حیزبی كلكە دەمانچە

22/09/2018

هاوكار حسێن

كاتێك ئەو دیمەنە قێزەونەم بینی، كە بەڵتەجییەك بەكلكە دەمانچە سەروگوێلاكی گەنجێكی نانەوا دەكوتێتەوە، دەمودەست گفتوگۆیەكی نێوان خۆم و محامییەكی كەنەدیم هاتەوە یاد. 

لەو ماوەیەی رابردوو، بۆ سۆراخی كەیسێكی پەنابەران، سەردانی محامییەكم كرد، كابرا زانیاری وردی هەبوو لەبارەی كوردستانەوە، بەو پێیەی پێشتر دەستوپەنجەی لەگەڵ كەیسی كوردەكان نەرمكردبوو. 

لەگەرمەی موناقەشەكەماندا وتی: "با بەكورتی پێت بڵێم، هەر كوردێك دێتە كەنەدا، هەر چیەك بێت كێشە نییە، بەس ئەندامی یەكێتی و پارتی نەبێت؟"، پێش ئەوەی بڵێم بۆچی، ئەو درێژەی پێدا: "ئەو دوو حیزبە مەترسین بۆ سەر ژیانی خەڵك، هێزی چەكداری مەترسیدار و میلیشیایان هەیە، زیندانی نهێنیان هەیە، خەڵك دەڕفێنن، ئەشكەنجەی هاووڵاتییانی خۆیان دەدەن".

جا واز لەوە بێنە، كە ئەم قسەیە تەواو راستە، چونكە كەس دەناسم، لەدەمی دەرچووە وتویەتی ئەندامی یەكێتیم، پاش نزیكەی سێ ساڵ هێشتا چارەنوسی بەهەڵواسراوی ماوەتەوە، بەڵام تۆ وەرە بیربكەرەوە، خەڵكێك هەیە، هەزاران میل لەیەكێتی و پارتییەوە دوورە، دەزانێت ئەو دوو هێزە، هی ئەوە نین مرۆڤ لەبن دەستیاندا هەست بەئارامی بكات، كەچی دەیان مل پان و قات و بۆینباخ لەبەری كوردت هەیە بەناوی رۆشنبیر و رۆژنامەنووس، دەیان ساڵە بە بەر چاوییەوە ئەم دوو هێزە میلیشیایە كەرامەتی مرۆڤی ئێمە دەشكێنن، هێشتا ئەو ڕوو قایمانە رەسم لەگەڵ هەڤاڵی بەڕێز دەگرێت و ئاڵای ئەم دوو حیزبە لە ملی شۆڕی دەئاڵێنێت. 

كورد دەڵێت: "دار، كە لار بوو، سێبەرەكەشی لار دەبێت"، هێزێك خەریكی دەمانچە بەخشینەوە بێت لەكاتی هەڵبژاردندا، ئێ خەڵاتكراوەكانیشی دەبێت هەر كلكە دەمانچە بوەشێنن. 

هێزێك خیانەتی نیشتمانیت بەداستانی تەروادە پێبفرۆشێتەوە، ئێ دەبێت هەر گروپێك لە بەڵتەجی لەدەوری خۆی خڕبكاتەوە. 

هێزێك ئەندامەكانی بەشەق لەمامۆستاكانی وڵاتەكەی بدات، مرۆڤ دەبێت بەچی روویەكەوە رۆژی دەنگدان بچێت پەنجەیان بۆ مۆربكات؟

هاوكار حسێن

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی