قەزای کفری لە ساڵی ١٩٤٧

14/09/2018

د.جەبار قادر

قەزای کفری، لە سەردەمی عوسمانیدا ناوی سەڵاحیە بوو، لە کاتی سەرژمێری ١٩٤٧دا لە ناوەندی قەزا و ناحیەکانی پێباز، قەرەتەپە و شێروانە پێکهاتبوو. شارۆچکەی کفری بە پێی سەرژمێرییەکە بریتی بووە لە دوو گەڕەک: ئیسماعیل بەگ، کە ژمارەی دانیشتوانی ٢٧٨٠ کەس بوونە و گەڕەکی سادەکان(السادە) کە ١٩٠١ کەسی تێدا ژیاوە. کۆی گشتی دانیشتوانی ناوەندی قەزاکە تەنها ٤٦٨١ کەس بوونە. هیچ ئاواییەک لە گەڵ ناوەندی قەزاکەدا لەم سەرژمێرییەدا تۆمار نەکراوە.
هەرچی ناحیەی پێبازە(پێواز یا باوەنور) بە هەر ٦١ ئاواییەکەیەوە ژمارەی دانیشتوانی ٥٩٥٩ کەس بووە. گرنگترین ئاواییەکانی ئەم ناحیەیە: تەپەکروز، زەردەلیکاو، جرجەقەڵا، بەکر بایف، کولیتەپە و کۆکس بوون. ناحیەی قەرەتەپە بەگەورەتین ناحیەی قەزای کفری دادەنرا. قەرەتەپەش لە دوو گەڕەک پێکهاتبوو گەڕەکی مزگەوت و گەڕەکی بازار، ژمارەی دانیشتوانی هەردوو گەڕەکەکە دەیکردە ٢٧١٤ کەس. ٩٨ ئاوایی سەر بەم ناحیە بوون، کۆی دانیشتوانیان ١٨٣٣٢ کەس بوون. گرنگترین گوندەکانی قەرەتەپە ئەمانە بوون: کوڵەجۆ، مەحمولە، عەلی سەرای سەروو، عەلی سەرای خواروو، کارێزەکۆن، کۆشک، ئۆمەر مەندان، گاوری ساڵح محەمەد، گاوری بچوک، کۆکس، شیبان، کاوخۆر، ساریتەپە، خزران، کەشکۆڵی کۆن، کەشکۆڵی تازە، سیبان، شێخ بابا، سەیدەڵان و گلیتەپە. هەموو بەسەر یەکەوە لەو ساڵەدا ٢١٠٦٩ کەس لە ناحیەی قەرەتەپە دەژیان. 
هەرچی ناحیەی شێراونەیە ناوەندەکەی سەرقەڵا بوو. دانیشتوانی سەرقەڵا زۆر کەم بوون و تەنها ٢٧٣ کەس بوون، لە کاتێکدا لە کەلار کە ئاواییەکی سەر بەم ناحیە بوو ١٠٦٤ کەس دەژیان. لە گەڵ کەلاردا ١٣٠ ئاوایی سەر بە شێروانە بوون، ژمارەی دانیشتوانیان ١٦٢٢٩ کەس بوون و هەموو بەسەر یەکەوە ١٧٥٦٦ کەس لە ناحیەی شێروانە ژایانیان بەسەردەبرد. کۆی دانیشتوانی قەزای کفری ٤٩٣٣٦ کەس بوون. لەم ژمارەیە ٤٢٦ جو، ٢١ کرستیان و ٢ سوببی هەبوون، ئەوانی دیکە هەموو موسوڵمان بوون. زۆربەی هەرە زۆری جولەکەکان ٣٣٦ لە شارۆچکەی کفری دەژیان و ٨٧ یانیش لە قەرەتەپە و تەنها ٣ یان لە ناحیەی شێروانە دەژیان. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ئەوان زیاتر لە شارەکاندا دەژیان و خەریکی بازرگانی بوون، شێروانە وەک دەڤەرێکی کشتوکاڵی بۆ ئەوان دەستی نادا، بەڵام پەیوەندی بازرگانی و ئابوریان لە گەڵ خەڵکەکەیدا زۆر بوو. 
هەرچەندە لە سەرژمێرییەکە باس لە پێکهاتەی ئەتنیکی دانیشتوان نەکراوە، بەڵام ئەو زانیارییانەمان هەیە کە ئەو دەمە بەشێکی بەرچاوی دانشتوانی شاری کفری تورکمان بوونە و لە ناو قەرەتەپەش بارەکە زۆر جیاواز نەبووە . لە هەندی لە گوندەکانیش عەرەب هەبوونە، بەڵام زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوانی گوندەکان کورد بوونە، لە نزیکەی ئەو پەنجا هەزار کەسەی کۆی دانیشتوانی قەزای کفریان پێکهێناوە، دەتوانین بڵێین زیاتر لە چل هەزاریان کورد بوونە.
کاتی خۆی لە بارەی پێکهاتەی ئەتنیکی دانیشتوانی کەرکوکەوە چەندین وتار و لێکۆڵینەوەم بەعەرەبی بڵاوکردۆتەوە، هەندێکیان لە کۆنفرانس و سیمپۆزیۆمدا لە لەندەن و شوێنی دیکە پێشکەش کراون. ئەو سەردەمانە ڕژێم مابوو و دەستمان بەئامارە فەرمی و سەرژمێرییەکان نەدەگەیشت، بەڵام ئێستا کە هەندێ لەمانەمان لە بەردەستدان، دەتوانین زۆر وردتر لەو بارەیەوە توێژینەوە بکەین. 
ئەم وتارانە بۆیە بە کوردی دەنووسم چونکە دەبێنم ژمارەیەكی بەرچاو لە خوێنەران و سیاسەتمەدارانی کورد لە بارەی ڕابردووی کەرکوکەوە شتێکی ئەوتۆ نازانن و باوەڕیان بە لێکدانەوە و بۆچوونەکانی نەیارانی کورد هێناوە. هەندێکیان لەسەر حیسابی کوردی کەرکوک ژمارە و پێگە بە پێکهاتەکانی دیکە دەبەخشنەوە بۆ ئەوەی خۆیان بە کەسانی باش نمایش بکەن، بەقەولی خەڵکی شارە حەیاتەکە "بەئاوی حەمامەوە پیاوەتی دەکەن". ئەم خوێنەوار و سیاسەتمەدارانە، کە بۆ خۆیان ڕۆژێ لە کەرکوك نەژیاون، زۆر جار بەچاوی گومانەوە سەیری ئەم جۆرە نووسینانەی ئێمەومانان دەکەن و بە لێکدانەوەی توندڕەوی کوردانە و ناسیۆنالیستانە لەقەڵەمدەدەن. ئەمە هەندێکی بەرهەمی خۆ بەکەم زانینە و هەندێکی دیکەشی دووڕوویی و کەڵەکەبازییە. بەڕێزێك پێشنیاری کردبوو کە ژمارە و ئامارەکان لە خشتەیەکدا پێشەکەش بکەم بۆ ئەوەی خوێنەر باشتر لێیان تێبگات، بۆچوونەکەیم پێ باش بوو, بەداخەوە کاتێک دامنا زانیارییەکان تێکەڵ بوون، بۆیە لامدا و هیوادارم دوای دەسکاری کردنی دایبنێمەوە.

سەرچاوە:
المملکە العراقیە، وزارە الشۆون الإجتماعیە، مدیریە النفوس العامە، إحصا‌و السکان لعام ١٩٤٧، الجز‌و الپانی، لوا‌و الموصل- لوا‌و کرکوك- لوا‌و السلیمانیە- لوا‌و أربیل، بغداد ١٩٥٤

دکتۆر جەبار قادر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی