سپاردنی قەیران بەقەیران

15/09/2018

لوقمان مستەفا ساڵح

وا بڕیاربوو لەگەڵ هەڵبژاردنی پەڕلەماندا وهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێمیش بەڕێوەبچێ،  بەپێی مادەی یەكەمی یاساكە، دەبووهەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەماندا ئەنجام بدرێت و هەنگاوەسەرەتاییەكان و بنەماكانی دیموكراسی لە هەرێم جێگیرببێت و دەستاودەستكردنی دەسەڵات لەكوردستانیش ببێتە كلتوور. بەڵام..بەهۆی كێشەو ناكۆكی نێوان لایەنەسیاسیەكان لەسەرئەم پرسە ئەو پۆستە هەڵپەسێردرا.!

 هەرچەندە لە بەشێك لە هۆكارەكانی دانانی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هاتووە: (لە هەر سیستەمێكی سیاسی‌دا سەرۆكێك هەیە، یەكیتی گەل و ووڵات بەرجەستە دەكات‌ و بە ناوی ئەوەوە لەسەر ئاستی سیاسی و نێو دەوڵەتی دەدوێت و وەك سەرۆكی باڵای ڕاپەڕاندن چاودێری بەرژەوەندییەكانی هاوڵاتیان دەكات و پاڵپشتێكی سەرەكی یە بۆ سەقام گیری باری سیاسی و پێشكەوتنی كۆمەڵگا).

بەڵام بە داخەوە  ئەم پۆستە چارەنوس ساز وگرنگەی گەلەكەمان لە هەرێمەكەی ئێمەدا بۆ بەرژەوەندی حیزبی بە شەخسەنەكراوە.

كێشەو ململانیە سیاسیەكان وایكرد كە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان پڕۆژە یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كە لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووەوە لە چەند خاڵێكدا گەڵاڵە كرابوو،خرایە دەنگدانەوە،لە ئەنجامدا بە زۆرینەی دەنگی ٣٩ پەرلەمانتار لە بەرانبەر دەنگی ١٥ پەرلەمانتاردا پەسەندكراو پۆستەكە هەڵپەسێنرا.
 
بەپێی مادەی یەكەمی یاساكە، هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەماندا ئەنجام نادرێت.

بەپێی ماددەی دووەم یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم ژمارە دووی ساڵی ٢٠١٧ بەردەوامدەبێت. 

لە مادەی سێیەمدا بە پێویست زانراوە، خولی پێنجەمی پەرلەمان لە ماوەی ساڵی یەكەمی تەمەنیدا و لەژێر ڕۆشنایی بنەما گشتییەكانی دەستوردا، بڕیار لەسەر چارەنوسی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بدات.

لە مادەی چوارەمدا جەخت لەوە كراوەتەوە كە كار بە هیچ دەقێكی یاسایی ناكرێت كە پێچەوانەی حوكمەكانی ئەو یاسایە بێت.
 
لە مادەی پێنجەمیشدا هاتووە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان یاساكە جێبەجێبكەن لەدوای پەسەندكردنی لەلایەن پەرلەمانەوە.

بەپێی مادەی شەشەم، یاساكە لە ڕۆژی دەرچونیەوە كاری پێدەكرێت و لە ڕۆژنامەی وەقائیعی كوردستان بڵاودەكرێتەوە.

پەسەندكردنی ئەم پرۆژەیە  لەكاتێكدابوو نزیكەی ساڵێكە سەرۆكایەتی هەرێم بێ سەرۆكە، لەگەڵ ئەوەشدا دامەزراوەكە هاوشێوەی ڕابردوو لە كارەكانی خۆی بەردەوامە.بەڕای زۆرینەی چاودێرانی سیاسی و پسپۆڕانی یاسایی چارەسەركردنی ئەم كێشەیە بەم شێوەیە ئانیەو هەر وەكو مووچە پاشەكەوت كراوە، لەخولی داهاتویشدا ئومێدی چارەسەركردنی لێناكرێت،چونكە هیچ شتێك لەبابەتی كێشەكە گۆڕانی بەسەردا نایات. 

هەر بۆ وەبیر هێنانەوە  دوای دەركردنی یاسای ژمارە یەكی ساڵی 2005ـی سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، كاك مەسعود بارزانی لە 12-5-2005 وەكو یەكەم سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە پەرلەمان ھەڵبژێردرا و سوێندی یاسایی خوارد. دوای تەواوبوونی خولی سەرۆكایەتیەكەی وەك هەر سەرۆكێكی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەیتوانت وابەئاسانی دەست بەرداری پۆستەكەی بێت،لەئەنجامدا قەیرانێكی قوڵی بەدوای خۆیداهێنا.

ڕێك پێچەوانەی  لۆلا داسیلڤای ،سەرۆكی پێشوی بەرازیل، كە نزیكەی (30) ملیۆن كەسی لە هەژاریی رزگاركرد و وڵاتەكەی كردە هەشتەمین زلهێزیی ئابوریی جیهان، دوای هەشت ساڵی سەرۆكایەتی، سەرەڕای داوای زۆرینەی هاوڵاتیانی بەرازیل بۆ هەمواركردنی دەستور و مانەوەی بۆ ویلایەتێكی دیكە، بەڵام ئەو رازی نەبو و وازی لە كورسی سەرۆكایەتی هێنا . كاتیك ماوەی سەرۆكایەتی كۆتایی هات زۆرینەی خەلكی بەرازیل رژانە سەرشەقام بۆئەوەی ویلایەتەكەی بۆجاری سیهەم دریژبكریتەوە. بەلام گوتی هەرگیز قبول ناكەم ویلایەتەكەم دریژبكریتەوە، چونكە بۆماوەی ٢٠ سال خەباتم بۆدیموكراسی ودادپەروەری كۆمەلایەتی تەرخانكردوە.

بەڵام مەخابن لەمەڕ هەرێمەكەی ئێمە فریاد ڕەسێكی هاوشێوەی لۆلاداسیلڤای تێدایە نیە تابگریان بیهێنینەوە و دەسبەردارمان نەبێ ودەسبەرداری نەبین.

لەگەڵ ئەوەشدا لە مانگی (ئایاری/٢٠١٨)دا سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەبری وانەیەك لە ووڵاتان و نەتەوەكانیترەوە وەرگرێ،هەستا قەیرانی بە قەیران چارەسەركرد،پاڵپشت بە پرۆژەكەی هەردوو فراكسیۆنی گۆڕان و یەكگرتوو، كە تەنها باسی لەوادە و دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كرد، بەهیچ شێوەیەك ئاماژە بە دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نەكرد، لە كاتێكدا پێویستە هەردوو هەڵبژاردنەكە لە یەك رۆژدا ئەنجام بدرێت، بە پێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ژمارە (١ی ساڵی ٢٠٠٥) هەمواركراو، كەدەڵێت (دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە كات وساتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان عیراقدا ئەنجام دەدرێت).

لوقمان مستەفا ساڵح


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی