تاریكـی‌و نادیاری عێراق

11/09/2018

سامانی وەستا بەكر

عێراق وەك دەوڵەتێك لەسەر نەخشەی جیھان بوونی ھەیە بەڵام لە واقیعدا وەك كیانێكی سەربەخۆ بوونی نیە و ھیچ سەروەریەكی نەماوە نە سیاسی نە زەمین و نە ئاسمانیش.

ئەو لەزگەیە یان ئەو سیكۆتینەی چەندین ساڵە چەند پارچەیەكی جیاواز لەیەك لە شێوەو بوون و ئتنیكا پێكەوە ناوەو وەك وڵاتێك لەسەر نەخشەی جیھان نمایشی پێكراوە لەوە ئەچێ كاتەكەی بەسەر چووبێ و لە ئێستاشا ھیچ لكێنەرێكی وابەھێز بوونی نیە كە تا جارێكیتر ئەو پارچە لەیەك نەچووانە پێكەوە بچەسپێنێ.

وڵات واتە كۆمەڵێ خەڵك كە چالاكیەكانیان لە چوارچێوەی ھەرێمێك و جوگرافیایەكی سەربەخۆ لە سنورێكی دیاركراوا لەژێر ڕكێفی ڕژێمێكی سیاسی دیاركراو كە خەڵكەكە ڕێئەكەون لەسەری بۆ بەرێوەبردن بەڕێوەئەچێ بەجۆرێك كە ئەو ڕژێمە سیاسیە سەرپەرشتی چالاكی ڕامیاری و ئابوری و كۆمەڵایەتی ئەكا بە مەبەستی گەشانەوە و پێشخستنی بەرژەوەندی ھاوڵاتیان و چاككردنی ژیان و گوزەرانیان.

دەوڵەت پێویستی بە جوگرافیایەكی نیشتمانی و نەتەوەیەك ھەیە كە ھەڵگری ناوەكەیــبـێ بەڵام عێراق خاوەنی نەتەوەیەك نیە بەناوی نەتەوەی عێراقەوە بەڵكو پێكھاتووە لە نەتەوەی جیاواز جیاوا لە زمان و كلتورو ئتنیك و مێژوو جواگرافیاشەوە.

عێراق خاوەنی جوگرافیایەكی نیشتمانیش نیە بەو واتایەی كە پێكھاتەكانی ئەو وڵاتە بە خاكەكەی بە نیشتمانی نەتەوەیی و بە جوگرافیای سیاشی خۆیانی بزانن بەڵكو ھەر پێكھاتەیەكی عێراق بەشێك لە زەمینی ئەو وڵاتە بە موڵك و بە سنوری جوگرافی خۆی ئەزانێ و تەنھا سۆزی نەتەوەی بۆ ئەو سنورە جوگرافییە دیاری كراوەی خۆی ھەیە و یا ئەوەتا ھەوڵەیا سوودی مادی لە پارچەكانیتر وەرگرێ یان ئەوەتا ئەگەر دەسەڵاتی ھەبێ بە خراپترین شێوەی چەوسانەوەو سزای سیاسی و دزی گەندەڵی ئەكا لە سنوری پێكهاتەكانی دەرەوەی خۆیدا.

ھەڵبەتە ھۆكارەكان زۆرن بەڵام یەكێك لە دیارترین و كاریگەرترین ھۆكاری ئەو پشێویەی ئێستا لە عێراقدا بوونی ھەیە گزی و دزی دەنگەكانی ١٢ی ئایارە بەجۆرێك حیزبە سیاسیەكان ھیچ بژاردەیەكیان بۆ خەڵك نەھێشتەوە ھاتنە سەر شەقام نەبێ. ئاخر ئەبوو دوای ئاشكرابوونی ئەو گزی و دزییە گەورەیەی دوای ھەڵبژاردنەكان ڕێز لە خواستی خەڵك بگیرایە بەڵام بە پێچەوانەوە ڕەفتاركرا.

شتێك زۆر گرنگە كە باس كرێ ئەویش ئەوەیە كە جارێكیتر عێراق ناچێتەوە قۆناغی پێش ١٢ی ئایار چونكە لەدوای ئەو بەروارەوە قۆناغێكی نوێ هاتۆتە كایەوەو كە بەرەو لێكترازان و شەڕی ناوخۆو دابەش بوون هەنگاوئەنێ چونكە چێتر ئەو متمانەیە لەنێوان تاكەكانی ئەم كۆمەڵگە لاوازو بەزۆر لكێنراو بەیەكەوە بوونی نەما و چونكە ئیتر كات بۆ بەرژەوەندی هاوبەش نەماوەو كۆی پێكهاتەكان بە نەتەوەو ئاین و مەزهەبەوە دابەش بوون بەسەر چەندین بەرەی جیاوازی هەرێمی و نێو دەوڵەتیا و چیتر بڕیار لەدەستی خۆیانا نەماوەو بەڵكو ئەوەی ئەتوانن بیكەن پاراستنی بەرژەوەندی هێزەكانی پشتی خۆیانە.
لە دروست بوونی عێراقەوە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكان و دەسەڵاتە خۆویست و سەركوتكەرەكان گەلانی عێراقیان ڕووبەڕووی چەوسانەوەو داپڵۆسین و كپ كردنی دەنگی ئازاد كردۆتەوەو بەڵام ھیچیان نەیان توانی ھێندەی ئەم ١٥ ساڵەی بەناو ئازادی دوای ڕزگاركردنی عێراق ساڵی ٢٠٠٣وە عێراق لەبەر چاوی دانیشتوانەكەی بخەن و ڕەش و ناحەزی بكەن و ھەستی جوداخوازی ھەڵوەشانەوەی وڵات لەناخی تاكەكانیا بچێنن.

ھەرچەنە بەندە باوەڕم بەبوونی شۆڕش نیە بەڵام ئەگەر ئەوەی دوای ڕووخانی ڕژێمەكەی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٣ وە ناوزەندی شۆڕشبكرێ ئەوا ئەوە كارەساتە چونكە عێراقی لە زۆردارییەوە بەرەو تاریكی و نادیار برد.

دەسەڵاتدارانی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە هیچ پەیوەندییەكیان بە خەڵكەوە نەماوە و تەنانەت سۆزی هاوڵاتی بوونیشیان لێداماڵراوە بەجۆرێك ڕەفتارەئەكەن لە دزین و بەتاڵانبردنی سامانی وەڵات كە تا ئێستا هیچ دەسەڵاتدارێكی تر و بگرە داگیركەراكانیش نەیان كردووە. كاتێ تەماشایی بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتە ئەكەی هەستی ئەوەت لا دروست ئەبێ كە هێزێكی داگیركەری ئیمپریالی سەدەكانی پێشوو دەستی بەسەر وڵاتدا گرتوەو تەنها كاری دزین و تاڵانكردنی سامانی سەرژەمین و ژێرزەمینی ئەو وڵاتەیە و خەڵكەكەی لەسەر دیكتاتۆری لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە ئەكەن و حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكانیش تەنها بۆ جوانكاری وەك بەشدارێكی دۆڕاوی مسۆگەری هەڵبژاردنەكان بەكارئەهێنرێن.

هەندێ جاریش عێراق لە پرۆژەیەك ئەچی كە نێوان چەن كۆمپانیایەكی بازرگانیا دابەشكراوەو ڕیكەوتوون لەسەر دابەشكاری كار و هەریەكە لەناوچەی خۆی كەمترین كارو زۆرترین قازانج بكا و خاونی پرۆژەكەش كە عێراقە لە مناڵێكی بی دایك و باوك یان گێلە پیاوێك یان بەزیویەكی شەڕ یان كەسێكی ئابڕوو تكاو ئەچی كە نەتوانێ هیچ بەرگرییەك لەخۆی بكا، ئێران و توركیاو ئەمریكاش نمونەی ئەو كۆمپانیایەن.

ئێران نەك ھەر ڕۆڵی سەرەكی لە سیاسەت و دیاركردنی حكومەتی عێراقا ھەیە بەڵكو بەھێزی چەكدارو چەندین میلیشیاش بوونی ھەیە كەی پێی خۆشبێ و چۆنی بوێ و كوێی بوێ بۆردمانی ئەكا وەك ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردووا كۆیە كردی. ئێران بە جۆرێك خۆی خزانۆتە ناو ووردو درشتی ئەم وڵاتەوە كە لەدوای سوتاندنی قونسوڵخانەكەی لە بەسرە تووشی سەرسوڕمان و ئابڕچوون بوو لەناوخۆی ئێرانا چونكە بەلای ئێرانەوە سەیر بوو كە خەڵكانی پەروەردە كراوی خۆیان و شیعە مەزهەب لێیان هەڵگەڕێنەوە وەك ئەوەی بڵێی ئەوەی كردیان بە بابادا چوو. لەلایەكی ترەوە بەشێكی زۆری دابەزینی بەھای تمەنی ئەو وڵاتە لەدوای سزاكانی ئەمەریكاوە ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو دەسخستنە ناوەوەی ئێران لە كاروباری عێراق ھەربۆیە بۆ لەبیربردنەوەی سوتانی قونسوڵخانەكەیان لە بەسرە جارێكیتر بە قەتڵ و عام كردنی كورد و بۆردومانی ھەردوو باڵی حیزبی دیموكراتی كوردستان لە كۆیە تۆڵەیان كردەوە چونكە چاوساغ و ھاوكاریان لە باشوری كوردستان ھەیە و زۆریش لەوە دڵنیان كە ھیچ ھیزێكی ھەرێمی و نێودەوڵەتی لەسەر كورد نایەنە دەنگ. جێی ئاماژەیە كە هاوپەیمانان وەڵامدانەوەی خێرایان بەرامبەر ئەو هێرشە موشەكییە نەبوو كە ئەمەش ئەوەمان پێئەڵێ ئەو هێرشە موشەكیانە بە موشەكی كورت هاوێژ كراوەو هەر لە ناو سنوری خاكی عێراقەوە كراوە كە ئەمەش بەڵگەی لاوازی پووكانەوەی عێراقە.

توركیا چەندین بنكەی سەربازی و قەرەقولی لە بادینان و سۆران و داناوەو بێ ھیچ گوێدانە یاسایەكی نێو دەوڵەتی ئۆپراسیۆنی سەربازی ئەكا و بەڵكو لەسەر خاكی عێراق ئاڵای وڵاتەكەشی ھەڵەكا كە ئەمەیان لە ھیچ شوێنێكی دنیایا ڕێگەپێدراو نیە، توركەكان بەجۆرێك حكومەتی ھەرێمیان دەستەمۆو زەلیل كردووە كە ھەركاتێ بیانەوێ بۆ كۆكردنەوەی دەنگبێ بۆ ھەڵبژاردنەكانی ئەو وڵاتە یان بۆ پڕكردنەوەی غەریزەی ئاژەڵی خوێن ڕشتنیانبێ ھەرێمی كوردستان بۆردومان ئەكەن و ئۆپراسیۆنی سەربازی تیا ئەنجام ئەیەن نەك ھەر ئەوەنە بەڵكو چاویان بڕیوەتە كەركوك و ئەگەر لەتوانایانابێ ئەو شارە ئەخەنە ژێر قەڵەم ڕەوی خۆیان وەك ئەوەی لە بەشێكی قوبرسا ئەیكەن.

سعودیە چۆنی بوێ لەڕێی ھاوكارو حیزبە دەستەمۆكراوەكانەوە سیاسەتی خۆی بەڕێئەكا. ھەرچی ئەمریكاو ڕوسیاو ئیسرائیلیش ھەیە بەرژەوەندی خۆیان ھەیە و سنوری عێراق بەخواستی دڵی خۆیان سنور ئەبەزێنن و سیاسەتی ئابوری و سەربازی خۆیان ئەبەن بەڕێوە. ئەمە ئەوە ئەگەیەنێ بێجگە لە پرۆتۆكۆڵێكی نێودەوڵەتی چیتر شتێك بوونی نەماوە بەناوی عێراقەوە و ئەوەشی ھەیە لەژێر تیغی چەقۆو لەتكردنایە.


ئێستا پرسیارە گرنگە ئەوەیە ئایا لە ئەگەری هەڵوەشانەوەی عێراقا  "تەنها وەك گریمانەیەك" كورد وەك كیانێكی جیاواز و بەزۆر لكێنراو بەو وڵاتەوە چۆن ڕەفتار ئەكا؟ ئایا دەرسی لە هەڵەكانی پێشوو وەرگرتووە؟ تۆ بڵیی جارێكیتر خاكی كوردستان بخاتەوە ژێر ڕەحمەتی دەنگدان و مادەیەكی هاوشێوەی ١٤٠؟ بەداخەوە مێژوو پێمان ئەڵێ كورد  یەكێكە لەو نەتەوانەی كە كەمترین سوودی لە ڕابردووی خۆی كردووە.

سامانی وەستا بەكر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی