هەڵبژاردنی ئەمجارە

18/09/2018

نزار ئەحمەد


لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا چوار خولی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە و لەبەردەم خولی پێنجەمی هەڵبژاردنەکانداین. چوار هەڵبژاردنی رابردوو هەریەک تایبەتەمەندیی و گرنگیی خۆی هەبووە لە کۆنتێکستە مێژووییەکانیاندا.

هەڵبژاردنی ساڵی 1992، یەکێک بوو لە گرنگترین ئەزموونە دیموکراسییەکانی مێژووی نەتەوەکەی ئێمە، ئەو هەڵبژاردنە گواستنەوەی دەسەڵاتی شاخ بوو بۆ دەسەڵاتی شار، بەڵام ناکۆییەکە بەردەوامەکان و بەدواداهاتنی شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی، سەلماندی کە هێزە سیاسییەکانی ئێمە چەند نا کامڵن لە ئەزموونی دیموکراسیی و دەسەڵاتی مەدەنیدا.

هەڵبژاردنی ساڵی 2005، یەکێکە لە هەڵبژاردنە سارد و سڕەکان لەمێژووی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی هەرێمی کوردستاندا، ئەو هەڵبژاردنە کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوای رووخانی رژێمی بەعس، بەبێ هیچ کێبەرکێیەکی ئەوتۆ بەڕێوەچوو، تێیدا یەکێتی و پارتی و چەند پارتێکی دیکە بەیەک لیست بەشدارییان کرد و تێیدا جگە لە 7 کورسیی، هەموو کورسییەکانی دیکەی پەرلەمانیان مسۆگەرکرد.

گەر هەڵبژاردنەکەی 2005 ساردو سڕترین هەڵبژاردن بووبێت، ئەوا لە 2009 گەرموگوڕترین هەڵبژاردن ئەنجامدرا، ئەویش بەهۆی لەدایکبوونی لیستی نوێ و رکابەریی توند و دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز. لەو هەڵبژاردنەدا بۆ یەکەمجار لیستی گۆڕان بە سەرۆکایەتی نەوشیروان مستەفا بەشداریی کرد و توانی 25 کورسیی پەرلەمان بباتەوە و گۆمی سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا بشڵەقێنێت و قەبارەی هێزە دەسەڵاتدارەکان بەتایبەت یەکێتی، تا ڕادەیەک بچووک بکاتەوە.

هەڵبژاردنی ساڵی 2013 درێژکراوەی هەڵبژاردنەکەی چواری ساڵی پێشتر بوو، حزبەکان تا ڕادەیەک بەهەمان ئەنداز دەنگیان هێنایەوە و پارێزگارییان لە کورسییەکانیان کرد لە پەرلەماندا. لەنێوان ئەو دوو هەڵبژاردنەشدا هەرێمی کوردستان شاهیدی چەندین رووداوی سیاسیی گرنگ و مێژوویی بوو، کە بەشی زۆریان لە ئەنجامی ململانێ توندەکانی پارتە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنەکان بوون.

هەرچی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستانە تا ڕادەیەک گرنگیی خۆی هەیە بەو پێیەی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانییە دوای سەرهەڵدانی داعش و قەیرانی دارایی و ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و رووداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەر. بۆ ئەم هەڵبژاردنە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەبەردەم پرسیارێکی گەورەدان، ئایا لەبڕیاردان بۆ متمانەبەخشین بە حزبێک مێژووی رووداوەکان لەبەرچاو دەگرن، تەتەڵەی هەڵوێستە باش و خراپەکان دەکەن، یاخود وەک بەشی زۆر لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو، دەقی خۆیان بە دەنگدان بە لیستێکی دیارییکراوەوە ناشکێنن و هەمان ئەو حزبانە هەڵدەبژێرنەوە کە 27 ساڵە حوکمی ئەم هەرێمە دەکەن؟

نزار ئەحمەد شەریف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی