هە ڵبژاردنی پەرلەمانی خاوێن

13/09/2018

بەهادین نوری

بۆ ماوەی ٤٠ ساڵە لە عێراقدا ، پاش جەنگی جیهانی یەکەم ، پەرلەمانتاران لە ساڵۆنی باڵوێزخانەی بەریتانیادا دە ستنیشاندە کران . پاش ئەوەش بۆ نزیکەی ٤٠ ساڵ سەدام حسین کە پیاوی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا بوو شتێکی بە ناوی پەرلەمانە وە دروستکردبوو کە لە ناوەڕۆکیدا پێوەندی بە پەرلەمانی ڕاستە قینەوە نەبوو . لە تەمەنی ٢٧ ساڵی ئەم حکومەتەی پارتی و یەکێتیشدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی و خودی پەرلەمان وەکو شتێکی کاریکاتێری لێهاتووە . یەکەم هەڵبژاردن لە ٩٩٢ کراو پاش کەمتر لە دوساڵ شەڕی برا کوژی دەستی پێکردەوەو هە مووشتێ تێکچوو ، هەرێم بوو بە دوودەولەتۆکە . هەڵبژاردنی دووەم لەدوای ڕووخانی سەدام لە ٢٠٠٦ کرا . لە هەمووی خراپتر ئەوە بووە کە لە هەرێمدا تا ئیستە پەرلەمانی ڕاستەقینەمان نە بووە . پەرلەمانی حیزب بووە . سەرۆکی حیزبی دەسەڵاتدار لە سەرووی پەرلەمانەوە بووە . مەسعود بەرزانی بە بڕیارێکی شەخسی دوساڵ پەرلەمانی داخست . 
خراپترین دیاردەش لە ژیانی پەرلەمانی هەریمدا ئەوەبووە کە دەسەلاتداران ڕێگەیان بە هەڵبژاردنی خاوێن نەداوە . هەمیشە تەزویر کراوە بە مەبەستی مانەوە لەسەر کورسی حکومڕانی . لە هەڵبژاردنی ٥ ی ئەیاری ئەمساڵدا تەزویر گەیشتە لووتکە . پێناچێ لە هەڵبژاردنی ئیستەی هەرێمیشدا وەزعێکی باشتر بێ . چاودیرانی سیاسی پێیا نوایە هەموو تەرتیبێ کراوە بۆ ئەوەی جوت حیزب لە بان کورسیەکە بمێنن . 
لە وڵاتێکی دواکەوتووی وەکو ئەم هەرێمەدا کە تەزویری هە مووشتێکی تێدا بۆتە کارێکی ئاسان و ئاسایی هەڵبژاردنی خاوێن دابین ناکرێ بێ ئەم ئیجرائاتانەی خوارەوە : 
١- دامەزراندنی حکومەتێکی نا حیزبی کاتی لە کەسانی تەکنۆکراتی خاوێن بۆ سەرپەرشتی هەڵبژاردن . هەر حکومرانان خۆیان سەرپەرشتی پرۆژەی هەڵبژاردن بکەن بە ئاسانی تەزویریان پێدەکرێ چ بە دەستکاری سجیلی هەڵبژاردن چ بەدەسکاری سنووقەکانی دەنگدان چ بە دانانی کارمەندانی سەربە خۆیان لە دەزگای بە ڕیوبەرێتی هەڵبژاردندا چ بە خەرجکردنی پارەی زۆر کە لە بووجەی دەوڵەت دزراوە .... هتد . هەتا خودی حکومڕانان سەرپەرشتی پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن هە ڵبژاردنی خاوێن لەم هە رێمەدا مە حاڵە . 
٢ - کۆمسوێنی بالای هەڵبژاردن دەبێ لە کەسانی یاساناسی بێلایەنی دەسپاک پێکبهێنرێ ، نەک وەکو ئەمە لە ئەندام و کەسانی سەر بە حیزبەکان ، کە زۆرینەیان سەر بە پارتی و یەکێتین و کون و کەلەبەر دەدۆزنەوە بۆ تەزویر . 
٣ - دەزگایەکی هەمیشەیی هەبێ بۆ ڕاگرتنی پاکو خاوێنی لە سجلی هەلبژاردندا ، بە مەبەستی لابردنی ناوی مردووان و کۆچکردووان و ناو نوسینی هەڵبژیرانی سالانە ( ١٨ ساڵیەکان ) و ڕێگری لە نووسینی ناو بە شێوەیەکی نا یاسایی بە مەبەستی تەزویر ... هتد . 
٤ - پێش هەموو هەڵبژاردنێ بە ٦ – ٧ مانگ دانیشتنێکی پەرلەمان تەرخان بکرێ بۆ چاو خشانەوە بە یاسای هەڵبژاردندا و دیراسەی هەر شتێ پێوەندی بە هەڵبژاردنەوە هەبێ لە نیوان هەر دوو خولی پێشوو پاشتردا . ئەم چاو پێدا خشانەوە لە ٢٧ ساڵی حکومرانی پارتی و یەکیتیدا هەر نەبوە یان بە جدی نەبوە . ئە گینا مانای بە چی ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمان هە ر ١١١ بن ، لە کاتیکدا کە ڕیژەی دانیشتوان زۆر زیادی کردووە ؟ بۆ سەر ژمێریەکی گشتی دانیشتوان ناکەن و ئەنجامەکەی بکەن بە بنەما بۆ دیاری کردنی ژمارەی دانیشتوان بە گشتی و ژمارەی کە مایەتیەکان هە تا بەو پێیە کورسیان بدرێتێ لە باتی ئەوەی ١١ کورسی لە گۆترە تەرخان بکرێن بۆ کە مایەتیەکان کە شتێکە پارتی بە تەنیا کە ڵکی لێوەر دەگرێ ؟ میللەتی کورد زەرەر مەندە لە مەو ئەو کە مایەتیانەش هیچ کە ڵکێکی لێوەر ناگرن . 
٥ – چاودیری ئەلەکترۆنی . لەم سەردەمەدا دەکرێ کەڵکێکی زۆر وەربگیرێ لە پێشکەوتنی تکنیکی ئەلەکترۆنی لە هەڵبژاردندا ، بۆ ئەوەی کەس نەتوانێ زێتر لە جارێ بچێ بۆ دەنگدان ( من لە گەنجێکم بیستووە وتی : لە هەڵبژاردنێکدا ١٢ جار دەنگم بۆ فڵان حیزب داوە ) . 
ڕێگە چارەی بنبڕکردنی تەزویر ئەوەیە کە دەسەلاتی تەزویر چی و ساختە کاری نەمینێ و ئەوانە دەسەلات وەرگرن کە ڕێز لە پرنسیپی دیموکراسی و ئیرادەی گەلەکەیان دەگرن . هیچ گومانێ لە وەدا نیە کە ئەو ڕۆژە خۆشە بە ڕێوەیە . بەڵام پێدەچێ ئەم هەڵبژاردنەی ٣٠ ئەیلولیش بە بەرژەوەندی تەزویر چیەکان کۆتایی بێت . بە شێکیش لە هۆکاری ئەمە دەگەڕیتەوە بۆ سەر لێشێواویی و لاوازی ئۆپۆزسوێنی هەرێم .

بەهادین نوری

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی