فازڵ میرانی و یەكڕیزی

22/09/2018

لەتیف فاتیح فەرەج

ئەسڵی یەكڕیزی لای فازڵ میرانی ئەوەیە بڵێت پارتی بەرهەم ساڵحی قەبوڵ نیە ،راستیەكە ئەوەیە خۆ ئەگەر یەكێتی ئەرسەلان بایزو مەلا بەختیاریشیان دانابا ، پارتی هەر ئەوەی دەگوت ، چونكە پێشتر مەحمودە سور گوتبووی سەرۆككۆماری مافی پارتیە ، دەی دیارە بۆ مافی ئەوانە ، ئەی ئەوان نەبوون باسی موفلیسی بەغداو كۆتا هاتنی پەیوەندی هەرێم و عێراقیان دەكرد ، دیارە بۆ میرانی ئەوە زۆر ناخۆش بوو كە كاتی خۆی ئاڵای كوردستان لە سەر حەمرین بوو ، ئاخر دروشمی " یاحەمرین یا ئەمرین " دروشمی یەكێتی بوو ، ئەوەش میرانی قەڵسدەكات .
پارتی لە بانگەشەی جیابوونەوە لە عێراقەوە ئێستا پەیتا پەیتا دەرگای بەغدا دەكوتێ‌ بۆ پۆست ، ئەوەش یەكڕیزی ، هەر ئێستا كە سەرۆكی پارلەمانی عێراق بە داوەتی فەڕمی بارزانی لە هەولێرە  ، نێچیروان لە بەغدا هەڵپەی ئەوەیەتی دەنگ بۆ پارتی كۆبكاتەوە ، جا خۆش ئەوەشە سبەینێ‌ دەڵێن خەڵكی تر یەكڕیزی تێكدەدەن ، رەتكردنەوەی بەرهەم ساڵح لە لایەن پارتیەوە لەبەر ئەوە نیە مەلا بەختیاری قەبوڵە یان كەسێكی تر ، مەسەلەكە لە بنەڕەتا ئەوەیە یەكێتی پرسیان بە بارزانی نەكردوە كە بەرهەم دێننەوە و دەیكەنە كاندید، ئەوەشیان كردبا دۆخەكە هەر وادەبوو ، هەر ئەو میرانیە ماوەیەك لەمەوبەر سوێندی دەخوارد كە نازانێ‌ كێ‌ كاندیدی پارتیە بۆ سەرۆككۆماری .
ئەم سیاسەتەی پارتی سیاسەتی پەرتكەو زاڵبەیە ، بۆ ئەمە پارەو پرسی ئاكارو پۆست و زۆر شتی تر بەكار دێنێت ، بۆ نمونەهەر بەو شێوەیە لە كەركوك یەكێتی پارچە پارچە كرد ، ئێستاش یەكێتی وەك ئەوەوایە نیوەیان پارتی بن ، مەبەستم لە سەری سەرەوەیە ، یەكێتی تا ئێستا لەم سیاسەتەی پارتی نەگەیشتوە هەر تێشیناگات .
یەكڕیزی لای پارتی و میرانی بەشەرتی ئەوەیە هەموو لە ژێر سایەو فەرمانی بارزانیدا بن ، هەر بەو جۆرەش باسی یەكڕیزیان كردووە ، بۆ ریفراندۆمە توركیەكەش هەروایان كرد ، ئەوەی نەچووە ژێر فەرمان و سایەی بارزانیەوە خائین و خاكفرۆش بوو ، سەیر ئەوەبوو ، بۆ ریفراندۆم ئەوانەی وتیان نا هەرخائین بوون لای پارتی ئەوانەی وتیشیان بەڵێ‌ هەر بە خائین لە قەڵەمدران ، وەك ماڵباتی برایم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی كە دەروێشەكانی بارزانی هیچ نەما پێیان نەڵێن ، بڕۆن سەیری كتێبە ناشرینەكەی حامید گەوهەری كەن .
لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی