بەرهەم ساڵح‌و دووبارەكردنەوەی ئەزموونی كۆسرەت رەسوڵ

23/09/2018

مەحمود یاسین كوردی

گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ نێو یەكێتی ئەگەرچی بە زیانی شەخسی خۆی لە ئێستاو ئایندە دەشكێتەوە، بەڵام هەنگاوێكی دروست بوو بەرەوە كۆكركردنەوەی دەڤەری سلێمانی و چارەسەركردنی كێشە نێوخۆییەكانی یەكێتی و سپاردنی سەرۆكایەتی كۆماریش بە كەسێكی دیبلۆماسی و شارەزا لە سەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی. گەرانەوە و بەربژێركردنی بەرهەم ساڵح بە دەنگی زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی بوو، بەڵام لە ساتەوەختی راگەیاندنی ئەم هەواڵە تا ئەم چركە ساتە پارتی دژایەتی خۆی بۆ بەژێركردنی بەرهەم ساڵح راگەیاندووە، لە كاتێكدا بە پێی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان هەر دوو حیزب ئەو پۆستە بۆ یەكێتی دراوە بەو پێییە ئێستا پۆستی سەرۆكی حكومەت و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لای پارتییە، بەشێك لە دەسەڵاتەكانی دیكەش لای سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییە كە ئەویش لای پارتییە.

دژایەتی پارتی یاخود بڵێن دژایەتی كاك مەسعود بارزانی بۆ بەرهەم ساڵح هیچ پاساوێكی موقنعی نییە جگە لە رقێكی شەخسی و هەڵسەنگاندنێكی نادروست لە لایەن كاك مەسعوودەوە، كە بە پێی ئەزموونیش بارزانی لەو ململانێییە شەخسیانە سەركەوتوو نەبوو، چ لەگەڵ كاك كۆسرەت رەسول چ لەگەڵ نووری مالیكی.

لە هەڵبژاردنی راستەوخۆی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە 2009 كاك مەسعود بارزانی بە دەنگی یەكێتی و بە كەمپنی مام جەلال بووە سەرۆك كەچی بە هۆی بوونی پێگەی جەماوەری لە هەولێری پایتەخت دژی كاندید بوونی كاك كۆسرەت بوو بۆ جێگری سەرۆك لە كاتێك لە ساڵی  2005 لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتی كە لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرا هەر كاك كۆسرەت پۆستەكەی وەرگرت بوو كەچی بە هۆی رقی شەخسی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم نزیكەی 3 ساڵ بەتاڵ بوو لە هەموو كۆبوونەوەیەكی مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی كاك مەسعود دەیگوت لەگەڵ مام جەلال یەكلای دەكەینەوە كاتێكیش لەگەڵ مام جەلال دوو قۆڵی دادەنیشت دەیگوت كاك كۆسرەت نا با كەسێكی دیكە بێت لەگەڵ من بگونجێ بەڵام بە سووربوونی كاك كۆسرەت و پشتیوانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی دواجار كاك مەسعود ملی بۆ داخوازی یەكێتیدا لە ئازاری 2012 كاك كۆسرەت وەكو جێگری سەرۆك لە پەرلەمانی كوردستان بەبێ ئامادەبوونی بارزانی لە مەراسیمەكە سوێندی یاسای خوارد كەچی ئەوەی لە ریفراندۆم و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر راستگۆیانە تا دوا دەقە لەگەڵ بارزانی مایەوە بۆیە دەركەوت هەڵسەنگاندنی كاك مەسعود بارزانی بۆ ئەو پیاوە دروست نەبوو لە كاتێكدا سوپای عێراقی و حەشدی شەعبی لە بەردەم دەروازەی هەولێر بوون كاك كۆسرەت رەسول خاوەنی هێزی سەربازی و جەماوەریش بوو پشتیوانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئیقلیمیش هەبوو بۆ دەرپەڕاندنی پارتی لە هەولێر كەچی نەیكرد كەچی بارزانی 3 ساڵ دژایەتی ئەو پیاوەی كرد و نەیهێشت ببێتە جێگری سەرۆك.

ئێستا هەست دەكەم كاك مەسعود بارزانی لە رەتكردنەوەی بەرهەم ساڵح هەمان هەڵەی كاك كۆسرەت چەند بارە دەكاتەوە، بەڵام پێداگری و سووربوونی سەركردایەتی یەكێتی رۆڵ دەبینێت تا چەند لەگەڵ بڕیارەكانی خۆیان راستگۆن و پشتیوانی تاكە بەربژێرەكەی خۆیان دەكەن وەكو پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمان پێش بەرێوەچوونی ریفراندۆم یاخود دەچنە ژێرباری داخوازییەكانی پارتی!.

مەحمود یاسین كوردی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی