كوشتنی ژنێك !

15/09/2018

دانا سه‌عدی‌

هەفتەی ڕابردوو لە ڤیەننا ژنێكی كورد بە دەستی كوڕێكی كورد بەرچەقۆ درا و كوژرا ،سەرباری ئەوەی هەردووكیانم لە دوورەوە دەناسی ، بەڵام بەو كارەساتە ئێجگار ناڕەحەت بوم.

 لەسەر ئەم ڕووداوە تراژیدیایە لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان زۆر بابەت وكۆمێنت نووسران ، كە ئاماژەبون بە دەربڕینی بڕێك لە تووڕەبون ، سەركۆنەكردن،  نائومێدی ، هەڵچون ،سۆز ، هەستبرینداری و   هاوخەمی .
  
سەرەتا نەموویست  لەبارەیەوە بنووسم ، پاش ئەوەی دڵنیابوم  لایەنێكی گرنگ لەسەر مۆتیڤی ئەم ڕووداوە بەهەندوەرنەگیرا و باسێكی ئەوتۆی لەبارەوە نەكرا ، بە پێوویستم زانی بە چەند دێڕێك ئاماژەی پێبكەم .

كوشتن یان هەوڵی كوشتن بەهەر پاساوێك بێت نامرۆیی و پێشێلكاریه ، بەشێكە لەدڕندەیی مرۆڤ ، دوورە لە ڕێزگرتن لە ئازادی تاك و  جیاوازیەكان ، هەروەها بنپێ خستنی یاساشە، چون  جگە لە یاسای جەنگەڵستانی  بكەرانی تاوان هیچ یاسایەك یان دەقێك لەئارادا نین ماف بداتە كەسێك یان ڕەگەزێك  تا مافی ژیان لەبەرامبەر بە ئامانجی سڕینەوە ، بسێنێتەوە.

 لەو باوەڕەدام  مرۆڤ وەك تاوانبار لە دایك نابێت تا دواتر لەگەڵ گەورەبونی جەستەیدا تاوانی گەورە ئەنجام بدات ، بەڵكو ئەوە لایەنە پەروەردەیی و دەروونی و كۆمەڵایەتیەكانن ، هەروەها گرفتی دارایی و سیاسی و تووندەڕوێتی ئایینین كە دەبنە پاڵنەر .

 هەموو تاوانبارێك سەرەتا خودی خۆی قوربانیە ، قوربانی ژینگەی ناتەندرووستی سیاسی ، نەتەوەیی ، ئایینی ، پەروەردەیی ، كۆمەڵایەتی ، خێزانی ، سایكۆلۆژی و.... تاد ، كە لە ئەگەری نەگرتنەبەری بەدواداچون و چاودێری و چارەسەری درووستدا دەشێت لە فۆرمی خەمۆكی و ئاڵودەبون و تووندوتیژیدا ڕەنگبداتەوە و دواجار حاڵەتی تراژیدیای وەك ئەمەی ڤیەننایان لێبكەوێتەوە .

ئەم چەند دێڕەی سەرەوەم بۆ داكۆكیكردن نەبون لە كردەی تاوان، یاخود بەرگری لە  ئامڕازەكانی تووندوتیژی و كوشتن ،بەڵكو بڕابونمە بەهەبونی هەموو ئەو كێشە زۆرو تاوانە زەق و نامرۆیانەی لە كۆمەڵگەی كوردی و تاراوگەدا  بێ چارەسەری بنەڕەتی ئامادەن ، كەڵەكەبون ، ڕاستە ڕاماندەچڵەكێنن ، بەڵام تەنها بۆ ماوەیەكی كاتیی ، دوایی لەبیر خۆمانیان دەبەینەوە .

گەورەترین گرفتی جەوهەری كۆمەڵگەی ئێمە ئەوەیە زیاتر لە سەر ئەنجام دەدوێت وكاردانەوەی خێرای هەیە ، لەبری ئەوەی بە هۆكارەسەركیەكانیەوە سەرقاڵ بێت و كاراكتەرێكی چاكخواز بێت بۆ ڕێگەلێگرتنیان .   

بە كورتیەكەی با تەنها لەبەر تاوانەكانی ڕابردوو خەم دامان نەگرێت ، بەڵكو با پێشوەخت خەمێك یان مشورێك لە قوربانیەكانی ئەمڕۆ و تاوانبارەكانی سبەی بخۆین ،  پێش ڕوودانی دیی چاوەڕوانكراو ، چون ئەوانە  تاكی كۆمەڵگەی ئێمەن ، جا لێمان دووربن یان نزیك.

 

دانا سەعدی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی