یەكێتی یاری بەكلكی شێر كرد

24/09/2018

رێبوار کەریم وەلی

(1)
ئەڵبەتە ئەگەر نێچیرڤان بارزانی قەبوڵی كردبایە ببێ بە بەربژێری پارتی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار، بێ هیچ ئەملا و ئەولا و بە مسۆگەری سەرۆكی داهاتووی وڵاتی بەناو عێراق دەبوو. تا دوا ساتەكانیش و پێش ئاشكراكردنی ناوی بەربژێری پارتی بۆ ئەو پۆستە، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پێداگر بوو لەسەر ئەوەی كە دەبێ نێچیرڤان بارزانی ئەو پۆستە وەربگرێت، بەڵام رەنگبێ باشترین بەهانەی نێچیرڤان بارزانی ئەوە بووبێت كە توانای قسەكردن بە زمانی عەرەبیی نییە!

دەمێكە سەرۆك بارزانی ئەوەی لای خۆی یەكلاكردووەتەوە كە نە ئەو پۆستە و نە پۆستی پارێزگاری كەركووك نەدرێتەوە بە یەكێتی و لە بەرامبەریشدا یەكێتی چ پۆستێكی لە بەغدا دەوێ بیانداتێ. سادەترین ئارگیۆمێنتی سەرۆك بارزانی ئەوەیە كە "با یەكێتی لە سێ خولی رابردوودا كە پۆستی سەرۆككۆمار (بە خول و نیوەكەی تاڵەبانیشەوە) لای ئەوان بووە، سێ دەستكەوت بۆ گەلی كوردستان بژمێرن كە بەهۆی ئەو پۆستەوە بەدی هاتووە، ئەو كاتە ئاساییە بۆ جاری چوارەمیش داوای بكەنەوە!"

سەرباری ئەوەی كە پارتی چەندینجار بە یەكێتی گوتووە ئەمجارە ئەو پۆستەیان پێنادرێتەوە، هەفتەی رابردوو یەكێتی بێ گەڕانەوە بۆ پارتی دكتۆر بەرهەم ساڵحیان بۆ ئەو پۆستە كاندید كرد. ئەڵبەتە پارتی لەوە بێخەبەر نەبوو، چونكە دەیزانی بەرهەم ساڵح چەند مانگێكە لەگەڵ ماڵباتی تاڵەبانی لە گفتوگۆدایە بۆ گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتی و، لە بەرامبەریشدا بەربژێر بكرێت بۆ پۆستی سەرۆككۆمار. 

لێرەدا تەنها رەزامەندیی پارتی پێویست بوو كە لەو چوارچێوەیەدا چەندجارێك یەكتریان دیت، بەڵام پارتی هیچ بەڵێنێكی پێ نەدان. رەنگبێ ئەگەر بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتی نەبووایە، ئێستا شانسی زیاتری هەبووایە، بەتایبەت كە پێشتر لەگەڵ بڕیاربەدەستانی پارتی لە دەرەوە لەوبارەیەوە كۆبووتەوە و، تەنانەت دەكرا وەك كەسێكی تێكنۆكرات ببێ بە كاندیدی هاوبەشی پارتی و یەكێتی. 

بەڵام تازە ئیتر درەنگە، پارتی هەم بەربژێری هەیە و هەم ئیشیشی بۆ دەكات، بە تایبەتی كە توانی رۆژی دەنگدان بۆ ئەو پۆستە لە پەرلەمانی بەغدا دوابخات بۆ دوای هەڵبژاردنەكانی 30ی ئەیلول و، بەمەش رێگەی نەدا لە ساڵیادی ریفراندۆمی سەربەخۆییدا، سەرۆك بۆ وڵاتی بەناو عێراق هەڵبژێردرێت. تەریب لەگەڵ ئەوەشدا بێ گەڕانەوە بۆ یەكێتی كار بۆ سەرخستنی كاندیدەكەی دەكات و پشتئەستوورە بەوەی كە هەموو لایەك (بە ناوخۆیی، ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەوە) مەمنوونی ئەوەن پارتی پۆستی سەرۆككۆمار وەربگرێت تا پەیوەندییەكانی بەغدا و هەولێر ئاسایی ببنەوە.

پارتی بەتەمای چییە؟
(2)
راستییەكەی پارتی دەستی لە یەكێتی شووشتووە و پێیوایە شتێك بەناوی یەكێتی نەماوە، ئەوەی ماوە جگە لە چەند كەسایەتییەكی شۆڕشگێڕ و جەماوەرێكی دڵسۆز، ئەوەی دیكەی هەمووی بریتییە لە سەفەقاتی پارە، بەرتیل و سەرانەستاندن. حیزبێك كە هیچ روانگایەكی ستراتیژیی بۆ ئایندە نییە و دابەش بووە بەسەر دەیان گرووپی مافیایی. هەر لەو روانگەیەشەوەیە كە ئەمجارەیان ئامادە نییە بە هیچ شێوەیەك پۆستی سەرۆككۆمار بدرێتەوە ئەوان، چونكە  بەردەوامیی یەكێتی لەو پۆستەدا مانای ئەوەیە كە پارتی مۆری بەڵێ بۆ ئەو هەموو كارە نایاسایی، قازانجە با هێندراو و دەسەڵاتە مافیاییەی تاقمەكانی ناو یەكێتی لێدەدات. هەر بۆیەشە سەرۆك بارزانی دەرگای خۆی بەسەر هەموو موبادەرەیەك كە بەو ئاراستەیەدا بێت، داخستووە، مەگەر ئەوەی یەكێتی لەو رووەوە تەنازول بكات.

قسەكانی نێچیرڤان بارزانی لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە هەولێر پەیامێكی روون و ئاشكرا بوو، ئەو گوتی: "رابردوو سەلماندوویەتی كە شەراكەتی لاواز، لەرزۆك و بێ بەرنامە زیاتر كۆسپ دروست دەكات، نەك پێشكەوتن"، ئەوە پەیامێكی روونە كە پارتی بەدوای حكومەتی زۆرینەوەیە لە دوای 30ی ئەیلول و، منەتیشی بەوە نییە كە لێكەوتەی ئەو ململانێیە چی دەبێت، تەنانەت ئەگەر كۆتاییەكەی بەوەش بگات كە كوردستان ببێتەوە دوو ئیدارە.

لەوەش زیاتر گرنگە یەكێتی لەو هەنگاوەی ئێستایدا ئەوەی لەبەرچاو بێت كە ئەگەر كاندیدی یەكێتی تەنانەت بتوانێ لە پەرلەمانی بەغداش سەركەوتن بەدەست بێنێت، پارتی ئامادە نییە دانی پێدا بنێت، پەیامی پارتی بە كورت و كرمانجی بۆ یەكێتی و هەموو هێزە عێراقیەكانیش ئەوەیە كە: "نە دانی پێدا دەنێین و نە رێگەش دەدەین پێ بنێتە هەولێر"!

فیكەی حەرامزادە!
یەكێك لەو ئەسبابانەی كە پارتی بەو شێوەیە گیری بە بەرهەم ساڵح داوە و كردوویەتی بە هێڵی سوور، پشتیوانیی لاهوری جەنگییە لەو پیاوە كە لای پارتی هێڵی سوورە. جیا لەوەش یەكەمجارە جووت خوشكەكە (هێرۆ و شاناز) لەگەڵ پارتیدا یەك هەڵوێستیان هەیە و تەنانەت لە داخی بەرهەم ساڵح حەز دەكەن ئەو پۆستە بەر پارتی بكەوێت! لاهور وا خۆی نیشان دەدات كە فراكسیۆنەكەی یەكێتی لە بەغدا هەموویان سەر بە ئەون، بەڵام هێرۆ برایم ئەحمەد بە راشكاوی بە پارتیی راگەیاندووە كە بەرهەم ساڵح كاندیدی ئەوان نییە و تەنانەت لەتیفی جەمالی خەزێنەش (دكتۆر لەتیف رەشید) نەكشاوەتەوە. بۆیە 18 دەنگەكەی یەكێتیش لە بەغدا سەد لە سەد بۆ دكتۆر بەرهەم مسۆگەر نین.

خۆی گوتەنی قەرار نەبوو لاهوری جەنگی لەم هەڵبژاردنانە هیچ قسەیەك لە قازانجی زڕئامۆزاكەی (قوباد) بكات، بەڵام بەو دوو قسەیەی كە لە بازیان كردنی، هێندەی دیكە كاری دكتۆر بەرهەمی لەبەرامبەر پارتیدا قورس كرد، كاتێك پارتییەكانی بە "سەگ" شوبهاند! بەڵام راستییەكەی دكتۆر بەرهەم خۆی خەتابارە كە بە پەتی ئەو دوو كەسەوە (لاهور و بافڵ) خەریكە دەچێتە ناو بیرێكەوە بنی دیار نییە. ئەوان پاداشتی 16ی ئۆكتۆبەریان لە بەغدا وەرگرتووە و تازە لەوێ هیچ حیسابێكیان نەماوە.

رێبوار كەریم وەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی