سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا و بەیاننامەكەی یەكێتی

22/09/2018

شاخەوان برایم عەبدوڵڵا


لە دوای هەڵبژاردنی عێراق، سەرباری ئەوەی پارتی داوای پۆستی سەرۆككۆماری كردووە، بەڵام هەمیشە داوای كردووە پۆستەكە لە رێی گفتوگۆ و دانوستانی نێوان لایەنە كوردییەكان و بەتایبەتی پارتی و یەكێتی بە دەستنیشانكردنی كاندیدێكی كورد كە هەموو هێزەكان پێی رازی بن، یەكلایی بكرێتەوە. بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا بەبێ گەڕانەوە بۆ رەئی پارتی و تەنانەت بەبێ رازیكردنی تەواوی سەركردەكانی خۆی، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دكتۆر بەرهەمی كردە كاندید بۆ پۆستەكە و دەمودەست وەك كاردانەوە مەلا بەختیار كۆبوونەوەی سەركردایەتیی یەكێتی جیهێشتوو و دواتریش زنجیرە چاوپێكەوتنەكەی لە تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان راگرت، پێش ئەویش پارتی كاندیدكردنی دكتۆر بەرهەمی رەتكردەوە.
چوونی نێچیرڤان بارزانیش بۆ بەغدا و ئەنجامدانی زنجیرەیەك كۆبوونەوەی لەگەڵ حەیدەر عەبادی و نووری مالیكی و عەممار حەكیم و چەند لایەنێكی تر، ئەمە یەكێتی تەنگەتاوكرد، بەوەی ئەگەر پارتی كاندیدی خۆی پێشكەشبكات، لایەنە عەرەبییەكان دەنگ بە دكتۆر بەرهەم نادەن و بەوەش یەكێتی پۆستەكە لەدەستدەدات، ئەگەرچی ئێستا پارتی داوای دەكات، لەبەر ئەوەی هەم دەنگی یەكەمە و هەمیش پۆستی سەرۆكایەتیی هەرێم كار ناكات، تا هەڵبژاردنی خولی شەشەم.
یەكێتی گلەیی لەو سەردانەی نێچیرڤان بارزانی دەكات، بەڵام لە راستیدا پێویست بوو یەكێتی پێش كاندیدكردنی دكتۆر بەرهەم بە تاكلایەنانە رەچاوی ئەوەی بكردایە، چونكە پارتیش سووربوو لەسەر پۆستەكە، ئەگەرچی من پێموایە ئەگەر یەكێتی بەفەرمی داوای بكردایە، رەنگبوو پارتی رازی بووایە، وەك ئەوەی پێشووتریش رازی بووە، بەڵام یەكێتی جۆرێك بێمنەتی كرد و كاندیدی راگەیاند، كە لەوەدا هەڵەی كرد و ئیدی لە بەغدا دەكەوێتە قۆناغێكی سەخت و لە ئەگەری هەڵبژاردنی كاندیدی پارتی و یەكێتی رەنگە ئەوەی پارتی براوە بێت، بەوەی زۆرترین جولە دیپلۆماسییەكان لە هەولێرن و یەكێتیش تەنیا رۆڵی تەماشاكەرلا دەبینێت.
یەكێتی گلەیی لە پارتی دەكات گوایە تاكلایەنانە چووەتە بەغدا، بەڵام خۆ دەبوو یەكێتی بیری لەوە بكردایەتەوە كاتێك ئەوان تاكلایەنانە كاندیدیان دیاری كرد، پارتیش هەڵوێستی دەبێت، دەبوو بیر لەوە بكەنەوە بەبێ پارتی رەنگە نەتوانن كاندیدەكەیان سەربخەن و سەرباری ئەوەی نێوانی پارتی لەگەڵ شیعەكان خۆش نییە، بەڵام دەبینین هەتا جارێك شاندی شیعەكان سەردانی یەكێتی دەكات، دەیان و بگرە زیاتریش سەردانی پارتی دەكات، ئەمەش واقیعە و دەبوو یەكێتی لە بیری بووایە، ئێستاش ئەو سەردانەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا لەم قۆناغەدا رەهەندی سیاسی قووڵی لە پشتەوەیە، بەوەی قۆناغەكە هەستیارە و هەم دەبێ حكوومەت دروستبكرێت و هەمیش پۆستی سەرۆككۆمار پڕ بكرێتەوە، ئەوەی من لە بەیاننامەكەی یەكێتی خوێندمەوە جۆرێك ترسە لەوەی ناتوانێت كاندیدەكەی بكاتە سەرۆككۆمار ئەگەر پارتی رەئی لەسەر نەبێت، واتە بەبێ پارتی یەكێتی توانای ئەوەی نییە دكتۆر بەرهەم بكاتە سەرۆككۆمار.
شاخەوان برایم عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی