دوای ساڵی 1991 له‌سه‌ر داوای یه‌كێتیی و پارتی و بۆ موراعاتی ئه‌زمونی باشوری كوردستان، حیزبه شۆڕشگێڕه‌كانی رۆژهه‌ڵات، خه‌باتی چه‌كدارییان راگرت. پێویست بوو ئێران به‌ده‌م ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌وانه‌وه بهاتایا، كرانه‌وه‌یه‌كی له‌ناوخۆی وڵاته‌كه بۆ كاری سیاسی و ئازادییه‌كانی كورد بڕه‌خساندایاو ده‌رگای گفتوگۆی بۆ بخستنایه‌ته سه‌رپشت. به‌ڵام ئێران پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌یكرد، به‌درێژایی ئه‌و نزیك به سی ساڵه، نزیك به 300 كه‌سی له پێشمه‌رگه و كادر‌و ئه‌ندام و لایه‌نگری حیزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی له باشوری كوردستان تیرۆر كردووه. له‌ناوخۆی وڵاته‌كه‌ش چه‌ند قاتی ئه‌و ژماره‌یه‌ی لێ ئیعدام كردوون.
حیزبه‌كانی رۆژهه‌ڵات له كه‌مپه‌كانی باشوری كوردستان، كه‌وتنه به‌ر ره‌خنه‌یه‌كی زۆر و به‌رده‌م پرسیاری ئه‌وه‌ی كه تاكه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌بن؟ له كاتێكدا ئێران هیچ ره‌حمی به‌وان نه‌كردووه. هه‌روه‌ها بینیان كه ئێران ته‌نانه‌ت موراعاتی هه‌رێمی كوردستانیشی نه‌كرد و سوپای پاسداران و حیزبوڵای لوبنان و حه‌شدی عیراق و ئه‌فغانی هێنایه سه‌ر خورماتو و كه‌ركوك و به‌نیازی گرتنی هه‌ولێریش بوو. له‌وێوه جۆرێك له هه‌ڵوێست و بڕیار لای تێكۆشه‌رانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان دروست بوو كه پێویسته ده‌ست به خه‌باتی چه‌كداری بكرێته‌وه.
چه‌ند مه‌فره‌زه‌یه‌كی پارتیزانی چوونه‌وه سه‌نگه‌ره‌كانی پێشووتریان و له شوێن و كاتی جیاجیادا كه‌وتنه چلاكی پێشمه‌رگانه. ئێران زۆر زیاتر له قورسایی و كاریگه‌ریی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ئه‌م شێوازه‌ی خه‌بات، هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ركرد و ترسی ئه‌وه‌ی لا دروست بوو كه له ئاستی نێووده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تی پشتیوانی بكرێن و وه‌ك چۆن ئێران ده‌ستی خستۆته ناو كێشه‌ی وڵاته هه‌رێمایه‌تییه‌كانه‌وه، ئه‌وانیش به‌هۆی خه‌باتی چه‌كداری كورده‌وه ده‌ست له‌ناوخۆی ئێران وه‌ربده‌ن.
ئێران هه‌ستیارییه‌كی له راده‌به‌ده‌ری بۆ دروست بوو، بۆیه چاوه‌ڕوانكراو بوو كاردانه‌وه‌كه‌شی له ئاستی هه‌ستیارییه‌كه‌ی بێت. چاوه‌ڕێ ده‌كرا له‌ناو هه‌رێمی كوردستان په‌لاماری بنكه و باره‌گاكانی حیزبی دیموكرات بدات. به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی له زاری به‌رپرسه باڵاكانی ئێرانه‌وه چه‌ند جارێك ئه‌وه‌یان دووپاتكرده‌وه كه سوپای پاسداران بیر له‌وه ده‌كاته‌وه له‌و ناوه‌ندانه بدات كه له وڵاته هه‌رێمییه‌كانه‌وه ئاراسته‌ی گروپه چه‌كدارییه‌كان ده‌كرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕواننه‌كراوو بوو، ئه‌و حسابنه‌كردنه‌ی حیزبی دیموكراته بۆ مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران. ده‌بوو حزبی دیموكرات ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاو بوایا كه عیراق و هه‌رێمی كوردستان گۆڕه‌پانێكی كراوه‌یه به‌ڕوویی ئێران‌دا بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ر كرده‌یه‌كی سه‌ربازی له دژیان. مه‌علوم بوو ئێران گورزی گه‌وره‌یان لێده‌وه‌شێنێت، به‌ڵام كه‌ی و له چی رێگه‌یه‌كه‌وه؟ ئه‌مه‌یان نه‌زانراوو بوو. ئه‌مه‌شیان پێویستی به به‌دوواداچوون و لێكدانه‌وه‌یه زیاتر له‌وه‌ی بپرسین ئێران بۆچی ئه‌مه‌یكرد؟
ئایا كاتی په‌لاماره‌كه‌ی سه‌ر دیموكرات، هیچ وابه‌سته‌ییه‌كی هه‌یه به كێشه و ئاڵۆزییه‌كانی ناو عیراقه‌وه؟ ده‌كرێ گرێبدرێت به قووڵبونه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا؟ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به ده‌رئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و خۆیه‌كلانه‌كردنه‌وه‌ی هێزه كوردییه‌كانه‌وه هه‌یه له چوونه پاڵ كام به‌ره‌ی سیاسی ئێستای به‌غدا؟ ئایا ده‌كرێ كورد له باشور ئه‌مه وه‌ك په‌یامێك وه‌ربگرێت، یاخوود به‌شێكه له‌ستراتیجی رێككه‌ووتنه هه‌رێمایه‌تییه‌كه‌ی پار ساڵ له نێوان توركیا و ئێران و عیراق و سوریا بۆ له قاڵبدانی كورد؟ ده‌بێ هێزه سیاسیه‌كانی كورد له باشور لای خۆیانه‌وه به وردی به‌دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌دا بچن.
حیزبی دیموكرات پێویست بوو وانه‌یان له شه‌هیدكردنی سكرتێر و سه‌ركرده‌كانی حیزبه‌كه‌یان وه‌ربگرتایا كه ئێران له‌چی هه‌لومه‌رجێكدا تیرۆری كردوون. له ناوجه‌رگه‌ی ئه‌وروپا و به‌حساب وڵاتانی دیموكراسی و ئازادی و مافی مرۆڤدا، ئێران ده‌ستی بگاته گه‌وره‌ترین سه‌ركرده‌كانیان و تیرۆریان بكات، چی لۆژیكێك له‌وه‌دایه گومانی ئه‌وه‌ت نه‌بێ له ناوچه‌یه‌كی ژێر هه‌ژموونی ئێران هه‌موو سه‌ركرده و كادیره‌كانت كۆبكه‌یته‌وه‌و به ئاشكرا كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی حیزبه‌كه‌ت ببه‌ستی و ئه‌گه‌ری ئه‌وه دانه‌نێی ئێران ده‌توانێ بتكاته ئامانج. به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی له دوو هه‌فته‌ی رابردوو به پشتبه‌ستن به زانیاری هه‌واڵگری، ئه‌وه بڵاوكرایه‌وه كه ئێران چه‌ند سه‌كۆیه‌كی موشه‌كی گواستۆته‌وه بۆ عیراق و هه‌رێمی كوردستان و به دڵنیاییه‌وه ئامانجه‌كه‌ش ته‌نها دیموكرات نیه.
ئه‌وه‌ی روویدا چاوه‌ڕوان كرا‌و بوو، له‌وه‌ش زیاتر چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌شكركێشی سه‌ربازیشیان بكرێته سه‌ر، وه‌ك چۆن ئێستا توركیا به ده‌یان كیلۆمه‌تر له قوڵایی باشوری كوردستان و رۆژئاوای كوردستانه به دووای په‌كه‌وه. ئه‌ی ساڵی رابردوو توركیا و ئێران و عیراق و سوریا رێككنه‌كه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له هه‌ر شوێنێ مه‌ترسیان له‌سه‌ر بوو، بۆی بچن؟ ئێستا له ستراتیجییه‌تی چوار ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری كوردستاندا، كورد به‌گشتی وه‌ك مه‌ترسی ستراتیجی ده‌بینن. به دڵنیاییه‌وه به هه‌ماهه‌نگی یه‌كتریی كار بۆ تێكشكاندنیشی ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ی له 16ی ئۆكتۆبه‌ر له خورماتوو له كه‌ركوك و له شه‌نگال روویدا، گه‌له‌كۆمه‌كێی سه‌ر عه‌فرین له رۆژئاوای كوردستان، په‌لاماری دیموكرات له كۆیه و ئه‌وانه‌شی له مانگه‌كانی داهاتوو رووده‌ده‌ن، هه‌موویان پێكه‌وه گرێدراوون و جێبه‌جێكردنی قۆناغبه‌ندی پیلانێكی درێژخایه‌نی هه‌رێمایه‌تییه له‌سه‌ر كورد.
لای من پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه كورد چی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م قۆناغه سه‌خته تێپه‌ڕێنێ؟ ئایا كه‌ره‌سه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌یه خۆی بپارێزێت؟ له كاتێكدا چه‌ك و ته‌كنه‌لۆجیای سه‌ربازی ده‌وڵه‌تانی سه‌رده‌سته به به‌راورد به چه‌كی ده‌ستی كورد، زۆر نابه‌رابه‌ره. ئایا ده‌كرێ به گۆڕینی شێوازی خه‌بات، یاخوود به بوون به سه‌رچاوه‌ی كێشه له وڵاته‌كان، ده‌وڵه‌ته‌كان ناچاری گرتنه‌به‌ری رێگه‌یه‌كی تر بكات؟ كورد ده‌توانێ له‌كوێی ئه‌و هاوكێشانه‌دابێت كه وه‌ك پێشهاتێك چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له ناوچه‌كه رووبده‌ن؟ ئایا كورد له باشور ئازایه‌تی ئه‌وه‌ی تیایه ببێته داینه‌مۆی گۆڕانكارییه‌كی سیاسی ئه‌وتۆ له عیراق كه سه‌رئه‌نجام هاوكێشه هه‌رێماتییه‌كه بگۆڕێت؟
له‌و كاته‌وه‌ی كوردستان كه‌وتۆته ژێر داگیركرایی عوسمانی و سه‌فه‌وییه‌كانه‌وه، هه‌روه‌ها له سایكس بیكۆ و دابه‌شكردنی كوردستان به‌سه‌ر چوار ده‌وڵه‌تی سه‌رده‌سته‌ی ناوچه‌كه‌وه، له هه‌ر قۆناغێكدا ئه‌م ده‌وڵه‌تانه ناكۆك و ناته‌با بووبن، ده‌روازه‌یه‌ك بۆ كورد كراوه‌ته‌وه نه‌فه‌سێك به ئازادی بده‌ن، هه‌ركاتیش ئه‌م ده‌وڵه‌تانه پێكه‌وه بووبن، كورد تیایدا بووه به قوربانی. مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌ر كورد ئێستا ئه‌مه‌یه كه هه‌ر چوار ده‌وڵه‌ته‌كه كه‌وتوونه‌ته یه‌ك جه‌مسه‌ره‌وه.
له سێ به‌شی كوردستانی داگیركراوی ئه‌م چوارده‌وڵه‌ته، بزووتنه‌وه‌ی كوردی تا ئاستێكی زۆر باڵای كردووه. ئێستا به گۆڕینی ئه‌و هاوكێشانه‌ی هه‌ر چواریانی یه‌كخستووه، چاوه‌ڕوان كراوه كورد له‌هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان قوربانی ئه‌م هاوكێشه تازه‌یه بێت. تاكه رێگه‌یه‌ك ده‌روازه‌ی رزگاربوون بۆ كورد بكاته‌وه، گۆڕینی ئه‌و هاوكێشه هه‌رێمایه‌تییه و تێكچوونی هاوپه‌یمانی چوار قۆڵی توركیا ئێران عیراق سوریایه. كه ئه‌مه‌ش به‌شێكی به‌ستراوه به ستراتیجیه‌تی تازه‌ی ئه‌مریكاوه له‌ناوچه‌كه و به‌شێكیشی كه‌وتۆته سه‌ر ئه‌وه‌ی كورد خۆی چی ده‌كات.
كێشه‌كانی ئێستای عیراق بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتوو، كاریگه‌ریی زۆر گه‌وره‌ی ده‌بێت له خزمه‌تكردن به‌و هاوپه‌یمانییه چوارقۆڵییه یان درز تێخستنی و گۆڕینی هاوكێشه هه‌رێمایه‌تییه‌كه. كورد له كوردستانی عیراق ئێستا وه‌ك دۆخێكی كاتی ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ هاتۆته پێش رۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه ببینێت له‌وه‌ی كۆتایی به‌و هاوپه‌یمانییه ده‌هێنێ یاخوود ته‌مه‌نی درێژ ده‌كاته‌وه.
عارف قوربانی
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی