازش بكەین، بگرە دەبێت هەوڵ بدەین قوربانیە گەورەكە لە نێوانی ئەمەریكا و ئێران وەك هەر جارێك لە جارانی ڕابردوو كورد نەبێت.

ناوچەكە لەبەردەم شەڕ و ملاملانێی گەوەرە دایە، دەرباز بوونی كوردستان لەو شەڕە بە كەمترین زیانەوە پێویستی بە یاریزانی باش هەیە كە گومان دەكرێت كەكورد ئەو یاریزانە باشە بێت.

ئەوەی تا ئێرە روونە لە نێو ئەو هەموو ململانێ دەولی و ئیقلیمی و بەرژەوەندی ولاتان، قوربانی گەورە كورد داویەتی رووداوەكەی كۆیەش گەواهی دەری ئەو قسەیەمانە بۆیە دەبێت وورد تر لە جاران هاوكێشەكان بخوێندرێنەوە. 

هیوا سەید سەلیم
 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی