کۆبوونەوەی قەرەهەنجیر!

12/09/2018

مەلا فرمان


لەبەر ئەوەی ئەم بابەتە پەیوەندی راستەوخۆی بە پرسی کەرکوکەوە هەیە، بۆیە بە پێویستم زانی بە شێوەی خاڵبەندی و لە چەند رەهەندێکدا باسی بکەم.

یەکەم : قەرەهەنجیر : یەکێکە لە ناحیەکانی کەرکوک، کەوتۆەتە سەرجادەی کەرکوک – سلیمانی بە دوری ٢٠ کم لە سەنتەری کەرکوکەوە. ئەم ناحیەیە لە سەردەمی بەعس روخێندرا، لەروی ئیداریەوە وەک ناحیە نەما، بە فەرمی بو بە سەربازگە. لەگەڵ ئەوەی بڕیاری نوێکردنەوەی لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەرچووە، بەڵام دەسەڵاتی حیزبی وەک تەواوی کێشە نەتەوەییەکانی کەرکوک خەمساردی لێکردوە، هاوشێوەی نا حیەی شوان تا ئێستا سەربازگەیە.

دووەم : کۆبونەوەکان لە رابردوداەدەکرێت بەم شێوەیە باس لەو کۆبینەوانە بکەین:
1-لە روی ژمارەوە: لە ژماردن نایەن .
2-لە روی ناوەڕۆکەوە : تەنها موجامەلەی سیاسی سواو و چەند بارەبوەوە.
3-لە روی بەرهەمەوە: لە دارێکی زڕ دەچێت . دەگێڕنەوە لە ناوچەی گەرمیان جوتیارێک دوای ٧ ساڵ زانی کە دار زەیتونەکانی زڕ و بێبەرن ، بۆی دەرکەوت کە فەرمانگەی کشتوکاڵ چ هەڵە و خەمساردیەکی گەورەی کردوە. کەچی ئەم جەماعەتە هاوشێوەی ئەو جوتیارە بە ئاگا نایەنەوە.
4-لەم حیزب گەلە هەمیشە لە پاڵ و پشتی پارتی و یەکێتیەوە بونەو وەستاون. تەنها ئەو دوانە خاوەن قسە بونە. لەو قسانەی بۆ تەلەفزیۆن کردیان پارتی و یەکێتی بەڕاشکاوی پاشکەوتنیان دا بە گوێی جەماعەتی دواوە.
5-تەنها لە کاتی سەغڵەتی پارتی و یەکێتی داوای دانیشتن بە قەڵەباڵغی دەکەن. 
دەپرسم لەکام شاندی ئەو ٢ حیزبە بۆ پرسی کەرکوک  نوێنەری جەنابتان بەشداربوە.
6-خۆنامیشکردن لە میدیاکان:  بێکەموکوڕی، بە قات و بۆینباخەوە.

سێیەم: پرسی تەعریب
بەڵێ دوای ١٦/١٠/٢٠١٧ پرۆسەی تەعریب هاوشێوەی سەردەمی بەعس دەستی پێکردۆتەوە. عەرەبەکان گەڕاونەتەوە سەر زەوی کورد. لە ٢٠٠٣ بۆ ئێستا پرسی زەویەکان چارەسەر نەکراوە. 
-٩٠% زەویە کشتوکاڵیەکانی کورد لەسەر ناوی وەزارەتی دارایی و بەرگریە.
-تاپۆی خانوەکانی کورد نەگەڕاونەتەوە بۆ خاوەنەکانیان.
-سیمای کوردانەی ئەم شارە تادێت زیاتر دەشێوێندرێت.
-بەرپرسێکی کشتوکاڵ لە کەرکوک بۆی گێڕامەوە " لە کاتی خۆی دەتواندرا بە (١٠ دە  ) دەفتەر دۆلار تەواوی ئەو گرێبەستە کشتوکاڵیانە هەڵوەشێندرێنەوە، دابین نەکرا".
-شارەزایەکی عەرەب لە کشتوکاڵ بۆ جوتیارە کوردەکانی دوبز گێڕاوێتیەوە " لە کاتی خۆی بەرپرسی کشتوکاڵی دوبز ئامادە نەبوە کار بۆ ئەو گوندانە بکات، چونکە خەڵکی ئەو گوندانە جەلالین".
لەم بارەوە دەمەوێ ئەم ٢ پرسیارە لە جەماعەتی کۆبینەوەکە بکەم:
1-کامتان سەردانی مەیدانی ئەو گوندانەتان کردوە؟ 
2-جگە لە KNN کام کەناڵ راپۆرتی مەیدانی لەسەر ئەو گوندانە کردوە؟. 
3-بۆ دەستکەوتنی وەڵامی دروست دەتوانن لە گوندەکانی نادراوە و مامە، عەلەغێر و عەمشە بپرسن.
چوارەم: 
کۆبونەوەکردن لەدەرەوەی کەرکوک دانپێدانانە بە داگیرکردنی کەرکوک و پشتیوانی رایەکەی پارتیە کە دەڵێت " کەرکوک داگیرکراوە". لێرەوەش قسەکەی سەرۆکی پارتی کە دەڵێت " تاقمیکی ناو یەکێتێ خیانەتیان کرد".
پێنجەم: چەند پرسیارێک بۆ لایەنەکان جگە لە ینک و پدک
1-لە تەشکیلاتی کەرکوک لە رابردو و ئێستا چەند پرستان پیکراوە؟
2-لە لیژنەی ئەمنی کەرکوک لە ئێستاو رابردوچەند راتان هەبوە؟
3-لە هەڵبژاردنەکان لە کامتان ساختە نەکراوە؟ 
4-لە دانانی ئەم لیژنەی ئێستا چەند راتان وەرگیراوە؟
شەشەم: متمانە
1-حیزب بۆ حیزب: تابڵێی لاوازە، زۆرجاریش نیە!.
2-خەڵک بۆ حیزب: زۆر کەمە.
3-خەڵک بە کۆبونەوە و لیژنە: سفر
حەوتەم : چیان بۆ دەکرێبەر لە ١٠/٢٠١٧ پارتی و یەکێتی حاکمی موتلەق بون لەم شارە، بکوژوببڕ تا دەگاتە دزینی سەروەت و سامان. ئێستا ئەمان و ئەوانی تریش هیجیان لە دەسەت نایە و بوێریان لە ئاستێکی نزمدایە. لێرە بە پێویستم زانی ئەم نمونەیە باس بکەم: زلەکەی کاک عەلی عەسکەری لە ١٩٦٨ لە زاکیرەی بەتەمەنەکان ماوە، ئەو زلەیەی لە بەرامبەر قەڵا لە پۆلیسێکی عەرەبی وەشاندوە.
هەشتەم: ئومێد و هیوا لەسایەی حوکمڕانی پارتی و یەکێتی  بونی هیوا و ئومێد لای تاکی کورد زۆر لاوازبوە ، بە هۆی:
1-شکستە یەک لەدوای یەکەکانای کە بەسەر ئەم شارە و هەرێمیان هیناوە.
2-نەبونی ماڵی بەرپەسەکان لە کەرکوک و ناو خەڵک، هەمو خانو و بنکە و بارەگای زیادەیان لە هەرێم هەیە.
3-دزینی سەروەت و سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی لە ٢٠٠٣ – ٢٠١٧ .
4-نادادپەروەری لە حوکمڕانیدا
5-تاکە هیوای خەڵکی کەرکوک هێزی پێسمەرگەی کوردستان بو، دوای ١٦/١٠ ئەم دو حیزبە ئەوەشیان لاوزکردوە.
6-لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی هاوشێوەی ئەوان ترس لە زکیان دەرنەچوە و سام بەری نەداون.
7-گوێ لەمشتی بەرپرسان بۆ بێگانە وای کردوە  بۆ مانەوە و خۆژیاندن لای  بەشێکی تاکی کورد خۆ بەکەم زانین و خۆبەدەستەوەدان ئاسان و عەیبی تێدانەبێت.
نۆیەم: 
1-خۆبەدەستەوەدانی یەکێتیە بە سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان
2-زاڵبونی هەیمەنەی پارتی و یەکێتیە بەسەر لایەنەکانی تردا.
3-راستیان گوتوە " بە نەزان نە وڵات و نە شار بەڕێوە دەچێت نە بریاری تەندروستیس دەدرێت، ئاشی نەزانە و خوا دەیگێڕێ".
دواخاڵ:
-رێگە چارە
1-گوڕینی دەسەڵاتی جوتحیزبی لە هەرێم. ئەمەش ئەرکی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە.
2-لایەنەکانی غەیرە پارتی و یەکێتی لەبەرەیەکدا کاری پێکەوەیی ئەنجام بدەن.
3-بوێر و نەترسانە سەردانی مەیدانی بکەن و شەقام بجوڵێنن.
4-راستەوخۆ و راشکاوانە بکەونە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا.
5-گوندنشینانی کەرکوک : ورە بەخشن، دەڵێن " گەر بەهەمەریش بەسەرماندا برۆن ماڵ جۆڵ ناکەین و لێرە ناڕۆین ". هاوکارن و بەشێکی گرنگن لە چارەسەر.

مەلا فرمان، کەرکوک، ١٢/٩/٢٠١٨

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی