شەڕێكی نوێ‌ لەبەر دەرگاكەماندایە

21/09/2018

نەبەز گۆران


ئەم حیزب و لایەنانە، زۆر رووداوی مەترسیدار لە خەڵكی هەرێم دەشارنەوە، لەكاتێكدا پێش ئەوەی رووداوەكان رووبدەن، ئاگادار كراونەتەوە كە روودەدەن. زیاد لە هەفتەیەكە تیمێكی _ئەمریكی_، كە پێكهاتوون لە شارەزای سەربازیی و سیاسیی و ئابووری، هاتوونەتە _عێراق_ و پاشان هەرێم. ئەم تیمە زۆر كەس و لایەنیان بینیوە، زۆریش بە راشكاوی بە كەس و لایەنەكانیان راگەیاندوە،_ 5_11_ ئەمریكا بە شێوەیەكی رەسمی ئابڵوقە دەخاتە سەر _ئێران_. لەم رۆژانەی رابردوودا (رۆحانی) لە وتارێكیدا وتی: " ئەمریكا خەوندەبینێت گەر پێی وابێت دەبێت نەوتی جیهان بفرۆشرێت و، نەوتی ئێران نەفرۆشرێت." 


ئەم چیرۆكە تازەیە دەستپێدەكات، چیرۆكێكی ئاسان نابێت بۆ ئێمە. هەرێمی كوردستان لەنێوان ئەم دوو زلهێزەدا كەرەستەی بەرگری نییە. پێناچێت تەنها چیرۆكەكە بە _ئێران_ كۆتایی بێت و، چاوەرواندەكرێت بۆ _توركیا_ش هەمان چیرۆك دووبارە بكرێتەوە. لەم نێوانەدا ئەوەی گرنگە هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەیەتی. با وا بیربكەینەوە ئابڵوقەكە دەستێپێكردوە و، ئەمریكا فشاری بۆ سەر_عێراق_ دروستكرد سنوورەكانی بەسەر _ئێران_دا داخست، هەرێم لەم كاتەدا چ رێگایەكی دیكەی هەیە بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە؟ ئەی پەرچەكرداری _ئێران_چی دەبێت؟ ئەی ئەگەر هەمان چیرۆك بۆ _توركیا_ دووبارە كرایەوە، ئێمە لە هەرێم رێگا نوێیەكانمان چین، تا نەكەوینە ژێر هەیمەنەی ئەم ململانێیەوە و باجی قورس نەدەین و گەمارۆكەش نەبێتە گەمارۆ بەسەر ئێمە؟ لەرووی بازارەوە ئێمە لە ئێستادا دوو دەرگامان هەیە بۆ خۆژیان، دەرگای _ئێران و توركیا_ گەر ئەو دوو دەرگایە داخران چی؟ گەر یەكێكیان داخرا ئەویتریان دەتوانێت دۆخەكە رابگرێت؟ 


پێدەچێت سەركردە حیزبییەكانی هەرێم لەم دۆخەدا سەرقاڵی هەڵبژاردن بن و، خەریكی دونیا بچوكەكەی حیزب بن! نایانەوێت بیر لەوە بكەنەوە دوای دوو مانگی دیكە هەرێم دەكەوێت ناو دۆخێكی چاوەرواننەكراوەوە. (هەڵبەت بۆ منی هاوڵاتی جێگای خۆشحاڵییە ئەو دوو مۆدێلە سیستەمە حوكمرانییەی ئێران و توركیا كۆتاییان بێت.) ئەما بۆ من گرنگە هەرێم لەم ململانێیەدا پشكی زۆری بەرنەكەوێت، تەنها چەكێكیش بەدەست هەرێمەوە بێت، خۆرزگاركردنییەتی لەو دۆخە و نەهێڵێت ببێتە بەشێك لەو ململانێییە.


_ئێران_ مەترسیدارە. كاتێك رووبەرووی گەمارۆكە دەبێتەوە، دەستدەكات بە لێدان لەبەرژەوەندییەكانی_ئەمریكا_ لەناوچەكەدا. ئەو گورزانەشی دەیوەشێنێت هەمیشە بە جۆرێك ئەنجامیدەدات خۆی ئامادەیی تێدا نەبێت و، بەهێزە سێبەرەكانی دەرەوەی خۆی ئەركەكان جێبەجێدەكات. چاوەروانناكرێت پەرچەكردارەكانی _ئێران_ پەرچەكرداری ئابووری بن، بەڵكو بە شێوازە میلیشاییەكە دەبن، بەتایبەت لەو شوێنانەی باڵادەستی هەیە. سنووری نێوان _هەرێم و ئێران_ سنوورێكی فراوانە و چەندین دەروازەش بەیەكەوە دەمانبەستێتەوە و، بەشێكی بازارەكەشمان لەسەر كاڵای ئێرانییە، كاتێك گەمارۆكە دەست پێدەكات ئیدی ئەمە گۆرانكاری بەسەردا دێت. چ سیاسییەكان و چ بازرگانەكان، پێش ئەوەی چیرۆكەكە رووبدات، دەبێت بۆ رێگایەكی دیكە بگەڕێن، تا ئەو گەمارۆیە نەبێتە گەمارۆش بەسەر هەرێمەوە و تا ئەو شێواندنی ئاساییشە نەبێتە شێواندنی ئاسایشی هەرێم. 


لەوانەیە هەڵەبێت راستەوخۆ بیرمان بچێت بۆ رێگای _توركیا_ چونكە چاوەرواندەكرێت ئەم ئیدارە نوێییەی ئەمریكا_ هەمان نەخشەی _ئێران_ بۆ ئەویش دووبارە بكاتەوە. گومانم لەوەنییە لەم شەڕەدا كەروودەدات، هەرێم بتوانێت بەبێ‌ ئازار تێپەڕێت. حیزبە كوردییەكان لەبری پیاهەڵشاخان بەیەكتریدا لەسەر كورسییەكی پەرلەمانی، باشترە لە ئێستاوە بیربكەنەوە بۆ خۆرزگاركردن لەوەی بریارە رووبدات.


هەموو ئەگەرە مەترسیدارەكان شایەنی ئەوەن پێش ئەوەی رووبدەن، بیریان لێبكرێتەوە و چارەسەرێكیان بۆ بدۆزرێتەوە. گەمارۆكەی سەر _ئێران_ هەمان گەمارۆ كۆنەكەی سەر_عێراق_ە، كە تا ئەم چركەساتەش كاریگەرییەكانی بەسەر كۆمەڵگەكەمانەوە ماوە. _ئێران_یش، دەوڵەتێك نییە بیەوێت بە ئاسانی تەسلیم بێت، لەبری تەسیلم بوون هەموو رێگا نادروستەكان دەگرێتە بەر. ئەوەی جێگای سەرسامییە بێخەمی سەركردە حیزبییەكانی هەرێمە لەوەی كە بریارە رووبدات! هەموویان ئاگاداركراونەتەوە چی روودەدات، كەچی وەك هەموو چیرۆكەكانی تر، دەیانەوێت رووبدات و كێشە دروستبێت پاشان لەبری چارەسەر بیخەنە ئەستۆی یەكتری!


ئەو نەوتەی لە ئێرانەوە دەڕوات ئەگەر راگیرا، چی روودەدات؟ ئەو بەنزینەی لە ئێرانەوە دێت ئەگەر راگیرا چی روودەدات؟ ئەو كاڵا و خۆراك و میوەیەی لە ئێرانەوە دێت ئەگەر راگیرا چی روودەدات؟ ئەگەر _ئێران_ بۆ فشار خستنە سەر ئەمریكا دەستیكیكرد بە تێكدانی ئارامی ئەو شوێنانەی هاوپەیمانی _ئەمریكان_ چی روودەدات؟ ئەگەر _ئێران_ لە رێگای میلیشا سێبەرەكانییەوە شەرێكی لەناوچەكەدا هەڵگیرساند چی روودەدات؟ ئەمانەو دەیان پرسیاریدیكە پاش _5_11_ پێویستیان بە وەڵامە و كاتەكەش زۆر كەمە بۆ دۆزینەوەی وەڵامی دروستی ئەم پرسیارانە. بەڵام پێویستە خەڵكی ئەم هەرێمە بزانن، شەرێك هاتووەتە بەردەرگاكەمان و لەبری بیركردنەوە بۆ خۆلادان لێی، هەموو لایەك سەرقاڵی دونیا بچوكەكەی حیزبن و، خەمەگەورەكەیان لەبیركردوە بۆ خەمی بچوكی ناو هەڵمەتی هەڵبژاردن و پەلاماردانی یەكتری. پاش _5_11_ چارەنووسی ئەم هەرێمە لەبەردەم هەرەشەی گەورەدایە. ئەگەر عەقڵێكی دروست ئیدارەی ئەم رووداوە نوێیە نەدات، وەك راوێژكارێكی كۆشكی سپی لە _بی،بی،سی_ وتی: " ئەگەر ئاگامان لە كوردەكان نەبێت، ئەوەی بەدەستیان هێناوە لە دەستیدەدەن."



نەبەز گۆران

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی